ئەو کوردەی تۆمەتبارە بەئەنجامدانی هێرشە موشەکییەکەی هەولێر کێیە؟
کاتێک ئەمریکا لەساڵی 2019 قەدۆی سزادا، لەکاردانەوەدا وتی هەندێ»نۆکەرو بەکرێگیراوی ئیسرائیل» لەکوردستان زانیاری هەڵەیان لەبارەی منەوە داوە

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشە موشەکیەکەی هەینی رابردووی هەولێر، پەنجەی تۆمەت رادەکێشن بۆ وەعد قەدۆ کەکوردێکی شەبەکەو وتەبێژی هێزەکانی لیواى (٣٠) حەشدى شەعبیەو لەلیستی تیرۆری ئەمریکادایە.
دوای هێرشەکان وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەو موشەکانەى ئاڕاستەى هەولێر کراون لەسنورى لیواى (٣٠)ى حەشدى شەعبیەوە بووە. چەد رۆژێک دواتر هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی وت کە ئەوان وەعد قەدۆ بە تۆمەتبار دەزانن کە لەپشتی هێرشەکەوە بووە.
لیوای (30) حەشدی شەعبی کەهەموویان شەبەکن و ههواداری ئێرانن ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامە لەبێزارکردنی دانیشتوانی دەشتی نەینەوا بەمەبەستی پتهوکردنی کاریگەریی خۆی لەو ناوچە زۆرینەیە سوننەیە.
شەبەک بە نەتەوەی کورد هەژمار دەکرێن و لەنزیکەی (70) گوندی دەشتی نەینەوا لەخۆرئاوای هەولیر نیشتەجێن و زۆرینەیان شیعە مەزهەبن و شێوەزاری قسەکردنیان سەر بە شێوەزاری گۆرانە.
دوای گرتنەوەی موسڵ لەچنگی داعش لەساڵی 2017، حەشدی شەعبی دەستی گرت بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی نەینەوا، لیوایەکیان پێکهێنا بۆ شەبەک کەنزیکەی (500) چەکدار دەبوون، بەسەرۆکایەتی وەعد قەدۆ (ئەبو جەعفەر شەبەکی) بەڵام کاتێک مستەفا کازمی بوو بەسەرۆک وەزیران لەفەرماندەی هێزەکە دوری خستەوە بەهۆی زۆری سکاڵاو گازەندەکان لەسەری، کەسێکی تر لەجێگەی دانرا، بەڵام دواتر وەعد بوو بەوتەبێژی هێزەکە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتی راگەیاند، «وەعد قەدۆ، سەرکردەی حەشدی شەعبی لەپشت هێرشە موشەکییەکەی سەر شاری هەولێرە».
وتیشی «وەعد عەدۆ لەلایەن هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحەوە پشتگیری دەکرێت و ناویشی لە لیستی سزادراواندایە، چەندین تاوانی لەناوچەکانی ژێردەستی لیوای (30) هێزەکانی عێراق ئەنجامداوەو سەرپەرشتی کردوون».
زێباری ئاماژەی بەوە کردووە، رووداوی موشەکەکانی هەولێر بەپلەی یەکەم نامەیەک بوو بۆ ئەمریکاو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەوڵێکیشە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ئەمریکاو ئێران لەسەر خاکی عێراق.
ساڵی پار وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر فەرماندەی فەوجی (30) وەعد قەدو (ئەبو جەعفەر شەبەکی) لەسەر ئەنجامدانی «گەندەڵی و پێشێلکاریی جددیی مافی مرۆڤ».
وەزارەتەکە رایگهیاند «ئەندامانی دانیشتووانە ناوخۆییەکە دەڵێن فەوجی (30) بەرپرسە لەتاوانی گەورەی وەک تۆقاندنی جەستەیی و دزی و رفاندن و دەستدرێژی سێکسی.»
چاودێران دەڵین سەرباری هەوڵەکانی وەستاندنی گێچەڵکردنی میلیشیاکە بەدانیشتووانە ناوخۆییەکە، هێشتا میلیشیاکان بەردەوامن لەخاوکردنەوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاشتی.
حەشدی شەبەک و میلیشیاکانی سەر بەئێران وەک کەتائیبی ئیمام عەلی و کەتائیب حزبوڵاو سەرایا خوراسانی کێشەی سەرەکین لەبەردەم ئاشتی و گەڕانەوەی ئاوارەکاندا بۆ دەشتی نەینەوا.
بەهۆی ئەو پشێوییهی کەساڵی رابردوو دروستبوو لەبەغدا لەسەر دروستکردنی حکومەتی نوێ و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە مەدەنییەکان، وایانکردووە کەس ئاگای لەپێشێلکارییەکانی ئەو میلیشیایانە نەبێت کەدژ بەدانیشتووانە ناوخۆییەکە ئهنجامیدهدهن.
ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی وەعد قەدۆو هێزەکەی دەکرێن ئەوەیە کەهەوڵی بەرتەسککردنەوەی ئازادییە گشتی و کەسییەکان دەدەن لەدەشتی نەینەوا، هەروەها سەپاندنی باج و ئەنجامدانی پشکنینی ماڵ بەبێ فەرمانی دادگا یەکیکی ترە لەکارەکانیان.
چەندین دانیشتووی ئاوارەی دەشتی نەینەوا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا له 6ی شوباتی ئەمساڵ بۆ سەرکۆنەکردنی رەوشی نەبوونی یاسا و سەرکۆنەکردنی ئهو پێشێلکاریانهی میلیشیاکان ئەنجامیدەدەن.
گێچەڵکردن بەدانیشتووانە ناوخۆییەکە
ئەندام پەرلەمانێکی عێراق، محەمەد عەبد رەبو، کەنوێنەری پارێزگای نەینەوایە لەپەرلەمان، وتی که خۆی ئەزموونی گێچەڵپێکردنی کردووە لەلایەن میلیشیاکانەوە «ئینجا بێنە بەر چاو خەڵکی ئاسایی چییان بەسەردێت.»
وتیشی «چووم لەدەشتی نەینەوا خانوویەک بەکرێ بگرم ماوەیەک لەمەوبەر، میلیشیاکان مەرجەکانی خۆیان سەپاندو دەستوەردانیان کرد لەگرێبەستی کرێکە. تەگەرەیان خستەبەردەم نیشتەجێبوونم، چونکە نەیاندەویست کەسێک کردەوەکانیان ئاشکرابکات.»
ههروهها وتی «حکومەت فەرمانی دەرکرد گروپە چەکدارەکان لەهەموو شارەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون بکشێنەوە بۆئەوەی هێزە ئەمنییەکان بهرپرسیارێتی رەوشی ئەمنی بگرنەدەست، بەڵام هەندێک لەو گروپانە بەردەوامن لەمانەوەیان و رەتیدەکەنەوە پابەندی بڕیارەکە ببن.»
ئەحمەد حەمدانی ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەکرد کە دەزگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناچاربوون پرۆژەکان بدەنە بریکارە ناوخۆییەکان، چونکە فەرمانبەرەکانیان گێچەڵیان پێدەکرا بۆ هەر شوێنێک دەچوون لەشارەکانی دەشتی نەینەوا.
وتیشی «ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سوپاو پۆلیس سەقامگیرترن و ئهو ناوچانهی گروپە چەکدارەکانی لێن کێشەدارن و ناسەقامگیرن.»
‹تامەزرۆی خاکەکەمانین›
نەعیمە یەعقوب، (49) ساڵ، کە لەدەشتی نەینەواوه ئاوارە بووەو ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی لەعەنکاوە لەهەولێر دەژی، وتی دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم بەڵام بەهۆی بوونی میلیشیاکانەوە جێگای ئارامی نییە».
نەعیمە وتی خۆی و هاوژینەکەی مانگی ئازاری ساڵی پار گەڕانەوە بۆ بینینی رەوشەکە، بەڵام چەندین بازگەی لێبوو که فەرمانیان پێدهکرد حیجاب لەسەربکات و بێتە دەرەوەی ئۆتۆمۆبیلەکە بۆ پشکنین.
وتی «تامەزرۆی خاک و ناوچەکهو ماڵ و دراوسێکانمانین، بەڵام ئەو بیرۆکەیە ئێستا لەدرەوەی بژاردەی ئێمەدایە.»
موئەیەد جوحەیشی لێکۆڵەر لەکاروباری عێراق، وتی «میلیشیاکەی شەبەک دەیەوێت خاک و پارە و چەک لەدەشتی نەینەوا بەدەستبهێنێت بەپشتیوانی ئێران لەسەر حیسابی دانیشتووانە رەسەنەکە.»
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە وەعد قەدۆ دەستی هەیە لەقاچاخچیتی ماددە هۆشبەرەکان و نەوتی خاودا لەبیرە نەوتەکانی نەینەواو پیاوانی میلیشیاکەش شوێنی ئاسەواری ئاشورییەکان و دێرە دێرینەکانیان و کڵێساکانیان تاڵانکردووە.
لەئایاری ساڵی رابردوودا (2019) واشنتۆن فەرماندەی پێشووی لیواکە وەعد قەدۆی خستە لیستی سزادراوانی واشنتۆن بەتۆمەتی تێوەگلان لەکاری تیرۆریستی و گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.
قەدۆ لە تەمموزی 2019 لەدیدارێکی کەناڵی ئەلسۆمەرییەدا رایگەیاند “لەلایەن هەندێ نۆکەرو بەکرێگیراوی ئیسرائیلەوە لەکوردستان زانیاری هەڵەیان لەبارەی منەوە داوە بەئەمەریکییەکان».
وەعد قەدۆ برای پەرلەمانتاری شەبەکی حەنین قەدۆیە کە دوو خولە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەنەیارێکی سیاسی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنەینەوا ناسراوە.
لە 21ى ئەیلولی 2020 بەفەرمانی فالح فەیاز وەعد قەدۆ لەفەرماندەیی لیوای (30) حەشد دوورخرایەوە، بەگوێرەى راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەنیش ئەم هەنگاوە بۆ خۆنزیککردنەوەی فەیاز بوو لە مستەفا کازمی کە لەشەڕدایە لەگەڵ میلیشیا نزیکەکانی ئێران.
وەعد قەدۆ، فەرماندەی پێشوی لیوای (٣٠)ی حەشدی شەعبی رەتیکردەوە ئەو لیوایە هیچ پەیوەندییەکی بەهێرشە موشەکیەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر هەبێت و رایگەیاند، «لایەنێکی دیاریکراو ناوی ئێمە دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە ئەمریکا بدات».
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە تەمموزی 2019 دوو سەرکردەی میلیشیاکانیشی خستە لیستی تیرۆرەوە کە رایان کلدانی و وەعد قەدۆ بوون، کە تۆمەتبارکران بە بەشداربوونی راستەخۆو ناڕاستەوخۆیان «لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی مەترسیدار».
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وتی میلیشیاکەی قەدۆ، لیوای (30)، بەهەمانشێوە «پارەی لەدانیشتوانی بەرتەلە سەندووە لەدەشتی نەینەوا وەک سهرانه، بە نایاسایی دەستگیرکردنیان ئەنجامداوە لەگەڵ رفاندن»، هەروەها «زۆرجار خەڵکیان بەندکردووە بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن یان بەفەرمانی دەستگیرکردنی ساختە».
لەوکاتەدا سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس وتی ئەمریکا «دەستەوەسان نابێت لەکاتێکدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران تۆقاندن بڵاودەکەنەوە».
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەش بەئاژانسی فرانس پرێسی وت پێنس مەبەستی کلدانی و قەدۆ بووە، وتیشی « لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن».
