هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش: لە کەرکووک نۆ چەکداری داعشمان کوشت
.jpg)
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، لە نزیک کەرکووک نۆ چەکداری داعشمان کوشت، چەکدارێکیشمان دەستگیرکردووە.
وەین مەراتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئهمڕۆ چوارشهممه، 27کانونى دووهمی 2021 بڵاویکردووەتەوە و رایگەیاند "هاوبەشەکانمان لە هێشتنەوەی فشارى سەر داعش بەردەوام دەبن"، دەشڵێت "بەیەکەوە داعش تێکدەشکێنین".
لەلایەن خۆیەوە وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی پارێزگای كەركووكدا هێزە ئەمنییەكان پێنج بەرپرس و ژمارەیەك چەكداری داعشیان كوشتوون.
لیوا یەحیا رەسوول، وتەبێژی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیێندراوێكدا وتی، "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەی شەهیدان، كە لە هەینیی رابردووەوە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەستپێكراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27-01-2021 دەزگای دژە تیرۆر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی نیشتمانیی ئۆپەراسیۆنێكیان لە باشووری پارێزگای كەركووك ئەنجامدا.
یەحیا رەسووڵ ئاماژەی بەوەش کردووە "هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایە سەر حەشارگەكانی داعش و ژمارەیەك لەو چەکدارانەی داعش پشتێنەی بۆمبڕێژكراویان بەستبوو بە گوللـەی هێزە ئەمنییەكان کوژران، هەروەها ژمارەیەك بەرپرس و چەكداری دیكەش كوژران، دیارترینیان بەرپرسی بەشی ئەندازیاری گشتی لە عێراق، بەرپرسی گەیاندن و ئامێری ئەلیكترۆنی لە پارێزگای كەركووك، دوو بەرپرسی جبەخانەكانی داعش بوون".
ئەمەش لەکاتێکدایە کە داعش ناوبەناو چالاکی و کردەوەی خۆکوژی ئەنجامدەدات، دوایینیان هێرشە خۆکوژییەکەی چەند رۆژی رابردووی بەغدا بوو کە بەهۆیەوە لانیکەم 32 کەس کوژران و 110 کەسی دیکەش برینداربوون.

