نەتەوە یەکگرتووەکان چەند پێشنیارێک بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی عێراق دەخاتەڕوو

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە ڕاپۆتێكی نوێدا چەند پێشنیارێكی خستوەتەڕوو دەربارەی چۆنیەتی بوژاندنەوەی ئابوریی عێراق پاش گرفتی كۆرۆنا، لەوانە فراوانكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی بۆ توێژە هەژارەكان و زیادكردنی داهات بۆ پەرەپێدانی بەرنامە سەرەكییەكانی حكومەت و دابینكردنی سەرچاوە بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت.

ڕاپۆرتەكە چوارشەممە 7ی تشرینی یەكەم بڵاوكراوەتەوە لەژێر ناوی (كاریگەریی كۆڤید-19 لەسەر ئابوریی عێراق)، كاریگەریی پەتاكە لەسەر ئابوری شیدەكاتەوە و چەند پێشنیارێكیش پێشكەشدەكات وەك سیاسەتی ڕوبەڕوبوونەوەی ئالنگارییەكان و زامنكردنی بەرەوپێشەوەبردنی بەردەوام.

زینە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە عێراق ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دۆخی دارایی و بارودۆخی ئابوری لە عێراق لە چەند ساڵی كەمی ڕابردوودا تا ئاستێكی زۆر ئەرێنی بوو، بەڵام دوو گرفتی گەورە ڕێگربوون لە بەرەوپێشەوەچوون، ئەوانیش گرفتی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆنایە.

وتیشی، گرفتەكان كاریگەریی گەورەیان لەسەر دانیشتووان دروستكرد، بەتایبەت لە بواری داهات و كار و هەژاری، لەگەڵ ئەگەری ڕاستەقینەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نایەكسانی بەشێوەیەكی گەورە، بۆ نمونە، ڕاپۆرتەكە ئاشكرایكردووە كە فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت لە عێراق زیاتر لە بەردەم مەترسیی هەژاریدان بەراورد بە كارمەندانی كەرتی گشتی، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن داهاتێكی كەمن و ئەو كارمەندانەی لە كەرتی ناڕێكخراودا كاردەكەن، هەروەها ئەو خێزانانەی لەلایەن ژنانەوە چاودێری دەكرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، پێشبینی دەكرێت تێكڕای بەرهەمی خۆماڵیی عێراق بە ڕێژەی 10% لە ساڵی 2020دا كەمبكات، هەروەها كورتهێنانی بودجەش لە هەمان ساڵدا بگاتە ئاستێكی بێ پێشینە و نزیكببێتەوە لە 30%ی تێكرای بەرهەمی خۆماڵی.

ئەو ڕێگایەی بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پێشنیاری كردووە، كە لەڕێیەوە پێویستە حكومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان پلان بۆ پڕۆسەی بوژاندنەوەی ئابوریی عێراق دابنێن بە دوو ئاراستەیە:

پێویستی دیاریكردنی بژاردەكانی سەرچاوەی دیكەی داهات بەخێرایی، دووركەوتنەوە لە ئەنجامدانی چاكسازیی دراوی تاووتوێنەكراو، هەروەها باشكردنی خەرجیی گشتی.

هەروەها پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەتی نانەوتی لە هێنانەدی گەشە و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، لەگەڵ درێژەدان بە بەردەستخستنی هەلی كار بۆ زۆرێك لەو خێزانانەی هەژارن و خاوەن داهاتی سنوردارن لەڕێی فراوانكردنی چوارچێوەی بەرنامەی هاریكاریی كۆمەڵایەتی.

زینە عەلی ئەحمەد دووپاتیشیكردەوە، "بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و هاوبەشەكانی ئامادەن پشتیوانیی حكومەتی عێراق بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێوشوێنانە، بۆ هێنانەدی سەقامگیریی ئابوری و زامنكردنی پاراستنی ئەو كەسانەی هەژارن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار