قوباد تاڵه‌بانى: هه‌ستیارى له‌هه‌ناوى ساڵى داهاتوودا هه‌یه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌بۆنه‌ى ساڵى نوێى زاینییه‌وه په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه و ده‌ڵێت:"نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى نوێ هه‌ستیارییه‌کى دیکه‌ى له هه‌ناودایه، که وه‌رزى هه‌ڵبژاردنى چاوه‌ڕوانکراو و به‌رزبوونه‌وه‌ى تاى کێبه‌رکێ و ململانێى سیاسى و که‌سییه".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 31ى کانونى یه‌که‌مى 2020ن قوباد تاڵه‌بانى ده‌شڵێت:"له ماوه‌ى رابردوودا له به‌غدا زۆر هه‌نگاو چووینه پێشه‌وه، به‌ڵام زۆر کاری ترمان ماوه له‌م دۆسیه‌دا تا بگه‌ینه دابینکردنى شایسته داراییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان و چاره‌سه‌رکردنى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانیترى نێوان هه‌رێم و حکومه‌تى فیدراڵ".
ده‌قى په‌یامى قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم:
کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان، پێکه‌وه ساڵێکى دژوار و سه‌ختى دارایى و ته‌ندروستیمان به‌ڕێکرد، وا له ده‌سپێکى ساڵێکى نوێداین؛ 2021، که ئه‌ویش کاریگه‌ره به لێکه‌وته‌کانى کۆرۆنا له‌گه‌ڵ کێشه و گرێ و گرفته‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى نوێ هه‌ستیارییه‌کیترى له هه‌ناودایه که وه‌رزى هه‌ڵبژاردنى چاوه‌ڕوانکراو و به‌رزبوونه‌وه‌ى تاى کێبه‌رکێ و ململانێى سیاسى و که‌سى و ته‌نانه‌ت تایفى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشه له‌سه‌ر ئاستێکى فراوان. ئه‌مه له‌کاتێکدایه خه‌ڵکى کوردستان و هه‌موو عێراق به گشتى خۆیان هیلاک و ماندووى دۆخى دارایى و ترس و دڵه‌ڕاوکێى ئاینده‌ى خۆیان و خێزانه‌کانیانن.
گه‌لى ئێمه مێژوویه‌کى درێژ و یاده‌وه‌رى تفت و تاڵى زۆرى هه‌یه له‌گه‌ڵ قه‌یران. له هه‌مان کاتیش‌دا پێشینه‌ى پشوودرێژى و ئازایه‌تییه‌کى بێوێنه‌ى هه‌یه له تێپه‌ڕاندنى ناخۆشییه‌کان و سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کان. هه‌وێنى ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌شى به پله‌ى یه‌که‌م له یه‌کڕیزى و گیانى له خۆبردوویى و هاوکاریکردنى یه‌کتردا بووه، به تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ى یه‌خانگیرى مه‌ترسییه‌کان بووه. بۆ ئه‌م ساڵه‌شى که دادێت له هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به ژیاندنه‌وه‌ى ئه‌م گیانه هه‌یه له‌سه‌ر ئاستى تاک و کۆمه‌ڵ. نابێ رێگه بده‌ین ناکۆکییه سیاسى و حیزبى و ده‌سته‌گه‌رییه‌کانمان زاڵ بن به‌سه‌ر ئامانجه نه‌گۆڕه‌کانمان، له پێش هه‌موویه‌وه پاراستنى خه‌ڵک و خاک و قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان له هه‌ر مه‌ترسییه‌ک که ده‌شێت له هه‌ر ئان و ساتێکدا سه‌رهه‌ڵبدات.
هه‌وڵدان بۆ ته‌بایى و دروستکردنى کۆده‌نگى ئه‌رکى سه‌ر شانى هه‌موومانه. پێویسته هه‌ر که‌س و لایه‌نێک لاى خۆیه‌وه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتیدا گه‌وره‌یى بنوێنێت و له به‌شێک له به‌رژه‌وه‌ندییه که‌سیى و حیزبییه‌کان خۆش بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هیوامان به چاکه‌خواز و خه‌مخۆرانى میلله‌تى خۆمان زۆره و چاوه‌ڕوانین هه‌ر که‌س و لایه‌نێک له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ده‌ستپێشخه‌ربێت و هه‌نگاو بنێت.
ئه‌وه‌شى په‌یوه‌ندى به روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌کانه‌وه هه‌یه، ئێمه له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به گشتى و تیمى دانووستانکار له‌گه‌ڵ به‌غدا، درێغى ناکه‌ین و له کار و کۆشش به‌رده‌وام ده‌بین بۆ زاڵبوون به‌سه‌ریاندا. له ماوه‌ى رابردوودا له به‌غدا زۆر هه‌نگاو چووینه پێشه‌وه، زۆر کاریترمان ماوه له‌م دۆسیه‌دا تا بگه‌ینه دابینکردنى شایسته داراییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان و چاره‌سه‌رکردنى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانیترى نێوان هه‌رێم و حکومه‌تى فیدرال، له نێویاندا کۆتاییهێنان به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ته‌عریب له که‌رکوک و هه‌موو ناوچه جێناکۆکه‌کان، هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانى مافى جوتیارانى کوردستان و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى چاره‌نووسى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له چوارچێوه‌ى سیستمى به‌رگرى عیراقدا.
له هه‌مان کاتدا ئه‌رکى هێزه سیاسییه‌کانه که هه‌وڵ بده‌ن فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان له به‌غدا یه‌کگرتووتر بن له پێناو خێراترکردنى چاکسازى و هه‌روه‌ها له پێناو به‌ڕێوه‌بردنێکى باشتر و شایسته‌تر بۆ هه‌موو عیراقییه‌کان به دانیشتوانى هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه. ده‌بێت به کردار ئه‌و تێڕوانینه هه‌ڵه‌یه بسڕینه‌وه که حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانى کوردستان ته‌نها هه‌رێمى کوردستانیان به‌لاوه گرنگه و به‌شه‌کانى تر‌ى عیراق پشتگوێ ده‌خه‌ن. کوردستانێکى به‌هێز به به‌شدارییه‌کى کارا و به‌هێز له عیراقێکى به‌هێزدا دێته دی. به‌ڵام کوردستان هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و کاریگه‌رییه‌ى هه‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ناو ماڵى خۆماندا ته‌با نه‌بین. ته‌باییش به سه‌پاندنى ئیراده‌ى زۆرینه نایه‌ته دی، و به په‌یڕه‌وکردنى سیاسه‌ت و رق و کینه له دژى یه‌کترى دروست نابێت. ته‌بایى به رێکه‌وتن له‌سه‌ر خاڵه ستراتیژییه‌کان له لایه‌که‌وه و به په‌یڕه‌کردنى کێبه‌رکێیه‌کى سیاسى ته‌ندروست له‌لایه‌که‌یتره‌وه دروست ده‌بێت که دوور بێت له شکاندنى که‌سایه‌تى یه‌کتر و دوور بێت له ته‌شهیر کردن به ره‌مزه‌کانى یه‌کتر. مه‌ترسییه‌کانى به‌رده‌ممان واده‌خوازن که دووربینانه بیربکه‌ینه‌وه و له ئێستاوه بکه‌وینه کارى جدی.
سه‌ربارى له‌مپه‌ر و که‌شى ئاڵۆز و قورسایى دانوستاندنه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غداد، گه‌شبینین و چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین به په‌ره‌پێدانى هه‌وڵه‌کانمان له‌ماوه‌ى داهاتوویه‌کى نزیکدا به‌ره‌و ده‌ستکه‌وتى گه‌وره بۆ عێراق به گشتى و هه‌رێمى کوردستان به تایبه‌ت هه‌نگاو بنێین.
له‌پاش هه‌موو ناخۆشییه‌ک نۆره‌ى خۆشییه و تونێله‌که چه‌نده درێژ و تاریک بووبێت، ڕووناکى له کۆتاییه‌که‌یدا دیاره. هیوا و باوه‌ڕى زاڵى ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ 2020 دا ماڵئاوایى بکه‌ین له ترسناکییه‌کانى به‌شێکى زۆر له‌و کێشه و قه‌یرانانه‌ى ژیانیان لێ تێکداین، له پێش هه‌موویانه‌وه کۆرۆنا و بۆ قه‌یرانه‌کانى دیکه‌ش باوه‌ڕمان به‌کار و پێداگریمان هه‌یه له‌سه‌ر هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنیان.
به هیواى ساڵێکى خۆشتر و باشتر بۆ هه‌موولایه‌ک و هه‌موو ساڵێک هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز و سه‌رکه‌وتوو بن
