حکومەتی هەرێم: خشتەی موچە هاوتای کاتی ناردنی شایستە داراییەکانی عێراق دەکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی دارایی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەکاری بۆ رێکخستنەوەی خشتەی موچە لەگەڵ خشتەی ناردنی شایستە داراییەکانی عێراق بۆ هەرێم بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی موچە کرا لەبەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن لە گەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد، ڕێکاری کارگێڕیی و دارایی پێویست لەو بارەیەوە بگرێتەبەر.

باس لەوەشکراوە، کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕاپۆرتی سێ مانگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەستی بە دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی کردووە و بەوەش وادەی ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم نزیکبووەتەوە.

نزیکەی ٥٠ رۆژە حکومەتی هەرێم موچەی دابەشنەکردووە و ئەو موچەیەشی کە چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی بکرێت، موچەی مانگی نیسانی رابردووە و بە لێبڕینی ١٨%وە دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار