کاتژمێرێک پێش نیوەی شەو

ماکرۆن وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی هەرەسی لیرە

4 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

«کاتژمێرێک پیش نیوەی شەو» تێرمێکە بۆ یەکەمینجار فەیلەسوفی ئەمریکیی نعوم چۆمسکی لە پەسنی سێ هەڕەشەی جیددی بۆ سەر ئەستێرەکەمان بەکاریهێنا. ئەو هەڕەشانەی کە چۆمسکی بەمەترسییەکی زۆر ئانییان دەزانێ بۆسەر ژیانی مرۆڤی هۆشمەند؛ خۆیان لەشەڕی ئەتۆمیی، گۆڕانی کەشوهەواو گەرمبوونی زەوی و پاشەکشکەی دیموکراسیی لەبەرامبەر  هەژمونی ڕاسیست و پۆپیولیست و راستڕەوەکاندا خۆی دەبینێتەوە بەتایبەتی لەئەمریکاکەی ترەمپ و هەندێ لەوڵاتانی ئەوروپایی.

 هەرچەندە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا پابەندبوونی شێلگیرانەی خۆیان بە پرەنسیپ و مەبادیئەکانی دیموکراسیی و سۆشیال دیموکراسیی دووپاتکردۆتەوە، بەڵام چۆمسکی پێی وایە جوڵە نامۆو مەترسیدارەکانی راستڕەوەکان لە ئەوروپادا  جێی بە ئەزمونی چەپ و دیموکراسیی خوازەکان لەق کردووەو بەتووندییش رەخنە لەئیدارە و حکومەتەکەی ماکرۆن دەگرێت لەیەکێک لەکۆتا چاوپێکەوتنەکانییدا سەبارەت بەم پرسە.

لێرەوە دەمەوێت لە دەلاقەی گوزارەکەی چۆمسکییەوە تێڕوانینێکی جیاواز بۆ پێشهاتەکانی ئەم دوایەی فەرەنساو «دونیای ئیسلام» بەگشتیی و سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک ئاردۆغان بەتایبەتیی وەک دوو جەمسەری ئامانجدار لەم کائۆسەی کۆتایی رووداوەکانی پاریس و تیرۆرکردنی مامۆستا فەرەنسییەکەو کاریکاتۆرەکانی رۆژنامەی چارلی هیبدۆ بخەمەڕوو.

هەرچەندە کرانەوە خێرا تەکنەلۆژییەکان و کۆچی بەلێشاوی پەناهەندەکان لەوڵاتانی «ئیسلامیی»ەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا  سنوورە فیزیکییەکانی نێوان وڵاتانی کاڵتر کردۆتەوە، ئیدی وردە ودە خەریکە شتێک نامێنێت بەناوی دونیای ئیسلام و دونیای دەرەوەی ئیسلام، بەڵکو راستتر وایە تێرمێکی وەک «ئەو جوگرافیایەی موسوڵمانانی لێدەژین» بەکاربهێندرێت، بەڵام دامەزراوە راسیست و سیستمە رادیکاڵەکان دیسانەوە دەیانەوێت داون گرەیدێکی جیۆ-کۆمەڵایەتیی ئەم رەکیزە گرنگە بکەنەوە بۆ ئەو دابەشکارییە دینیی و نەژادییە تا لێیەوە خۆیان قەڵەوتر بکەن و  گەورەترین سوودی کەسیی و تائیفیی ببینن.

ئاردۆغان و ماکرۆن وەک دوودیوی دراوێکی ساختە

لەناوەڕاستی ساڵی 2006 جاک شیراکی سەرۆککۆماری ئەوکاتەی کۆماری فەرەنسا وتارێکی کورت بەڵام زۆر گرنگی بڵاوکردەوە لەسەر ئازادی و ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتەدا.  دواتر وتارەکە لەسایتی کۆشکی ئێلیزێ  دا بڵاوکرایەوەو تا ئەمڕۆش هەر ماوە، لەبەشێکی گرنگی ئەو وتارەدا شیراک دەڵێت:

«هەرشتێک کە ببێتە مایەی ئازاردانی بڕواکان و بەتایبەتیش ئیمانی خەڵک دەبێت دوورەپەرێزیی لێبکرێت. ئازادیی رادەربڕین دەبێ پەنجە لەگەڵ هەستی بەرپرسیارێتیشدا نەرم بکات. هەموو سنوور بەزاندن و تەحەڕوشێک ریسوا دەکەم».][١]

گەر ئەمڕۆ یەکێک گوێ بۆ جوڵەو وتارە رادیکاڵەکانی ماکرۆن بگرێت زۆر بەباشی لەگرنگیی ئەو وتارەی شیراک تێدەگات و دەزانێت ئەو پیاوە چەپە چەندە بەتەنگ ئاشتیی و تەبایی پێکهاتەکانی کۆماری فەرەنساوە بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆک ئاردۆغان کە بە یوتێرنە سیاسییە خێراکانی دەناسرێتەوە بەهەر نرخێک بێت؟ سبەی هەر دەبێت بچێتەوە باوەشی ماکرۆن وەک ئەوەی چووەوە باوەشی ڤلادیمێر پوتن لەدوای خستنە خوارەوەی سیخۆ روسیەکەوەو پاشان تاوانەکەی لەملی ئەندازیاری کاولکاری سوریا داودئۆغڵوی هاوڕێی ئاڵاندو تورکیاو ئابووریی تورکیا بەتەواوی بۆ ساڵانێکی زۆر ریسوا کرد.

یارییە هەرزانەکەی ئاردۆغان-ماکرۆن  بەهاوکاریی قەتەر کە لەبەردەم تەحەدیی زۆر گەورەدان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەتی لەلیبیا و سوریا و لوبنان و دەریای ناوەڕاست و دەریای رەشدا، دونیای ئیسلامی سیاسیی و موسوڵمانان و ئیماندارانی ساویلکەی بێئاگای تەواو مۆبەڵایز و تەجنید کردووە بەرامبەر وەهمێک کەناویان ناوە «فەرەنسای دوژمنی پێغەمبەر».  ئەم وەهمە  دەرگای  ئەگەری پێکدادانی کۆمەڵایەتی و ئاینیی لەئەوروپادا بەشێوەیەک خستۆتە سەر گازەرای پشت کە ئەگەری لە شیرازە دەرچوونی کۆمەڵایەتیی و ئاینیی کردۆتە فاکتێکی حەتمیی و هەموو دەنگێکیی حەکیم و دووربینیشی لەدونیای ئیسلامدا بەتەواویی داوە لەمەنگەنەی  ئەحزابی سیاسیی ئیسلامیی و کاراکتەری پۆپیولیست و بانگخوازو مەلاو حەشمات.

ئاردۆغان و ماکرۆن لانی کەم وەک دوو سەرکردەی راستی راسیستی پۆپیولیست رێککەوتنەوەیان ئاسانە، ئەوان دەتوانن لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی تا وەزارەت و تینک تانکەکانیان لێک نزیک ببنەوە لەپاش هەڵبژاردنەکان بۆ دەستخستنی هەندێ بەرژەوەندی کورتخایەنی شەخسیی، بەڵام گەلانی شەرق و غەرب، موسوڵمانان و دەرەوەی خۆیان، گەلانی موسوڵمانی ناموسوڵمانی فەرەنسیی بەتایبەتیی و ئەوروپایی بەگشتیی  دەرگای سەدان کێشەو ئارێشەی پێشبینی نەکراویان لێ دەکرێتەوە و دەشێت ئەو پێکدادانەی کە پڕۆفیسۆر هانتینگتۆن باسی دەکات سەبارەت بەشارستانێتییەکان لێرەوە سەرچاوە بگرێت  و هەمان  ئەو کۆتاییەی مێژوش کە فوکویاما پێشبینیی دەکات لێرەوە ئەمان ببنە ئەندازیارو دیزاینەری. 

هەرچەندە ماکرۆن ناتوانێت دیکتاتۆر بێت بەحوکمی کۆتوبەندی دەستورێکی بەهێز وەک سوڵتانەکەی ئانکارا، بەڵام کە ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکچوو، و پێکدادانی ئەدیان دروستبوو، ٦ ملیۆن موسوڵمانی فەرەنسا بەچاوێکی تر تەماشاکران و مامەڵەی دژیان لەدژ بەکارهات لەپای جوێن و تەشهیرەکانی مەقدیشۆ و هەولێر و  دەوحە و بەغدا و ئیستانبوڵ کێ  دەتوانێت جارێکی دیکە ئۆباڵی  راستکردنەوەی ئەو تێکچوونە بخاتەوە ئەستۆ؟ ئەو وێرانەیەی کەفوکوڵێکی دیراسەنەکراو دەیهێنێتەکایە، دواتر بەعەقڵی هەزاران رۆسۆو ڤۆڵتێرو مۆنتیسکۆ ناچێتەوە شوێنەکەی خۆی.

ئاردۆغان و ماکرۆن دوو گەمەکەری پۆپیولیستی راستڕەوی زۆر نابەرپرسیارن لەئێستادا بەرامبەر گەلەکانیان و هەموو دوونیاش، ئانکارا لەئێستادا لەهەوا زیاتر پێویستیی بە عەقڵێکی کارساز و کارناسی وەک تورگوت ئۆزاڵ و پاریسیش زیاد لەهەر شتێکی دیکە دەبێت بۆ حەکیمێکی وەک جاک شیراک بگەڕێت، تا هەتاوی حەکیمان هەڵنەیەت صوبحی کاذیبی پۆپیولیستەکان کۆتایی نایەت

لەنێوان ماکرۆن و ئیسلامی سیاسیی دا

لیبرالیزم دەڵێت ئەوەی هەستە ناوەکییەکانت پێت دەڵێن ئەوە راستییەکەیە. ئەو سەرکردەیە دەبێت حوکم بکات کە تۆو هەستی تۆ هەڵیدەبژێرێت، ئەو کاڵایە باش و پەسەندە کە تۆ، هەستەکانی تۆ پەسەندی دەکات، ئەو هونەرە جوانە کە لای تۆ جوانە نەک کوالیتی هونەرو قوڵیی هونەرمەندەکە. واتە تۆ و هەستەکانی تۆ سەرچاوەی هەموو شتێکی پەسەندکراون، تۆ و هەستەکانی تۆ نوقتەی تەمەرکوزی خیلقەتن.

 ئەوەی سەیرە لەڕوکەشدا ئیسلامی ئەمڕۆو ئیسلامییەکان و فەقیهانی ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی، لیبرالیزم بەهەر دە پەنجەکەیان رەتدەکەنەوە.

 ئەم رەتکردنەوەیە بە بۆچوونی من تەنها ئیدیعایە و ئەوان نەک بەدیلیان پێ نییە بۆ لیرالیزم بەڵکو تێشیدا تواونەتەوەو هەمان میتۆدەکانی لیبرالیزم بەکاردەهێننەوە بۆ بەرگرییکردن لەخۆیان.

تەماشای روداوەکانی فەرەنساو قسەکانی ماکرۆن و کاریکاتێرەکانی چارلی هێبدو بکە. موسوڵمانان ئەمڕۆ بۆ توڕەن لە ماکرۆن و فەرەنسا و چارلی هێبدو؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە دەڵێن فەرەنسا و دەوڵەتەکەی ئازاری هەستی موسوڵمانانیان داوە. دیسانەوە ئەمانیش ئەو هەستەیان کردۆتەوە دەستکەلای جوڵەکانیان کە لیبرالیزم لێوەی هەناسە دەدات. ئەمانیش وەک کۆپییەکی خراپی سیستمە لیبراڵەکە هەست سەنتەریی مەترەحە لایان نەوەک دۆکترین و دونیابینییەکی جیاواز کە ئیدیعای دەکەن و پێیان وایە لە قاوە خواردنەوەیەکدا کێشەکانی دونیای لێوە چارەسەر دەکەن. دیسانەوە هەستی ئینسانییان وەک مەحەک هێناوەتەوە مەیدانی ئارگیومێنتەکە کە خۆی لەخۆیدا خزمەتکردنە بە لیبرالیزم نەوەک بەدیلێک بۆی.

هەشتا ساڵی کۆتایی حەرەکاتی  ئیسلامی  و بەتایبەتیش ئیسلامیی سیاسیی بەجوڵە و بیرکردنەوە تەنکەکانی نە ئەوەیە ئەڵتەرناتیڤ بێت بۆ سیستم نە ئەوەیە مەیدانەکە چۆڵ بکات و  رێگە خۆشبکات بۆ بیرکردنەوە و فەلسەفەی قوڵی موسوڵمانان.

خۆشەویستی پێغەمبەر لەنێوان ئایدۆلۆژیاو ئیماندا

ئیمان لەجنسی عیشقە، مەحەببەتە، شەوقە، ئیشتیاق و کردارێکێ لەخۆیە، شیعر و فرمێسک و سوتانی بەبێدەنگییە، بە شەق و پێ لەقەو پەرچەکردار و بایکۆت و حیقد جێکەوت نابێت لەدڵدا. بە کورتیی عەوداڵییەکی وجوودیی و ئەبەدیی دڵێکە بۆ مەعشوقێک، تێکشکاندنی قەفەزی رۆحە و بەرەڵاکردنێتی بۆ ئەودیو سنوورە مەحاڵەکانی ئازادیی رەها، بینینی هەموو رەنگەکانە وەک خۆیان، قومارێکە ئیماندار نەک هەر تێیدا دۆڕاوە بەڵکو خۆی هەر بیر نەماوە تا بیر لەدۆڕان و بردنەوە بکاتەوە.

هەرچی ئایدۆلۆژیا هەیە پەرچەکردار و کۆپیکردنێکی ناشیرینی ئەوانی دیکەیە، هوتاف و سلۆگانە، مەرامی شەخسیی تاقم و گروپە، وەلاو و بەڕاو و رق و دوورەپەرێزیی و گولیی دوورئاواییە. مشتێ رق و کڵپەیەکی هەرزەکارانە و عاتیفەیەکی کوێر بەسن بۆ ئەوەی ببیتە ئایدیۆلۆژیستێکی تەمام عەییار. بە کورتیی ئایدۆلۆژیا هەڵەیەکی سیستماتیکی عەقڵە، غوبنێکی قانگدراوە بە کینە، سەرەتای رێگا کوێرەکەی نیهلیزمە، ئابڵۆقەدانی عەقڵە بە وەهم، ئایدۆلۆژیا دروورەپەرێزی دەکات لە ئازادیی، سەرپشکە دابەشکردنی هەموو بوون و ئەوانی دیکە بەسەر رەش و سپییدا، قومارێکی مەرام و بەرژەوەندیی سەنتەرە ئایدیۆلۆژیست هەمیشە تێیدا براوەیە.

لە تێرمینۆلۆژیی دینیشدا خۆشەویستیی بۆ پێغەمبەر د.خ لە ئیمانیاتە نەوەک ئەحکام و فروعات.

ماکرۆن وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی هەرەسی لیرە

لیرەی تورکی ئەم هەفتەیە ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد، یەک یورۆ بەرامبەرە بە 9.73 لیرە، دەبوو ئەیلولی ساڵی پار ئەمە رووبدات، بەڵام یارمەتیدانەکەی میری قەتەر بۆ ئیکۆنۆمییەکەی تورکیا بە بڕی 14 ملیارد یۆرۆ بۆ وەبەرهێنان لەو کاناڵە نوێیەی کە لەئیستانبوڵ دروستدەکرێت کەمێک هەڵاوسانەکەی دواخست. ئیکۆنۆمییەکەی حکومەتەکەی ماڵباتی ئاردۆغان رووی لەهەڵدێرەو ئاردۆغانیش بۆ شاردنەوەی شکستە ئابوورییەکەی و هەرەسی لیرە بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ دنەی هەستی دینداریی چینی موحافیزکاری تورکیا بدات و لەپاش روسیاو یۆنان و سوریا لەهەوڵی داتاشینی دوژمنێکی دیکەی وەهمیدابێت بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردنی ئەو هەرەسە ئابوورییەی کە بەتەواوەتی هاوڵاتیانی تورکیای شەکەت کردووە. تورکیا تاساڵی 2021یش خۆی وەک ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا دەبینی و هاوڵاتیانی تورکیا وەک هاوڵاتیانی وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپا مامەڵەیان دەکرد لەشێوازی ژیانی لوکس و کرانەوەو مەسرەفگەراییدا، بەڵام هەرەسی لیرە ئێستا وایکردوە کە هاوڵاتییەکی ئانکاراو ئیزمیر دۆخی لەهاوڵاتییەکی شیرازو ئیسفەهان خراپتر بێت، چونکە هەم مەسرەفەکانی لە سەرەوەن هەمیش گیرفانەکانی هەڵتەکیون. شەش ساڵ بەر لەئێستا یەک یۆرۆ یەکسان بوو بە 2.76 لیرە. واتە گەر مووچەی کارمەندێک شەش ساڵ بەر لەئێستا هەزار یۆرۆ بووبێت ئێستا تەنها دووسەد یۆرۆیەکە. موچەی پزیشکێک لەو وڵاتە نزیکەی 3000 لیرەیە واتە کەمتر لە سێسەد یۆرۆ و کەمترین موچەش 1603 لیرەیەک دەبێت واتە نزیکەی سەدوسی یۆرۆ.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پرۆفیسۆری ئێکۆنۆمیی زانکۆی جۆن هۆپکینز، دکتۆر ستیڤ هانک ئەو ژمارەیەی کەحکومەتی تورکیا بڵاوی کردوەتەوە لەسەر رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا چەواشەکارانەیەو لەبری 11.76% بڕی 28.51%یە لەساڵێکدا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەمنێستی ئینتەرنەیشناڵ ئەم دۆخە نالەبارەی لیرە وایکردوو حکومەتی ئەو وڵاتە ترسی لەڕەخنە زیاتر بێت وەک ترسی لەبڵاوبوونەوەی کۆرۆناو بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم شکستەش بەتووندی وەبەرهێنان لەپەرچەکرداری دونیای ئیسلام و موسوڵمانان و چینی موحافیزکار دەکات لەدوژمنایەتیی کردنی فەرەنسا وەک دوڵەت و ماکرۆن وەک «مولحیدێک» و یەکێتی ئەوروپاش وەک دامەزراوەیەکی «دارولکوفر».

پرۆفیسۆر هانک پێی وایە ئیکۆنۆمی تورکیا لەدەست نەزانەکاندا بەرەو هەڵدێر دەچێت و لەئازاری رابردوودا پێشبینیی ئەوەی کرد لەکۆتایی ئەمساڵدا یۆرۆیەک لە 10 لیرە نزیک دەبێتەوە، وا پێش کۆتایی ساڵ یۆرۆ گەیشتە ئەو ئاستە.

چەند مانگێک بەر لە ئێستا وەزیری خەزێنە کە زاوای ئاردۆغانە بەرات ئاڵبایراک رایگەیاند بۆ رێگریی کردن لەهەرەسی بەردەوامی لیرە بانکی ناوەندیی 17 ملیارد دۆلاری خستۆتە بازاڕەوە. زۆرێک لەڕۆژنامەنووسانی ئابووری لە تویتەر پێیان وایە سەرچاوەی ئەم پارەیە نەوتی لیبیاو کوردستانە «کە ئەوان بەباکوری عێراقی ناودەبەن». هەر لەبەر ئەم هۆیەیە ئاردۆغان بێ پەروایانە جەندرمەو پلەداری سوپاکەی لەلیبیاو کوردستان دەدا بە کوشت» و ماکرۆنیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونە پاوەنخوازییەکانی تورکیا لەلیبیا و سوریاو عێراق و دەریای ناوەڕاست بە توندی مێخی خۆی لەو ناوچانە داکوتاوەو رووداوی کوشتنی مامۆستاکەی پاریس و کاریکاتۆرەکانی چارلی هێبدو بوونە تەرەقەی هەڵگیرساندنی ئەو بارە کەڵەکەبووەی ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

 لەماوەی رابردوودا ئاردۆغان چەندجارێک ئەوەی دوپاتدەکردەوە کە گردو تەپۆڵکەی شەهیدان نابێ بێ شەهید بن» . پێشتریش رایگەیاندبوو ئیدلیب بە خوێن دەکەین بە بەشێک لەدەوڵەتی مەزنی تورکیا، و ئێستاش بانگەوازی هێرشی سوپای «کافران» بۆ سەر وڵاتانی موسوڵمانان باشترین دەستکەلایە بۆ ئەم کایەیەی سوڵتانەکەی ئانکارا.

پەراوێز[١]

دەقی وتارە ستەیتمنتەکەی جاک شیراک  لەسایتی کۆشکی ئیلیزێ لەم لینکەدا ببینە

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار