گروپى 15 هاوپه‌یمانێتییان ئه‌نجامدا

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
گروپى 15 له په‌رله‌مانى عێراق که په‌رله‌مانتارانى کورد پێکهاتوون، هاوپه‌یمانێتییه‌کیان به‌ناوى "هاوپه‌یمانى هیواى کوردستان" پێکهێنا.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 11ى کانونى دووه‌مى 2021، موسه‌نا ئه‌مین یه‌کێک له په‌رله‌مانتارانى گروپى 15 له کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا رایگه‌یاند: له سۆنگه‌ى هه‌ستکردنیان به مه‌ترسیى ئاسته‌نگه‌کان و بۆ پته‌وکردنى رۆڵى نیشتمانى و هێنانه‌دیى یه‌کڕیزى و رێگه‌نه‌دان به‌وه‌ى هێزى قۆرغکار نوێنه‌رایه‌تیى خه‌ڵکى کوردستان بکات، بڕیاریانداوه ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه رابگه‌یه‌نن.
هه‌روه‌ها موسه‌نا ئه‌مین راشیگه‌یاند هاوپه‌یمانێتییه‌که‌یان بۆ ئه‌وه پێکهێناوه به‌رگرى له قووتى خه‌ڵکى کوردستان بکه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى نیشتمانى هاوپه‌یمانى ببه‌ستن نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌نده‌ڵکاران.
هاوکات، جه‌ختیشیکردوه‌ته‌وه که "هاوپه‌یمانیى هیواى کوردستان" خۆى له ده‌مارگیریى حزبى و فیکرى و تایه‌فى به‌دوور ده‌گرێـ و ناسنامه‌که‌ى کوردستانییه و په‌رۆشى مافه‌کانى گه‌لى کورده، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که به‌رژه‌وه‌ندیى عیراقپیان له‌به‌رچاو نییه‌و له‌پێناو مافه‌کانى هه‌موو گه‌لى عیراق و چاره‌نوسێکى هاوبه‌ش بۆ چاکسازى کار ده‌که‌ن.
ئه‌ندامانى گروپى 15 بریتین له:
٭ پێنج په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى گۆڕان (یوسف محه‌مه‌د- هۆشیار عه‌بدوڵا- کاوه مه‌حمود- غالب محه‌مه‌د- به‌هار مه‌حمود)
٭ دوو په‌رله‌مانتارى کۆمه‌ڵى ئیسلامى (ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، سه‌لیم شوشکه‌یی)
٭ دوو یه‌کگرتووى ئیسلامى (موسه‌ننا ئه‌مین، جه‌مال کۆچه‌ر)
٭ دوو په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى ئاینده (سه‌رکه‌وت شه‌مس، رابون مه‌عروف)
٭ دوو په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌خۆ (رێبوار که‌ریم، عه‌بدولبارى مه‌جید)
٭ دوو په‌رله‌مانتارى جیابووه‌وه‌ى فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ (یوسرا ره‌جه‌ب، سروه ونس)
