روسیا‌و ئێران نیگه‌رانن له گواستنه‌وه‌ى چه‌کدارى سورى بۆ ئازه‌رباینجان

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
له په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فونیدا هه‌ردوو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ڕوسیا و ئێران، نیگه‌رانى خۆیان له گواستنه‌وه‌ى چه‌کدارى میلیشیاى سورى هاوپه‌یمانى تورکیا بۆ شه‌ڕى ئه‌رته‌ساخ له‌نێوان ئازه‌رباینجان و ئه‌رمینیا ده‌ربڕیوه و داواى ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنى ده‌که‌ن.
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێکى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى روسیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2ى تشرینى یه‌که‌مى 2020، سێرگى لاڤرۆڤ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامداوه.
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که، هه‌ردوولا به‌وردى باسیان له بارودۆخى هه‌رێمى "ئه‌رته‌ساخ" کردووه و تیایدا دژایه‌تى خۆیان بۆ شه‌ڕ و ململانێ به‌رده‌وامه‌که ده‌ربڕیوه، هه‌روه‌ها نیگه‌رانى خۆشیان له به‌شدارییکردنى چه‌کداره نایاساییه‌کانى لیبیا و سوریا و ناردنیان بۆ ئه‌و شه‌ڕه کردووه.
له به‌شێکى دیکه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه: وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و روسیا داواى ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنى شه‌ڕه‌که و ئاگربه‌ستیان کردووه، به‌پێویستیان زانیوه گرژییه‌کان که‌مبکرێنه‌وه و ڕێگریى له په‌یامى هانده‌ر و کرده‌وه‌ى سه‌ربازى بکرێت.
