وەزیری پەروەردە: کاته‌که‌ گونجاوه‌ بۆ کردنه‌وه‌ى خوێندنگه‌کان

5 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە روی تەندروستییەوە زەمینەکە گونجاوە بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن".

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند سەبارەت بە کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن ئەوان پێشنیازەکانیان ئامادەکردووە و چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەکەن.

وەزیری پەروەردە وتی: "ئێمە ناتوانین نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی و خوێندکار وەکو جاران ببەینەوە نێو ناوەندەکانی خوێندن، دەبێت میکانزمی نوێ بگیرێتەبەر بە رێنمایی و راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی، بۆ ئەوەی بتوانین دەرگای قوتابخانەکان بکەینەوە، بەڵام بە شێوازێک گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران پارێزراو بێت".

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە هەر حاڵەتێکدا هەستیانکرد کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی گشتی دروست بکات: "ئەوا لە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە بەشێوەی دەوری کۆدەبێتەوە بڕیاری پێویست دەدەین".

ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیون، بە جۆرێک ئێستا رۆژانە کەمتر لە 100 کەس تووشی کۆرۆنا دەبن، مردنیش بە ڤایرۆسەکە زۆر کەمبووەتەوە. 

ئالان حەمەسەعید دەڵێت: "لە رووی مەبەدەئییەوە تا راددەیەک ئامارەکان دڵخۆشکەرن، تا راددەیەک زەمینەکە گونجاوە لە رووی تەندروستییەوە بۆ ئەوەی بتوانین ناوەندەکانی خوێندن بەو میکانزمانەی کە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئێمە دیاری دەکەن، بکەینەوە".

 بڕیاردرا لە رۆژی شەممە 16-1-2021 خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستپێبکاتەوە، هەروەها دەوامی قۆناخەکانی دیکەش لە 1ـی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی لە 1-3-2021 دەستپێدەکاتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار