نێچیرڤان بارزانی بۆ ترەمپ و ھاوسەرەکەی: دڵمان لاتانە

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا کە ئەمڕۆ ھەینی بڵاویکردەوە بەھەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو ھاوسەرەکەی دەڵێت "دڵمان لاتانە"، ئەوەش بەھۆی تووشبوونی ھەردوکیان بە ڤایرۆسی کۆرنا (کۆڤید - 19)
نێچیرڤان بارزانی، لە تویتەکەیدا بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و میلانیا ترەم،ی ھاوسەری نووسیویەتی "دڵمان لاتانە، نزا دەکەین سەرجەم بەرکەوتووانی کۆرۆنا بە زوویی چاکببنەوە".
ئەمڕۆ هەینی 2ی تشرینی یەکەمی 2020 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند "ئەمشەو من و خانمی یەکەمی ئەمریکا ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنامان پۆزەتیڤ دەرچوو. راستەوخۆ دەست بە پرۆسەی چارەسەری و کەرەنتینە دەکەین و پێکەوە ئەمە تێدەپەڕێنین".
پزیشکەکەی ترەمپ رایگەیاندووە، دۆخی تەندروستیی سەرۆکی ئەمریکا "باشە" و "بەبێ هیچ دابڕانێک" لە ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت. وتوشیەتی "ئەوان ئێستا هەردووکیان تەندروستییان باشە و پلانیان هەیە لە ماڵەکەیان لە کۆشکی سپی بمێننەوە".
دوو رۆژ لەمەوبەر یەکێک لە راوێژکارە نزیکەکانی سەرۆکی ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بوو، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ ترەمپ بە یەک فڕۆکە گەشتی کردووە بۆ ئۆهایۆ، کاتێک یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەنێوان بایدن و ترەمپ بەڕێوەچوو.
هاوکات کاتێک ترەمپ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن چوو بۆ ویلایەتی مینیسۆتا، ئەو راوێژکارەی لەگەڵدابوو. رۆژی سێشەممەش کاتێک لە کلیڤلاند لە فڕۆکەی تایبەت بە سەرۆکی ئەمریکا دابەزی، ماسکی نەبەستبوو.
سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا هەواڵی تووشبوونی ئەو راوێژکارەی راگەیاند و وتی "راوێژکار هۆپ هیکس، کە زۆر بە باشی کاری کردووە و پشوویەکی کەمیشی وەرنەگرتووە، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە".
بڕیارە لە 15ـی ئەم مانگە لە مەیامیی فلۆریدا دیبەیتی دووەمی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ جۆ بایدن بەڕێوەبچێت، تووشبوونیشی بە کۆرۆنا دیارنییە کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو دیبەیتە دەبێت یاخود نا.
ئەوەش لەکاتیکدایە تەنھا یەک مانگی ماوە بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا کە لەسەرەتای مانگی 11دا بەڕیوەدەچێت.
