ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پرۆژه بودجه‌ى عێراق ده‌کرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد بریاره ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پرۆژه بودجه‌ى 2021 بکرێت.
شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق به‌هاوڵاتى وت:" ئه‌مڕۆ خوێدندنه‌وه‌ى دووه‌م له‌په‌رله‌مان بۆ پرۆژه بودجه‌ى 2021 ده‌کرێت، له‌مرۆوه موناقه‌شه‌ى جدى ده‌ست پێده‌کات له‌سه‌ر سه‌رجه‌م مادده‌و برگه‌کانى".
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد له پرۆژه‌ى بودجه‌ى عێراقدا له‌برگه‌یه‌کدا باسى قه‌رزه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کراوه که له ساڵى 2014 تا ئێستا حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند قه‌رزارى به‌غدا بێت ده‌بێت بیداته‌وه‌و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وه‌ش له‌ماوه‌ى سێ مانگدا به چاودێرى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌ردوولا ده‌بێت یه‌کلابکرێته‌وه".
ناوبراو ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که دیارى کردنى 42 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک که له‌پرۆژه‌که‌دا دیارى کراوه په‌رله‌مان ناتوانێت زیادى بکات که نرخى نه‌وت به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ سه‌روو 55 دۆلار.
له‌پرۆژه بودجه‌ى عێراقدا که 150 تریلۆن و 50 ملیار دیناره پشکى هه‌رێم به‌رێژه‌ى له‌سه‌دا 12.67 دیارى کراوه به‌رانبه‌ر به راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌و ته‌سلیمکردنى داهاته فیدراڵییه‌کان.
شیروان میرزا، ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که ئه‌وان وه‌ک په‌رله‌مانتارانى کورد به‌رگرى له‌و شایسته داراییانه ده‌که‌ن که له پرۆژه بودجه‌که‌دا وه‌ک پشکى کورد دیارى کراوه، به‌ڵام پێویستیان به پاڵپشتى سیاسى سه‌رکردایه‌تى کوردستان هه‌یه به‌تایبه‌ت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه عێراقییه‌کان بکرێن که خاوه‌نى فراکسیۆنى گه‌وره‌ن له په‌رله‌مانى عێراقدا.
