حەسەن زیرەک، 50 ساڵ تەمەن و زیاتر لەھەزار گۆرانی

99 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی حەسەن زیرەکدا تێدەپەڕێت و ھێشتا گۆێگرانی زۆری ھەن

3 ساڵ لەمەوپێش



رۆژی 29ی تشرینی دووەم، (99) ساڵ تێپەڕی بەسەر لەدایکبوونی حەسەن زیرەکدا، ئەو ھونەرمەندەی کە (50) ساڵ زیاتر نەژیا و لەو تەمەنە کەمەدا زیتر لەھەزار گۆرانی تۆمار کردو وە.

 هێشتا تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە ئەفسانەیی‌و زێڕینەکەی ئەو دوورنەخستووەتەوە، چەندین نەوەی کورد گوێ‌ لەگۆرانیە جاویدانی‌و هونەرە بەرزەکەی دەگرن.

ژیانی زیرەک

حەسەن زیرەک (لەدایکبووی ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان، ئێران– کۆچکردووی ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لەبۆکان) ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی کورد بوو. یەکێک لەبەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد بوو، بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاوازو گۆرانی کوردییە کە بەدەنگی ئەو وتراوەتەوە، حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لەناوکوردەکانی رۆژھەڵات و باشوور ناسراوە، لەساڵی ١٩٧٢ لەشاری بۆکان، پارێزگای ورمێ مرد و ھەر لەوێش نێژرا.

حەسەن زیرەک لەمەڵبەندی موکریان لەدایکبووە، بەگوێرەی قسەی خەڵکی شاری بۆکان زیرەک لەگەڕەکی قەڵای سرداری ئەم شارە لەدایکبووەو زۆر کەسیش لەوانەی کە لەنزیکەوە دەیناسن، گوندی «ھەرمێلە» کە لەنێوان شاری سەقزو بۆکان ھەڵکەوتووە بەشوێنی لەدایکبوونی دەزانن.

باوکی ناوی عەبدوڵڵایەو دایکی ئامینی ناو بووە، باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لەبەر لێھاتووی بەزیرەک ناوی دەرکردووە، جگە لەحەسەن دوو کوڕی دیکەی بەناوەکانی حوسێنو مینە ھەبووە، لەتەمەنی خوار (10) ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لەدەنگخۆشانی بۆکان لەشایییەکانی ناو شارو گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتەوە، لەحەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە.

زیرەک تەمەنی (١١) ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات، بەدوای مردنی باوکیدا بنەماڵەکەیان لەدێ بار دەکات و دەچنە شاری سەقز، پاشان دایکی زیرەک شوو دەکاتەوەو ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لەژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ زیرەک و خوشک و براکانی، لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلەو لەلای خانان ئاغای ئەو دێیە دەستدەکات بەقاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات.

ساڵانی ھەرمێلەو سەقز

ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەکەی سەرنجی خەڵکی ئەو دێیە بۆ لای خۆی رادەکێشێ و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێ، کە زیرەک لەدەنگە خۆشەکەی بێبەشیان نەکات، کە خانان دەبینێ زیرەک دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بەئەو دەداو رێگا دەدا زیرەک بێتە دیوەخان و بەگۆرانییەکانی کۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە، لەولاشەوە زیرەک مێرمنداڵ و دەنگخۆش بۆ شەو داوەت و رەشبەڵەکی کوڕان و کچانی دێ، خۆ دەکوتێ و بەزمی شەوانەیان خۆش دەکات.

دوای ساڵێک ھەرمێلەو لای ئاغاوات بەجێ دەھێڵێت و روودەکاتە شار، بە شاگرد لای کەبابچی و وردە کاری دیکە ژیان دەباتە سەرێ، پاشان دەگەڕێتەوە ھەرمێلەو وەک تفەنگچی لەماڵی ئاغاوات دادەمەزرێ و پاشان نێوانی لەگەڵ ئاغا تێکدەچێت و واز لەتفەنگچییەتی و ئازارو ئەزیەتی خەڵک لەپێناو ئاغادا دێنێت، دەچێتە سەقزو دەبێتە شۆفێری «مینە خانی ئەردەڵان» و لەنێوان سەقزو بانەدا دەست بەکار دەکات.

ئاوارەیی و بەغدا

رۆژێک لەڕۆژان کوڕە لاوێکی گوندی قوڕەدەرێ بەناوی مەحموود نارنج، دەکەوێتە بەر ئۆتۆمبێلەکەی و دەمرێ. لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت و لەڕێگەی پێنجوێنەوە روودەکاتە باشووری کوردستان و لەسلێمانی جێگیر دەبێت، دواتر لەڕێگەی کەرکوکەوە روودەکاتە شاری بەغداو لەوێ بەھۆی چەند کەسێک لەمیوانخانەی «شیمال ئەلکەبیر» دادەمەزرێ.

لەوێش دەستدەکات بەگۆرانی وتن و لەماوەیەکی کەمدا بەم ھۆیانە ناوبانگ دەردەکات، چەند کەس لەناودارانی مۆسیقای کوردی وەک عەلی مەردان لەساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەک لەوێ دەبینن و ئەو دەبەنە بەشی کوردی «رادیۆ بەغدا» بۆ یەکەم جار دەنگی لەڕادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆنواندنی گۆرانیبێژیی زیرەک پەیدا دەبێ.

حەسەن زیرەک لەماوەی مانەوەی لەبەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەکات، ئەم گۆرانییانە ناوو ئاوازەی زیرەک بەکوردستاندا بڵاودەکەنەوە، زیرەکی گۆرانیبێژ لەماوەی نزیک بە (١٠) ساڵ مانەوە لەعێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەندو گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، لەئەزموون و رێنوێنییەکانیان کەڵک وەردەگرێ و سەرنجیان بۆ لای بەھرە ھونەرییە کەموێنەکەی خۆی رادەکێشێ.

گەڕانەوە بۆ ئێران

لەپایزی  ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان و لەوێ چووە بۆ رادیۆی تاران، کرماشان، تەورێز، لەوێوە گۆرانی خوێندووە، ھەر لەو ساڵەدا لەڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێکدێنن کەئاکامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بەناوەکانی «مەھتاب» و «ئارەزوو» دەبێ.

دواتر حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانەو لەوێ لە «کانی مەلا ئەحمەد» چایخانەیەک دادەمەزرێنێ، دیارە شانبەشانی ئەو کارەش لەگۆرانی وتن و کاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکات و بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەکات.

پاشان دەچێتە شاری مەھابادو لەدواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لەشاری شنۆ بەکارو کاسبی ژیان تێپەڕدەکات، لەساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لەشاری سلێمانی لەتیپی «شانۆی ھونەرەجوانەکان» لەگەڵ «سێوەخان» و «ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا» لەشانۆکانی «بووکی ژێر دەواری رەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردووە.

لەنێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لەشاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆ خۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

گۆرانییەکانی

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، پشتبەستنی ئەو بەگۆرانی فۆلکلۆرییە، ئەو چاوی بەزۆر ناوچەو مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لای خەڵکەکەی میوان بووەو ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووەو لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بووە.

ئەو گۆرانییانەی لەخەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بووە. ھەرچەند زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی، لە شیعری کوردیش کەڵکی وەرگرتووە، لەو شاعیرانە:  نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ھەردی، پیرەمێردو ھێمن

حەسەن زیرەک گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردی تێکەڵاو کردوون. «گویلدر» یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی.

حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە "محەممەد ماملێ"، "مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە"، "عوسمان بۆکانی" و "ئەحمەد شەماڵ".

گۆرانی «ماڵی بابم بێ وەفا» یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە پێکەوە بەیارمەتی تیپی مۆسیقای کرماشان تۆماریان کردووە، "بەرھەڵبێنە" و "ھەوارە، گوڵم ھەوارە" دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەوەیان گوتوون.

ژیانی ھونەری و دەربەدەری

لەماوەی ژیانی ھونەری، زیرەک دەربەدەری زۆری چەشت، ماوەیەک لەشارەکانی ئێران و ماوەیەک لەعێراق، لەڕۆژانی دەستپێکی ژیانی ل باشووری کوردستان لەشاری سلێمانی کاری دەکرد، رۆژێک بەدەم کارەوە لەژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانییەو دەنگی زیرەک ھەستی رێبوارێک دەبزوێنێ و ئەو رێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لەژیانی زیرەکداو رێگەی بۆ دەکاتەوە بڕواتە رادیۆی بەغداد.

 بۆ ماوەیەک لەڕادیۆ بەغداد  کاردەکات و کاتێ لەساڵی ١٩٥٦ بەشی کوردی رادیۆ تاران دەست بەکاردەکات حەسەن زیرەک بۆ تاران بار دەکات و لەوێ درێژە بەکار دەدات، زۆربەی بەرھەماکانی حەسەن زیرەک لەڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئێرانی وەک: حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی بووە.

حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لەخوێندن بێبەش مابوو، بەڵام توانای بێوێنەی لەھۆنینی شیعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردی ھەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێوێنەی بووە ھۆی ئەوەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لەسەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. ئێستاکەش لەشارو گوندەکانی کوردستان و لەماڵی کوردەکان گوێ لەگۆرانییەکانی دەگیرێت.

حسەن زیرەک نە لەئێران و نە لەعێراق رووی خۆشیی نەدی. ھەڵسوکەوتی حکومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ درووستکرد، بۆ نموونە دوای ماوەیەک ئیتر رێگەیان نەدا لەڕادیۆ تاران بمێنێتەوە، بۆیە بڕیاریدا چیتر نەگەڕێتەوە تاران، کاتێک کۆچی کرد بۆ عێراق لەبەغداد دەستبەسەر کراو لەبەندیخانە ئەشکەنجە درا.

خۆی دەگێڕێتەوە کە لە بنمیچ ھەڵواسراوەو لێی دراوە، بۆیە دوای رزگاربوونی رەوانەی ئێران دەکرێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی لەئێرانیش  دەزگای ساواک کە دەزگای ھەواڵگری سەردەمی شای ئیران بوو، دەیگرێ و ئەشکەنجەی زۆری دەکەن، زیرەک لەشوێنێک چۆنیەتی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوەو ئەو گێڕانەوە وەک یادگاری ماوەتەوە لێی.

کۆچی دوایی

حەسەن زیرەک تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر دەبێت، چەند جار لەنەخۆشخانەکانی ورمێ و بۆکان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەکەی، دەستبەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەک وازی لەگۆرانی گوتن نەھێنا.

لەساڵی ١٩٧١ی زایینی دوای ماوەیەکی زۆر لەجێگادا کەوتن لە ١٩٧٢ی زایینیدا لەنەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لەزێدو نیشتمانەکەی دەکات و چرای تەمەنی لەسووتان دەکەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لەماتەمی بەجێھێشت.

مەرگی حەسەن زیرەک وەک بۆمبێک لەنێو کوردستاندا تەقییەوەو شەپۆلەکانی خەم و ماتەمی لەدەستچوونی لەسنوورەکانی کوردستان تێپەڕی، لە سەر وەسیەتی خۆی لەداوێنی کێوی «ناڵەشکێنە» ی بۆکان بە خاک سپێردرا. گۆڕەکەی بوو بەزیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی.

ئەم شیعرانەش بوونەتە رازێنەرەوەی کێلەکەی (تێبینی: ئێستا مەزارەکەی نۆژەن کراوەتەوە و ئەم شیعرانەش نەماون و شێعری نوێی لێ نووسراوە:

بڕوانە کتێبەکەی، زیارەتیکە کێلەکەی                        کوردی زیندوو کردەوە زیرەک بەھونەرەکەی

زیرەک زۆرت کرد خزمەتی ھونەر                         ژینت لەپێناو ھونەر بردە سەر

رۆژگارت ساتێ بەبێ خەم نەبوو                              بەڵام لەھونەر ھیچت کەم نەبوو

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار