رێگای پاراستنی دەستکەوتەکان
ئەو کەسو لایەنانە کەپەکەکە بەمەترسی بۆ سەر باشووری کوردستان دەزانن، هیچ بەرامبەر بەداگیرکەران ناکەنو هیچیان پێ ناڵێن
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەڕۆژەڤدایە، بەڵام بەداخەوە هەندێک لەگفتوگۆکان لەسەر ئەو بابەتە زۆر سەرنجڕاکێش و هەڵەن. بەپێی بۆچوونی هەندێک کەس و لایەن پاراستنی مافی گەلی کورد تەنها دەبێت پاراستنی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بێت. ئەو کەس و لایەنانە بەرامبەر پارچەکانی تر بەئەندازە نوکە دەرزییەکیش خۆیان بەبەرپرسیار نازانن، بەشێوەى عادەتی خۆیان دەڵێن، با ئێمە هیچمان لێ نەیەت ئیتر پارچەکانی تر بەجەهەنم.
هەر ئەو کەس و لایەنانە بانگەشەى ئەوە دەکەن، کە پاراستنی دەستکەوتەکان بەوەستانەوە لەدژی پەکەکە بەدی دێت، دەڵێن، هەبوون و هەوڵەکانی پەکەکە مەترسییە بۆ سەر دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان، بۆ ئەوەش دەبێت گەریلاکانی ئازادیی کوردستان باشووری کوردستان بەجێبهێڵن.
راستە، دەبێت دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان پارێزگارییان لێبکرێت، بەڵام بەو ئەندازەیەش دەبێت دەستکەوتی پارچەکانی تری کوردستانیش بپارێزرێن. دەبێت هیچ پارچەیەک بەزیاتر لەپارچەیەکی تر نەزانرێت، دەبێت نەوترێت، جا بۆ پارچەکانی تر چ دەستکەوتێکیان هەیە؟ چونکە ئەو بۆچوونە دەبێتە گەورەترین سووکایەتی بەشەهیدانی دۆزی رزگاری و ئازادیی کوردستان.
لەڕۆژگاری ئەمڕۆمانداو سەرباری هەموو کەموکوڕییەکانیش، هەموو پارچەکانی کوردستان دەستکەوتیان هەیە. لەڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەیەو ئەو شۆڕشە وەک دەستکەوت بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەدرەوشێتەوە، ژنان و گەنجان لەناوچە جیاجیاکانی جیهان و لەهەر چوار پارچەى کوردستانەوە لەڕۆژئاوای کوردستان لەسەر کارن. لەچوارچێوەی پەیوەندیی ئازادو یەکساندا هەموو پێکهاتەکانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا لەو شۆڕشەدا لەپاڵ یەکتردان و هەوڵدەدەن ژیانێکی ئازاد بونیات بنێن. ئەو شۆڕشە، کە بەقوربانیدانی زیاتر لە (10) هەزار شەهید خوڵقێنراوە، دەستکەوتێکی زۆر گەورەیەو دەبێت بپارێزرێت.
زیاتر لە (100) ساڵە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی رژێمی ئێران بەرخودانی هەبوون هەیە، ئەو بەرخودانە هێشتا بەردەوامەو ئەو بەرخودانە لەگەڵ خۆیدا کولتورێکی دروستکردووە، ئەو کولتوری بەرخودانە بەرامبەر بەداگیرکەری هەر خۆی شتێکی زۆر شکۆمەندانەو مانادارە، بۆیە دەبێت بپارێزرێت. لەهەمان کاتدا دەبێت هەبوونی رێکخستنەکانی ئێستایان بپارێزرێت و بەهێز بکرێن. گەلی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر بەڕژێمی داگیرکەری ئێران خۆی بەدەستەوە نەداوە، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیەو دەبێت هەموو کورد پشتیوانیی بەهێز لەو هەڵوێست و وەستانەوەیە بکات.
لەباکووری کوردستان لەبەرامبەر رژێمی پاکتاوکەردا زیاتر لە (٢٠٠) ساڵە تێکۆشانێکی بێ هاوتا بەڕێوەدەچێت. لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەو تێکۆشانە، رژێمی پاکتاوکەری تورکی هێناوەتە لێواری هەڵوەشاندنەوە، لەدۆخی ئێستادا ئەو رژێمە پاکتاوکەرە ئیدی نە لەناوەوەو نە لەدەرەوە ناتوانێت سیاسەتە پاکتاوکارییەکانی بەڕێوەببات و تەریک و تەنها کراوە، ئەوەش بۆ گەلی کورد گەورەترین دەستکەوتە. گەلی کورد بەتێکۆشانی فیدایانەو گیانبازانەى خۆی هەبوونی خۆی گەرەنتی کردووەو بووەتە خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵاین. سەرباری ئەو هەموو هێرشە پاکتاوکارییانە گەلی کورد تێکۆشان و هەبوونی خۆی پاراستووە، لەهەمان کاتدا لەهەموو روویەکەوە خۆی کردووە بەخاوەن دامودەزگای جۆراجۆر. هەموو رێکخراوو دامەزراوەکان لەباکووری کوردستان بەتێکۆشانی زۆر گەورە بونیاتنراون و ئافرێنراون. لەباکووری کوردستان گەلی کورد خاوەنی حزبی سیاسی، رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و هەڵوێستێکی تێکۆشەرانە و دیموکراتیکە. تێکۆشانی باکووری کوردستان دڕندەترین دوژمنی گەلی کوردی کردووەتە ئامانج و دەیڕووخێنێت و ورە بەهەموو گەلی کورد دەبەخشێت. بە گشتی لەتێکۆشانی باکووری کوردستاندا ژنان، گەنجان و مرۆڤەکان و هەموو گەلی کوردی لەچوارچێوەی بنەماکانی ژیانی ئازادو یەکساندا پێشکەوتوون و گۆڕدراون. باشە دەستکەوتی لەوە گەورەتر هەیە؟
لەباشووری کوردستانیش کیانێک، کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دانی پیادانراوە هەیەو دەبێت بەهەموو شێوەیەک بپارێزرێت، تەنانەت دەبێت بەتێکۆشانێکی بەهێز ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێم ئازاد بکرێن، ئەوە ئەرکێکی بنەڕەتییە، کە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو کوردان.
ئەوەیە دەبێت ئەو دەستکەوتانە بپارێزرێن و دەبێت ئەو مافانەى کە بەدەستیان هێناون، بەتێکۆشانێکی هاوبەش پارێزگارییان لێبکرێت، تاوەکو هەبوونی گەلی کورد لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا مسۆگەرو گەرەنتی بکرێت، ئەوەى کە دەبێت رەخنەی لێبگیرێت، ئەو جۆرە گفتوگۆیانەن، کە لەئێستادا دەکرێن و لەو چوارچێوەیەدا نین. هەڵوێستی پارچەگەری و من من بەپێی بەرژەوەندیی داگیرکەرانە، بۆیە دەبێت بەخێرایی دەست لەهەڵوێستی پارچەگەری هەڵبگیردرێت و هەڵوێستێکی وڵاتپارێزانەو نیشتمانپەروەرانەو نەتەوەییان بە بنەما بگیردرێت.
بۆ ئەوەش دەبێت هەموو کورد پێکەوە بەرامبەر بەداگیرکەری تێبکۆشن، بەڵام ئەو کەس و لایەنانە، کە پەکەکە بەمەترسی بۆ سەر باشووری کوردستان دەزانن، بەداخەوە هیچ بەرامبەر بەداگیرکەران ناکەن و هیچیان پێ ناڵێن. ئەوە لەکاتێکدایە هۆکاری هەموو بزووتنەوە کوردییەکان هەر داگیرکەران بۆ خۆیانن. لەدۆخی ئێستادا ئەوەی هێرش دەکات دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرە، ئەوەى بەرەنگاری و پارێزگاری دەکات بزووتنەوەى ئازادییە، لەوکاتەدا ئەو کوردانە، کە دەیانەوێت باشووری کوردستان و هەموو کوردستان بپارێزن، دەبێت رووی چەکەکانی خۆیان بکەنە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر. ئەوە هەم ئەرکێکی وڵاتپارێزییەو هەم بەجێهێنانی بەرپرسیاریی خۆیانە بەرامبەر بەتێکۆشانی باکووری کوردستان و هەمیش ئەرکە بەرامبەر بەپاراستنی باشووری کوردستان، چونکە ئێمە هەموومان باش دەزانین، کەدەوڵەتی تورکیای داگیرکەر تەنها دوژمنی باکووری کوردستان و پەکەکە نییە، بەڵکو بەگشتی دوژمنی هەموو کوردو کوردستانە. بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە زۆر جار ئەوەیان بە روون و بەئاشکرا باسکردووە. ئەردۆغان لەدوایین لێدوانیدا وتی، شوێنێک ئێمە خۆینی تیادا بڕێژین ئەو شوێنە دەبێت بەوڵاتی ئێمە. لەبەڵگەو پلانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەردا جگە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرسێ پارچەکەی تری کوردستان بە سنوورەکانی میساقی میللی دەستنیشانکراون. لەدۆخی ئێستادا کاتێک ئێمە سەیری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەکەین، ئەوە دەبینین کە چەندو تا چ رادەیەک بە رقەوە دوژمنایەتیی کورد دەکەن، ئەوەى لەباکووری کوردستان کردوویەتی و دەیکات، دەیەوێت لە رۆژئاوای کوردستانیش دووبارەی بکاتەوە. ئەوەى لەعەفرین و سەرێکانی ئەنجامیداوە دەیەوێت لەهەموو رۆژئاوای کوردستاندا دووبارەی بکاتەوە، ئەوەى لە باکوورو رۆژئاوای کوردستان دەیکات، دەیەوێت ئێستا لەباشووری کوردستان دووبارەی بکاتەوە. بە کورتی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بەهەموو هێزو توانای خۆیەوە خۆی تەیار کردووە، کە گەلی کورد پاکتاو بکات و بێ پێگە و کیان و قەوارەی بکات.
باشە دەبێت گەلی کورد چی بکات؟ ئەشکرایە دەبێت لەپێناو پاراستنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستاندا بەدەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیشەوە تێکۆشان لەدژی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بکرێت، ئەوە کارە راست و دروستەکەیە، لەڕاستیدا دەبێت هەموو کورد لەو شەڕەدا ببنە لایەن، ئەگەر نا ئەستەمە دەستکەوتەکانی هیچ ناوچەیەک بپارێزرێن، چارەسەری لەهەڵوێستی وڵاتپارێزی و نەتەوەییدایە.