مه‌سرور بارزانى: هیوادارم رێکه‌وتنه‌که‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت
" به گه‌شبینى و ئومێده‌وه، ده‌ڕوانینه داهاتوو"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، ئێستا که له‌سه‌ر بودجه‌ى 2021 له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق گه‌یشتونه‌ته رێککه‌وتن، "هیوادارم رێککه‌وتنه‌که وه‌کو خۆى جێبه‌جێ بکرێت و لایه‌نه سیاسییه‌کانى عێراق، چیتر رێگه نه‌ده‌ن ماف و شایسته داراییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان، بکرێته کارتێکى فشارى سیاسى له دژمان".
ئه‌مڕۆ 31ى کانونى یه‌که‌مى 2020، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ى ساڵى نوێى زایینى رایگه‌یاند:"له‌کاتێکدا پێ ده‌نێینه ساڵى نوێوه، هه‌رێمى کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێکى زۆر سه‌ختى به‌ڕێکرد، ئه‌ویش به‌هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکه‌وته ئابورییه سه‌خته‌کانى و نه‌ناردنى شایسته داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى فیدڕاڵى له به‌غدا، که له ئه‌نجامدا قه‌یران و دۆخێکى دارایى سه‌خت و بارگرانییه‌کى زۆر له‌سه‌ر هاونیشتمانیانى خۆشه‌ویستى هه‌رێمى کوردستان دروستبو".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"هیوادارم رێککه‌وتنه‌که وه‌کو خۆى جێبه‌جێ بکرێت و لایه‌نه سیاسییه‌کانى عێراق، چیتر رێگه نه‌ده‌ن ماف و شایسته داراییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان، بکرێته کارتێکى فشارى سیاسى له دژى خه‌ڵکى مافخوراوى کوردستان، دوپاتیشى ده‌که‌ینه‌وه که ئێمه هه‌رگیز ده‌ستبه‌ردارى مافه ده‌ستورییه‌کانمان نابین".
هاوکات، مه‌سرور بارزانى باسى له‌وه‌شکردوه، "گه‌لى کوردستان خاوه‌ن پرسێکى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه و قوربانییه‌کى زۆرى له‌م پێناوه داوه و قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان، به‌رهه‌مى خه‌بات و تێکۆشانى سه‌دان هه‌زار شه‌هیده و پێویسته به هه‌موومان داکۆکى لێ بکه‌ین و بیپارێزین، چونکه که‌رامه‌ت و سه‌ربه‌رزى خه‌ڵکى کوردستان، به‌نده به هه‌بون و به‌هێزبونى ناسنامه‌ى نیشتمانیى و نه‌ته‌وه‌ییمان و ڕێزگرتن له مافه ده‌ستورییه‌کانمان".
سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم داوا له هه‌مو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان و خه‌ڵک ده‌کات هه‌موو جیاوازیى و ناکۆکییه‌ک به‌لاوه‌بنێن و به‌رگرى له خاک و قه‌واره‌ى فیدراڵى هه‌رێمى کوردستان و ده‌سکه‌وته‌کان بکه‌ن و یه‌کگرتوانه، ڕوبه‌ڕوى هه‌مو هه‌ڕه‌شه‌کان ببنه‌وه و داکۆکى له مافه ڕه‌وا و ده‌ستوورییه‌کانیان بکه‌ن، مه‌سرور بارزانى ده‌شڵێت:" دڵنیام به یه‌کڕیزى و یه‌کگرتویی، ده‌توانین هه‌مو قه‌یران و ئاسته‌نگه‌کان تێپه‌ڕینین".
سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌خت له هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانیان بۆ درێژه‌دان به چاکسازى و باشترکردنى ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان و سه‌روه‌رى یاسا و دادپه‌روه‌ریى و سه‌قامگیرکردنى زیاترى ئاسایش و ئارامى ده‌که‌نه‌وه، " به گه‌شبینى و ئومێده‌وه، ده‌ڕوانینه داهاتو، به‌و هیوایه‌ى هه‌رێمى کوردستان پێ بنێته قۆناغێکى نوێى گه‌شه‌کردن و پێ ده‌ستکه‌وت و ئاوه‌دانى و دوربێت له هه‌مو ناخۆشى و دۆخێکى نه‌خوازراو"، مه‌سرور بارزانى وا ده‌ڵێت.
