کازمی بەڵێنی داوە ھەفتەی داھاتوو 320 ملیارەکە بۆ ھەرێم بنێرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەو وەفدەی كۆمەڵی ئیسلامی كە بەسەردانێك لە بەغدان، ئاشكرایكرد، لەسەر بەڵێنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو بڕی 320 ملیار دیناری فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە رەوانە بكرێت.
عەبدولستار مەجید، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"لە دیدار و کۆبونەوەمان لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختمان کردەوە کە پێویستە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەزویی ڕەوانە بکرێت چونکە دۆخی گوزەرانیان خراپەو نابێ هیچ بارودۆخ و کێشەیەک ببێتە هۆی ڕاگرتنی."
وتوشیەتی"بەخۆشحاڵییەوە تەنها ڕۆژێک دوای ئەو کۆبونەوە و داواکارییە، وادەی ناردنی بودجە دیاریکرا و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو بڕی ٣٢٠ ملیاری موچەی فەرمانبەران و لەسەر بەڵێنی بەڕێز کازمیی ڕەوانە بکرێت "
دەقی قسەکانی عەبدولستار مەجید
لەبری بەرژەوەندی و دەستکەوتی حزبیی !
جیا لەهەر سەردانێکی حزبیی و لەم سەردانەدا بۆ بەغدا کە بە سوپاسەوە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجامماندا، دوو دەستکەوتی زۆر گرنگمان بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستهێنا .
لە دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختمان کردەوە کە پێویستە:
ـ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەزوویی ڕەوانە بکرێت چونکە دۆخی گوزەرانیان خراپە و نابێ هیچ بارودۆخ و کێشەیەک ببێتە هۆی ڕاگرتنی .
بەخۆشحاڵییەوە تەنها ڕۆژێک دوای ئەو کۆبوونەوە و داواکارییە، وادەی ناردنی بودجەی دیاریکرا و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕی ٣٢٠ ملیاری موچەی فەرمانبەران و لەسەر بەڵێنی بەڕێز کازمیی ڕەوانە بکرێت .
ـ پارەی گەنمی جوتیاران کە بڕەکەی ٥٧٦ ملیارە و سەرۆک وەزیران بەڵێنی دا کە قۆناغ بە قۆناغ ئەو شایستە داراییەی جوتیاران ڕەوانە بکات کە هی ساڵانی پێشووە و دەمێکە جوتیاران چاوەڕێی وەرگرتنی دەکەن .
ڕێگای چارەسەری کێشەی کورد و هەرێمی کوردستان بەغدایە نەک وڵاتی دیکە !! هیوادارین توانیبێتمان کەمێک لە ئەرکی سەرشانمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەگشتی و جوتیاران و فەرمانبەران بەتایبەتی جێبەجێ کردبێت .
