ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى بۆ هاوڵاتى: سێ رێگا چاره‌سه‌رى موچه‌ى موچه‌خۆران ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت سێ رێگا چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ بۆ باشبوونى دۆخى موچه‌ى موچه‌خۆران که‌ به‌پێویستى داده‌نێت کابینه‌ى نۆیه‌م کارى جدى له‌سه‌ر بکات.

ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌ جیهاندا کاریگه‌رى له‌سه‌ر دۆخى موچه‌ى موچه‌خۆران ناکات ئه‌گه‌ر شه‌فافیه‌تى راسته‌قینه‌ نه‌بێت و چاکسازى نه‌کرێت، ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى پێشووى سامانه‌ سروشتییه‌کان له‌رابردوودا ئه‌وه‌ى وت که‌ یه‌ک به‌رمیل نه‌وت بگاته‌ 100 دۆلاریش ئه‌گه‌ر سیستمه‌که‌ ده‌ستکارى نه‌کرێت دۆخى دارایى هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت".

ناوبراو وتیشى:" ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وتى خاو بۆ هه‌ر به‌رمیلێک بگاته‌ 80 دلۆلارییش ئه‌مان ناتوانن کێشه‌ى موچه‌ى موچه‌خۆران چاره‌سه‌ر بکه‌ن، چونکه‌ شه‌فافیه‌ت نییه‌و داهاته‌کان ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى".

ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، ئاماژه‌ى به‌ سێ رێگا کرد بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆخى ئابوورى و موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان که‌ بریتین له‌:

یه‌که‌م: رێککه‌وتنێکى گشتگیر له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌و ده‌روازه‌ سنورییه‌کان.

دووه‌م: چاکسازى راسته‌قینه‌ له‌وانه‌ى که‌ موچه‌ى بندیوارى وه‌رده‌گرن لاببرێن، به‌ڵام یه‌کێتى و پارتى به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌رۆن له‌ ئێستادا ئاماده‌ نین بندیواره‌کانى خۆیان لاببه‌ن و موچه‌کانیان ببرن .

سێیه‌م:گه‌رانه‌وه‌ى سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌وتى و نانه‌وتییه‌کان به‌تایبه‌ت داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌کان بۆ ناو خه‌زێنه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى و رێگرتن له‌قاچاغچێتى له‌ خاڵه‌ سنورییه‌کان.

"به‌هه‌ده‌ردان و قاچاغچێتى به‌رده‌وامه‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا، ناکرێت موچه‌ى 13 هه‌زار به‌خێوکه‌ر له‌ه‌زاره‌تى شه‌هیدان ببریت که‌ به‌هه‌مووى ملیارێک دینارى مانگانه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت له‌کۆى 980 ملیار دینارى موچه‌خۆران، به‌ڵام بندیوارى حزبه‌کان بمێنێته‌وه‌و لانه‌برێت"، هه‌ڵه‌دنى وا ده‌ڵێت.
 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار