ئەردۆغان: لە ھەرکوێ خوێن بڕێژێن ئەوە دەبێتە نیشتیمانی ئێمە

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژە بەودەکات کە عەفرین و قوبرس و لیبیاو ئازەربایجان بە خاکی تورکیا دەزانێت

3 مانگ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە شێوەیەکی ئاشكرا ئاماژە بەودەکات کە عەفرین و قوبرس و لیبیاو ئازەربایجان بە خاکی تورکیا دەزانێت چونکە بەوتەی ئەو خوێنیان تێدا رشتووە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە زەیتوونەکانی عەفرین لە رەگەوە دەردەھێنن و دەیبەنە تورکیا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکیدا لەبەردەم لایەنگرانی حزبەکەی کە دوێنێ پشێکشەکی کردوە بەڵام میدیای فەرمی تورکیا بڵاوی نەکردۆتەوەو ھاوڵاتی ڤیدیۆکەی دەستکەوتووە، ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا ھەموو ئەو ناوچانە بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت کە ھێزیان بۆی ناردوەو خوێنیان تێیدا ڕشتووە.

 

ئەردۆغان وتی "ئێمە لە سوریاین، ئێمە لە لیبیاین ئێمە لەگەڵ براکانمان لە ئازەربایجانین، ھەڵوێستی سەربەرزانەمان لە سوریا دەستپێکرد بۆ لیبیاو قوبرس و ھەرێمی ناغۆرنی قەرەباغ"

ھەروەھا وتی "ھەموو ململانێیەکی گەورە بازدانیکی گەورەبوو بۆ وڵاتمان، ئێمە داکۆکی لەم دەستکەوتە دەکەین".

ھەروەھا وتی "ئێمە شەھیدمان لە عەفرین و ئیدلیب داوە، ھەر خاکیك خوێنمان تێدا ڕشتوە ئەوە نیشتیمانی ئێمەیە، بەڵێ ئەوە دەبێت بە نیشتیمانی ئێمە".

ناوھێنانی عەفرین لەکاتێکدایە کە بەپێێ گرتەیکی ڤیدیۆیی دەست ھاوڵاتی کەتووە، زەیتوونەکانی عەفرین لە رەگەوە دەردەھێنرێن و لە رێگەی بارھەڵگرەوە دەیانبەن بۆ تورکیا.

 

ئەم وتانەی ئەردۆغان دوای ئەوە ھات کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند لەگەڵ هەسەدو هاوپەیمانە کوردەکانمان داعشیان تێکشکاندووە لەکاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هەوڵی پاوانخوازی لەناوچەکەو سوریا داوە.

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری، ئیمانوێل ماکرۆن وتی “ئێمە لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئامادەبوونێکی ئاسمانیمان هەبوو، هەروەها لە ژێر سایەی هاوپەیمانانمان لە سەر زەوی کە هەسەدە و شەڕڤانە قارەمانەکانی کورد نوێنەرایەتیان دەکرد، داعشمان شکست پێهێنا».

وتیشی «ئەنقەرە شکستی هێناوە لەڕێزگرتن لەبڕیاری قەدەغەکردنی چەک لە لیبیا لەکاتێکدا کەڕەفتارێکی زۆر شەڕانگێزانەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست».

وتیشی “ئێمە بەنیاز بووین بەسەر داعشدا سەرکەوین، تورکیا سوریای داگیرکرد بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەوانەی (هەسەدە) کە دوێنێ هاوپەیمانمان بوون“.

وتیشی، “تورکیا مەیلی پاوانخوازی لە ناوچەکەدا هەیە، پێموایە ئەم مەیلانە بۆ سەقامگیرییان کارێکی باش نییە».

چاوپێکەوتنەکەی ماکرۆن لەمیانی وتووێژێکیدا هات لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری سەبارەت بە کاردانەوەکانی وڵاتانی ئیسلامی لەسەر قسەکانی ماکرۆن سەبارەت بە کاریکاتێرەکان.

ماکرۆن وتی قسەکانی ئەو شێوانراوە، چونکە ئەو کاریکاتێرانە پیوەندیان بە حکومەتەوە نیە، بەڵکو پەیوەندییان بەئازادی رادەربڕینەوە هەیە کە لەکۆتاییەکانی سەدەی (19) لەدەستوری وڵاتەکە جێگیراوەو ئەو وەکو سەرکۆماری ئەرکی ئەوەیە ریزی لە ئیرادەی گەلەکەی و دەستوری وڵاتەکەی بگرێت.

پێشتریش مەزڵوم عەبدی (کۆبانی) سەبارەت بەقسەکانی ئەردۆغان لەسەر ماکرۆن وتبووی «ماکرۆن یارمەتی مسوڵمانەکانی دا لەڕزگاربوون لەدەستی داعش».

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە تویتەری خۆیەوە رایگەیاند «سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانیۆل ماکرۆن یارمەتی مسوڵمانەکانی دا لەڕزگاربوون لەدەستی داعش و رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لەشکستپێهێنانی رێکخراوەکە و پاراستنی بەها مرۆییەکان».

وتیشی «ئەردۆ‌غان پاڵپشتیی داعشی دەکرد، ئەو لەڕێگەی سوکایەتیکردن بە ماکرۆنەوە، گوزارشت لە بیروڕای مسوڵمانان و بەرژەوەندییەکانی جیهانی ئیسلامی ناکات، بەڵکو ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت».

کاتێک ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی فەڕەنسا بڕیاریدا هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکشێنێتەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا وتی «نابێت دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مەریکا له‌بیری بچێت هه‌سه‌ده‌ گه‌وره‌ترین پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بووه‌ له‌سووریا».

ماکرۆن لەوکاتەدا وتی کە زۆر نیگەرانی بڕیارەکەی ترەمپه‌ بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەسووریا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار