ترەمپ هاندانه‌ ئابوریه‌کانى له‌ئەمریکا راگرت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی توویتێکەوە دانوستاندنەکانی نێوان کۆشکی سپی و دیموکراتییەکانی لەسەر هاندانە ئابوورییە نوێیەکانی ئەمریکا تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەڵپەسارد.

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە نیازێکی پاکەوە دانوستاندن ناکات. نانسی پلۆسی لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ بەوە تۆمەتباردەکات کە پشتی کرێکارە ئەمریکییەکانی بەرداوە.

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند "زۆر بە داخەوە ئەو دەستبەرداری منداڵەکانمان بووە. زۆر خاڵی باشمان هەبوو لە پاکێجی هاندانەکاندا، هەرچەندە ئەوان لەگەڵ هەموو خاڵەکان نەبوون، بەڵام ئێمە لەسەر رێگەی دروستبووین. ترەمپ دەستبەرداری کرێکارانی ئێمە بووە کە خێزانەکانمان بەخێو دەکەن."

بەپێی شرۆڤەکاران دەستبەرداربوونی دۆناڵد ترەمپ لە پاکێجی هاندانی ئابووری بە زیانی دەشکێتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا. کەمپەینی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لاوازبووە و بەپێی راپرسییەکان ئێستا لە پاش رکابەرە دیموکراتەکەی، جۆ بایدن دێت.

عامر مەدەنی، شرۆڤەکاری سەر بە ئاژانسی AFP دەڵێت "پێموایە ترەمپ بەو کارەی دەیەوێت ئەوە بڵێت کە خۆی ئامادە کردووە بڕواتەوە بۆ ماڵەوە و بە ویستی خۆی بڕیارەکانی دەدات. ئەم هەنگاوەی ترەمپ زۆر مەترسیدارە. بەم کارە ئەو ئاماژەیە دەداتە دەنگدەران کە چاوێک لە بژاردەی دیکە، واتا جۆ بایدن بکەن."

پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هاندانە نوێیەکانی ئەمریکا وەلا بنێت، جێرێمی پاول، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ڤیدیۆکۆنفرانسێکدا رایگەیاند، بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا رێگەیەکی سەخت و دوور و درێژی لەپێشە.

جێرێمی پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند "خاوبوونەوەی بەردەوامی ئابووری دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ ئابووریی ئەمریکا بەرەو سستبوونەوە هانبدات. ئەمە دەبێتە سەرهەڵدانی تراژیدیا، بەتایبەتی بەو هەناگاوە خاوانەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتوومانەتەبەر. ئەگەر هاندانە ئابوورییەکان گونجاو و بەپێی پێویست نەبن، داهاتووی بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکان دەکەونە مەترسییەوە".

پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ هەستی پێکردبێت کە بە ئاسانی ناتوانێت دەستبەرداری پاکێجی هاندانی ئابووری بێت، لەبەر ئەوەی دوای توویتەکانی یەکسەر داوای لە کۆنگرێس کردووە بەپەلە هاندانی 25 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتی لە کەرتی فڕۆکەوانی ئەمریکا پەسەند بکات. 

ماوەی مانگێکە دیموکرات و کۆمارییەکان ناکۆکی قوڵیان هەیە لەسەر پێشکەشکردنی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار هاندانی نوێ بۆ ئابووریی ئەمریکا.

 FACEBOOK

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار