پڕۆژەی قەرزی بچووك لەم مانگەدا دەستپێدەكاتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی سەر بەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند لەم مانگەدا پێدانی قەرزی پڕۆژەی بچووك بۆ گەنجان لەهەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە.
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی، سەر بەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەماوەیەكی نزیكدا دەست دەكەینەوە بەپێدانی قەرز بەگەنجان بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی بچووك لەهەرێمی كوردستان، ئەویش دوای گەڕانەوەی ئەو قەرزانەی پێشتر بەخاوەن پرۆژەكان دراوە كەماوەی مانگێكە دەست بەوەرگرتنەوەیان كراوە».
لەماوەی ساڵانی رابردوو هەشت هەزارو (136) كەس لەقەرزی پرۆژەی بچووك لەسەرتاسەری هەرێم سودمەند بوون و لەو ماوەیە (32) ملیار دیناریان پێدراوە بەپێی ئاماری وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی.
هەروەها بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی، باسی لەوەشكرد لەكاتی دەستپێكردنەوەی ئەو قەرزە بەهەمان میكانیزمی جاران دەبێت و لەیەك ملیۆن دینار تا (15) ملیۆن دینار دەدرێت بەو كەسانەی دەیانەوێـت پڕۆژەی بچووك دابمەزرێنن.
ئارام ئەنوەر، پێشیوابوو دەستپێكردنەوەی ئەو قەرزە كاریگەریی باشی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و رەخساندنی دەرفەتی كار، بەتایبەتی ئێستا دامەزراندن لەدامودەزگاكانی حكومەت نیە و خوێندكارێكی زۆر زانكۆیان تەواو كردووە.
ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد لەئێستا نزیكەی (32) ملیار دینار لای ئەو هاووڵاتیانە ماوە كەقەرزی بچووكیان وەرگرتووە و دەبێت بیگەڕێننەوە سەر هەژمارە بانكییەكان»ئەوانەی كەقەرزی بچووك وەردەگرن لەنێوان تەمەنی (20) بۆ (30) ساڵیدان و رێژەكە زۆربەی كوڕانن، بەڵام لەسەدا (15) كچانن».
پرۆژەی قەرزی بچووك لەیەك ملیۆن دیناری عێراقییەوە دەستپێدەكات، تا (15) ملیۆن دیناری عێراقی بەبێ سوو خستنەسەر دەدرێتە ئەو گەنجانەی كەتەمەنیان لەسەروو (16) ساڵەوە بێت تا (32) ساڵی، خەڵكی هەرێم و دانیشتووی هەرێم بن و هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نەبێت، واتە مووچەخۆری حوكمی نەبن، توانای بەڕێوەبردنی هەبێت و دەیانەوێت پڕۆژەیەكی بازرگانی، كشتوكاڵی، پیشەسازی و گەشتیاری بنیات بنێن.
یەكێك لەو گەنجانەی ماوەی زیاتر لەچەند ساڵێكە بەو قەرزە دوكانێكی سەرتاشی داناوەو باس لەسوودی ئەو پڕۆژەیە بۆ گەنجان دەكات.
رێبەر محێدین، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « كاتێك زانكۆم تەواو كردو هیچ كارێك نەبوو بیكەم ئەو پڕۆژەیە بووە هاوكارم و بوومە خاوەن كاری خۆم».
ئەم كوڕە ئێستا دوكانێكی سەرتاشی هەیە، بووەتە خاوەن كاری خۆی و دوو كەسی دیكە لەدوكانەكەیدا كاردەكات و پێشیوابوو ئەم پڕۆژانە دەبنە رەخساندنی هەلی كار بۆ كەسانی دیكەش، بۆیە بەلایەوە گرنگە بەردەوام بێت.
وتەبێژی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت:» پڕۆژەی قەرزی بچووك جارێ نەبووەتە بڕیار، لەناو وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجومەنێک هەیە بۆ قەرزی بچووک، تێیدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی قەرزی بچووك لەهەفتەی داهاتوودا دەكرێت و بڕیاری كاتەكەی بەتەواوەتی دەدرێت».
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی روونكردەوە كە شێوازی قەرزپێدانەكە، هەروەك ساڵانی رابردوو دەبێت، تەنیا خاڵێكیان بۆ زیادكردووە كەدەبێت ئەو كەسەی پرۆژە دەكات ماوەی (15) رۆژ خولێكی راهێنان لەبوارەكەی خۆیدا ببینێت.