سه‌رۆکى هه‌رێم له‌باره‌ى دوو فیلمى ئێرانى راگه‌یه‌ندراوێکى"توند"ى بڵاوکرده‌وه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان راگه‌یێندراوێکى له‌باره‌ى ئه‌و دو فیلمه‌وه بڵاوکرده‌وه که میدیاکانى ئێران له‌سه‌ر "هه‌ولێر و پێشمه‌رگه و شه‌ڕى داعش" بڵاویکردونه‌ته‌وه و تیایدا ده‌ڵێت:" هه‌وڵیان داوه راستییه‌کان بشێوێنن و سوکایه‌تى به پێشمه‌رگه و سه‌رکردایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن و خۆڕاگریى خه‌ڵکى کوردستان بشارێته‌وه".
ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه 26ى کانونى دووه‌مى 2021 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان هاوکارییه‌کانى ئێران بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌کاتى شه‌ڕى دژى داعشدا په‌یوه‌ندییه‌کانى به‌هێزتر کرد، به‌ڵام "ئه‌و ئاژانسه فه‌رمییه له کۆمارى ئیسلامیى ئێران (ئاژانسى هه‌واڵیى فارس)، به‌و کاره‌ى هه‌وڵده‌دات زیان به په‌یوه‌ندییه‌کان و دۆستایه‌تیى نێوانمان بگه‌یه‌نێت".
ده‌قى راگه‌یێندراوى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان:
له‌م ماوه‌یه‌دا ئاژانسى هه‌واڵى فارس له ئێران، له ڕێگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى دو فیلمه‌وه له‌سه‌ر هه‌ولێر و پێشمه‌رگه و شه‌ڕى داعش، هه‌وڵى داوه ڕاستییه‌کان بشێوێنێت و سوکایه‌تى به پێشمه‌رگه و سه‌رکردایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان بکات و خۆڕاگریى خه‌ڵکى کوردستان بشارێته‌وه.
هاوکارییه‌کانى ئێران بۆ هه‌رێمى کوردستان له کاتى شه‌ڕى داعشدا په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوانمانى به‌هێزتر کرد، ئه‌و ئاژانسه فه‌رمییه له کۆمارى ئیسلامیى ئێران، به‌و کاره‌ى هه‌وڵ ده‌دات زیان به په‌یوه‌ندییه‌کان و دۆستایه‌تیى نێوانمان بگه‌یه‌نێت. ئه‌و کاره گیانى ئه‌و شه‌هیدانه‌ش ناشاد ده‌کات که ئه‌و ڕۆژانه پێکه‌وه له یه‌ک سه‌نگه‌ردا به‌رامبه‌ر داعش شه‌هید بون. بێگومان کارێکى ئاواى پێ له نادروستى و پێ له شێواندنى ڕاستى و منه‌تکردنى به‌و شێوه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌خلاق و هه‌ڵسوکه‌وته‌شدا یه‌ک ناگرێته‌وه که فه‌رمانده‌ى شه‌هید قاسم سلێمانى هه‌یبو. بۆیه کارى به‌و شێوه‌یه دڵسۆزى نییه بۆ کۆمارى ئیسلامیى ئێران و فه‌رمانده‌ى شه‌هید، به‌ڵکو تێکدانى ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌یه که فه‌رمانده قاسم سلێمانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان په‌ره‌ى پێدابو.
پشتیوانییه‌کانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران له کاته سه‌خته‌کاندا بۆ خه‌ڵک و لایه‌نه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و له سه‌ره‌تاى هێرشى داعشدا بۆ سه‌ر کوردستان که به چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و ژماره‌یه‌ک ڕاوێژکار به فه‌رمانده‌ییى فه‌رمانده قاسم سلێمانی، هاوکاریى پێشمه‌رگه‌یان کرد، هه‌میشه جێگه‌ى سوپاس و ڕێزه و له‌کاتى خۆیدا هه‌رێمى کوردستان به ڕ‌ونى ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندوه. هه‌روه‌ک چۆن هاوکاریى هاوپه‌یمانیى نێودوڵه‌تیى دژى داعش، به‌تایبه‌تى هاوکاریى کاریگه‌ر و ماوه‌درێژى ئه‌مه‌ریکا، هه‌روه‌ها هاوکاریى وڵاتانى ئه‌وروپا و ناوچه‌که، به هه‌مان شێوه هاوکاریى حیزبه کوردستانییه‌کانیش له ڕۆژانى سه‌ره‌تاى هێرشى داعشدا بۆ سه‌ر کوردستان له‌بیر ناکرێن. هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه به چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى له‌لایه‌ن ئێران و دواتریش هاوکاریى به‌رفراوانى هاوپه‌یمانان زۆر گرنگ بو، چونکه به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڕێگه نه‌ده‌درا حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ک له ده‌ره‌وه بکڕێت و حکومه‌تى عێراقیش چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى نه‌ده‌دایه پێشمه‌رگه، هێزى پێشمه‌رگه به چه‌کى زۆر ساده، به‌رامبه‌ر دڕنده‌ییى داعش و چه‌که پێشکه‌وتوه‌کانى وه‌ستابوه‌وه.
له کاتى هێرش و شه‌ڕى داعشدا، هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به فه‌رمانده‌یى و ئه‌زمونى چه‌ندین ساڵ خه‌باتى پێشمه‌رگایه‌تیى سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی، وه‌ک سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان، له‌سه‌ر زه‌وى هێرشى داعشى ڕاگرت و هێزى داعشى له ناوچه‌که‌دا تێکشکاند، ئه‌وه‌ش تێکشکاندنى هێزێکى تاریکپه‌رستى ئه‌وتۆ بو که هه‌ڕه‌شه بو له‌سه‌ر هه‌مو وڵاتانى ناوچه‌که و ئازادى و ئاسایشى هه‌مو جیهان. هه‌رێمى کوردستان که وه‌ک هه‌میشه شوێنى پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ى نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌کان بوه، جارێکى دیکه بوه‌وه به په‌ناگه‌ى پاراستنى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌مو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاکان، ئه‌وه‌ش به هاوکاریى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و خه‌ڵکى کوردستان و ڕێکخراوه ناوخۆیى و جیهانییه‌کان، له‌پێش هه‌موشیانه‌وه له سایه‌ى به‌رگریى به‌هێزى پێشمه‌رگه بو.
ئێمه ئه‌و دو فیلمه به سوکایه‌تیکردن به خۆڕاگریى خه‌ڵکى کوردستان و سه‌رکردایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان داده‌نێین، هه‌روه‌ها به سوکایه‌تیکردن به قاره‌مانییه‌تیى پێشمه‌رگه و خوێنى شه‌هیدانى کوردستان و له هه‌مان کاتدا به سوکایه‌تیکردن به بنه‌ما و باوه‌ڕه‌کانى فه‌رمانده‌ى شه‌هید قاسم سلێمانى داده‌نێین. له ڕاستیدا ئێمه هیچ سودێک له به‌رهه‌مهێنانى فیلمى ئاستنزم و دور له ڕاستیى به‌و شێوه‌یه‌دا نابینین، جگه له هه‌وڵێک بۆ تێکدانى هاریکاریى ناوچه‌یى و دروستکردنى ناکۆکى له‌نێوان گه‌لانى دۆست له ناوچه‌که‌دا. بۆیه له ڕوانگه‌ى هه‌بونى په‌یوه‌ندیى دۆستانه و هاوکاریى له‌مێژینه له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا، داواى هه‌ڵوێستێکى گونجاو له کۆمارى ئیسلامیى ئێران به‌رامبه‌ر ئه‌و دو فیلمه ده‌که‌ین که بوه‌ته هۆى بریندارکردنى هه‌ستى گه‌لى کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان

