كچانی كۆبانێ
سەردار عەزیز
4 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
نیوەڕۆی رۆژی (١٨)ی مانگ بەكاتی رۆژهەڵاتی ئەمریكاو كەندا، ئینستیتۆی نیولاین، وێبینارێكی بۆ نووسەری كتێبی كچانی كۆبانی گایلا لیمۆن سازكرد، لە وێبینارەكەدا رەشا ئەلعەقیدی، كە لێكۆڵەرێكی بەڕەچەڵەك خەڵكی موسڵە، پرسیارەكانی ئاراستەی گایلا دەكرد، رەشا ئافرەتێكی لێهاتووەو سەرپەرشتی بەشی بواری نادەوڵەتی دەكات لەئینستیتۆی نیولاینس، ئەم ئینستیتۆیە نوێیە، بەڵام كاری باش دەكات، هەرزوو خەریكە توركەكان تیایدا زاڵن دەبن و دیدی خۆیان دەسەپێنن، لێكۆڵەری كورد دەبێت بیر لەئەم ناوەندانە بكاتەوە.
گایلا بەڕەچەڵەك جولەكەیەكی عێراقییە، باوكی لەبەغدا لەدایكبووەو باپیری لەكەركوك. كاتێك سوپاسم كرد بۆ نووسینی ئەم كتێبە و پێم گوت كە لەكوردستان بووە بەكەسێكی ناسراو، لەقاقای پێكەنینی داو باسی پاشخانی خۆی كرد.
گایلا پێش ئەوەی ئەم كتێبە بنووسێت دوو كتێبی تری نووسیوە لەسەر ئافرەتان لەجەنگ و دۆخی جەنگدا، یەكێك لەكتێبەكانی ناوی شەڕی ئاشلیە، كە دەربارەی تیمێكی سەربازیی ئەمریكییە كەهەموو ئەندامەكانی ئافرەت بوون، ئافرەت و تواناو دەسەڵاتی ئافرەتان كرۆكی بابەتەكان و دیدی گایلایە.
یەكێك لەئەندامانی ئەو تیمە ئافرەتێكە بەناوی كاسی، ئەم كاسییە پاش ئەفغانستان دێت بۆ عێراق و پاشان دەچێتە سوریا، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ كاسی پەیوەندی دەكات بە گایلاوە، هەرچەندە گایلا ژمارەكە ناناسێتەوە، بەڵام وەڵامدەداتەوە، كاسی داوای لێدەكات كەدەبێت بێت سەردانی سوریا بكات، لێرە ئافرەتان نەك هەر شەڕ دەكەن، بەڵكو سەركردایەتی پیاوانیش دەكەن بەبێ ئەوەی هیچ كێشەیەك دروستبێت، كاسی بە گایلا دەڵێت لەڕاستیدا من ئیرەییان پێدەبەم.
گایلا دەستوبرد بڕیار نادات، لەگەڵ كاسیدا لەڕێگای وەتس-ئاپەوە دەكەونە پەیوەندی. پاش ساڵێك گایلا بڕیار دەدات كە بچێت بۆ رۆژئاڤا.
گایلا لەكوردستانی باشورەوە دەچێتە رۆژئاڤا، لەكاتی هاتنی وێنەی ئەو بڕیارەی پێیە كە لەچلەكانی سەدەی رابردوو كاتێك دەوڵەتی عێراق بڕیاری دەركردنی جولەكە دەدات لەعێراق، كەدەبێت لەماوەی (10) رۆژدا وڵات بەجێبهێڵن بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت هیچ شتێك لەگەڵ خۆیاندا ببەن.
ئەم رووداوە رووداوێكی سەردەمی مناڵی خۆم بیردەخاتەوە كاتێك لەچێشتخانەكەمانەوە، لەسەر رێگای سلێمانی بەغدا، كوردە فەیلییەكانم دەبینی لەعێراق دەردەكران، بەڕاستی دەوڵەتی عێراقی دەوڵەتێكی فاشیی عەیار بیست و چوارە.
گایلا لەڕۆژئاڤا دەیەوێت چیرۆكی كچان بنووسێتەوە، ئەو نیوەڕۆیە لەدیدارەكەدا وتی، لەهیچ كوێی دونیادا ئافرەتانی نەبینیوە هێندە مورتاح بن بەهەبوونی دەسەڵات، ئەو كچانەی كەچیرۆكیان دەگێڕێتەوە: نەورۆزو روژدەو عەزیمەو زنارینە، هەروەها ئیلهام ئەحمەدو فەوزییە یوسف، بەڵام ئەم چیرۆكە ناتوانرێت تەنها چیرۆكی كچان بێت، بەڵكو چیرۆكی مێژوو و جیوپۆلەتیك و دیپلۆماتەكانە، یەكێك لەو دیپلۆماتكارانە كە ناوی زۆر دەهێنرێت كەسی برێت مەكگۆركە، برێت كە ئەوكاتە كار لەسەر عێراق دەكات، لەكاتی كەوتنی شەنگال و بەهاناهاتنی پەیەدە، بە پەیەدە ئاشنا دەبێت، شەنگال ئەو رووداوەیە كە ئەمریكاو پەكەكە بەیەك دەگەیەنێت، ئەم پەیوەندییە بە ئاسانی درووست نابێت. بۆیە لە ٢٠١٤ەوە هەتا ٢٠١٦ دەخایەنێت، پاش شەنگال مەكگۆرك دەبێتە دەنگێكی دیار لەهەوڵدانی بۆ رازیكردنی ئیدارەی ئۆباما بەهاوكاری رۆژئاڤا.
كە شەێ دەگاتە كۆبانێ، دونیا لەڕێگای كامیراكانەوە دەبێتە بینەر، ئەمە كارئاسانی بۆ مەكگۆرك دەكات، كە ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێت كەئەگەر بێتو كۆبانێ بكەوێت ئەوا داعش بەئاسانی دەست بەسەر عێراقدا دەگرێت و توانای مانەوەی دەبێت، لەجێگای تردا مەكگۆرك باسی دەكات كە لەمیانەی گفتوگۆی لەگەڵ توركەكاندا، توركیا هەرگیز ئامادەنەبووە بۆ هاوكاری بۆ شەڕی داعش، بەڵكو هەمیشە ئامانجی شەڕی كورد بووە.
چیرۆكی دروستبوون و ناونانی سوپای دیموكراتی سوریاش بۆ خۆی چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشە. ئەم ناوە لەمیانەی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی نێوان ئەمریكاییەكان و مەزڵوم عەبدیدا، مەزڵوم پێشنیاری دەكات.
سەرەتای گۆڕینەوەی گفتوگۆ لەنێوان ئەمریكییەكان و پەیەدەدا لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت. كەسێك بەناوی پۆلات جان، لەسلێمانی دەبێت. پۆلات شارەزای مێژووە و چەند زمانێك بەباشی قسە دەكات و خاوەن پاشخانێكی ئەكادیمییە. پەیەدە پۆڵات دەكات بەنوێنەری خۆی، ئەویش لەپەیوەندیی چڕدا دەبێت لەگەڵ ئەمریكاییەكاندا، ئەو هاوینە سەربازێكی ئەمریكی كە تایبەتمەندە لەبواری هێزە توندڕەوەكاندا ناوی لیو جەیمسە دەگاتە سلێمانی. لیو و پۆلات دەبنە هاوڕێ. ئەمریكا و پەیەدە لەگفتوگۆو بێرەو بردەی زۆردا دەبن. ئەمریكاییەكان بەدوای شێوازێكدا دەگەرێن كە لەڕێگایەوە بتوانن هاوكاری پەیەدە بكەن. توركیا رێگری سەرەكی دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە ئەمریكاییەكان بەهانەی ئەوە بەتوركیا دەدەن كە ئەوان تەنها هاوكاری عەرەبەكانی ناو سوپای دیموكراسی سوریا دەكەن. چیرۆكی دروستبوون و ناونانی سوپای دیموكراتی سوریاش بۆ خۆی چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشە. ئەم ناوە لەمیانەی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی نێوان ئەمریكاییەكان و مەزڵوم عەبدیدا، مەزڵوم پێشنیاری دەكات.
كاتێك لەمانگی یەكی ساڵی ٢٠١٦ بۆ یەكەمجار مەكگۆرك بەسەفەر دەچێت بۆ رۆژئاڤا، پۆڵاتیشی لەگەڵدا دەبێت. لەو گەشتەدا مەزڵوم و ئیلهام ئەحمەد داوای سەرەكییان لەمەكگۆرك ئەوەیە كە هەوڵبدات وەك ئەندامی دانیشتنەكانی جنێف قبوڵ بكرێن، بەڵام توركیا رێگر دەبێت لەم هەوڵە، ئامۆژگاری مەكگۆرك ئەوەیە كە وەها باشە پەیەدە هێندە خۆی بەجنێفەوە خەریك نەكات، بەڵكو زیاتر جەخت لەئەوە بكاتەوە كە تیرەتۆری یان خاكی زیاتری بكەوێتە دەست، چونكە لەكۆتاییدا خاك بڕیاردەرە، نەك جنێف.
بۆ گایلا رۆژئاڤا لەچەندین ئاستدا جێگای سەرنجە، بەڵام لەهەمووی زیاتر یەكسانی ژن و پیاوە، بەدیدی ئەو رێگرتن لەخواستەكانە هۆكاری سەرەكی ناسەقامگیرییە لەدونیادا. كاتێك لێمپرسی لەسەردەمی كشانەوەی ئەمریكادا، ئەوا رۆژئاڤا وەك چیرۆكێكی تاقانە دەمێنێتەوە، بەڵام رەشا ئەو بەشەی پرسیارەكەی قرتاند، ئەو وەك عەرەبێك هەوڵی ئەوەی دەدا كە بۆیاغێكی عەرەبی بە چیرۆكەكە بدات، گوایە رۆژئاڤا لەتونسەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. بەڵام بەگشتی پشتیوان بوو، بەتایبەتی كاتێك مامەڵەی پەیەدەو هێزە عێراقییەكانی بەراورد دەكرد.
كتێبەكەی گایلا لەوەدا گرنگە كەچیرۆكێك بۆ رووداوێكی ناوازە دروستدەكات، مەبەستم لەچیرۆك لێرەدا سەربوردەیەكی خەیاڵی نیە، چونكە كتێبەكەی گایلا رۆمان نیە، ئەمڕۆ لەدونیادا ئەگەر چیرۆكت نەبێت ئەوا ئامادەییت نیە. چیرۆك لەخۆیەوە دروستنابێت. چیرۆك لەهەناوی جیوپۆلەتیكدا چەند خەسڵەتێكی هەیە: خەسڵەتی هەرە سەرەكی جیاوازی یان جوداییە، ئایا چەندێك ئەزموونی تۆ جودایە لەئەوانەی دەروبەرت؟ ئەم جیاوازبوونە بەئاسانی نایەتەدی، بۆیە لەپشت چیرۆكی كچانی كۆبانێەوە تارماییەك هەیە كەتارمایی ئۆجەلانە، خەسڵەتی دووەمی چیرۆك ئەوەیە كە یەكێك لەسروشتەكانی مرۆڤ ختۆكە بدات، لێرەدا مەبەستم لەسروشتەكان ئەو خەسڵەتانەیە كە مرۆڤ پێی باشە یان جوانە یان خۆشە دەربارەیان ببیستێت، وەك ئازادی ئافرەت، سروشت دۆستی، پاكی، ئازایەتی، بەرگریی.
كورد بەگشتی چیرۆكێكی دڵگیری هەیە بۆ دونیای بگێڕێتەوە. بەڵام ئەزمونی هەرێمی كوردستان ئێستا بەئاراستەیەكدا دەچێت كە خەریكە ئەو چیرۆكانە بەتاڵ دەكاتەوە. هەرێم بە ئاقارێكدا دەچێت كەهیچ جیاواز نیە لە مۆدێلی دەسەڵاتەكانی تری ناوچەكە. ئەمە سەرەتای ئەو تراژیدیایەیە كەكەس تاقەتی بینین و بیستنی نیە.