نامەی نەتەوەیەکی چەوساوە

4 ساڵ لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی 

ئەو دەرفەتانەی لە مێژوودا بۆ کورد ڕەخساون یەکێک لەو فاکتەرانەی بۆتە هۆی شکستی دەسەڵاتەکانی کوردو شۆڕشەکانی جگە لە یارییە جیۆپۆلۆتیکیەکانی ناوچەکە، مەسەلەی ناهاوسەنگی هاوکێشەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بووە. ئەوەش ئەوە بووە هەرکات ماڵی کورد ئامادەبووە، دەرەوەی ماڵی کورد نا ئامادەبووە، بە پێچەوانەوە ئەوکاتەی دەرەوەی ماڵی کورد ئامادەبوبێ ناوماڵی کورد نا ئامادەبووە.

دەکرێ ( کۆماری کوردستان و سەردەمی حوکمڕانی شێخ مەحمود ) بە نمونە وەربگرین و قسە لەسەر ئێستای هەرێمی کوردستان بکەین، کە دوو ئەزموونی پێشوو شکستیان خوارد ئەزمونی هەرێم ئایندەی دیار نییە لە گەمەی ناوچەکەدا، چونکە هەموو جار دەوڵەتانی زلهێز ئەڵقەی لاواز دەکەنە قوربانی لە ململانێکاندا، ئێستاش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دینامیکیەتێکی زۆر لە ڕوداو گۆڕانکارییەکانیدا هەیە، بۆتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە گەورەو ناوچەییەکان بۆ یەکلایکردنەوەو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکان و ڕێکخستنەوەی سیاسی و نفوزی هێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بە تێگەشتنی قوڵی بۆ ئەزمونەکانی کورد لە دوێنێداو بەرژەوەندی هێزەکان لە ئەمڕۆدا  سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی  سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد، کە هەر چوار ڕەهەندی دەستوری و سیاسی و جوگرافی و ئابوری لە خۆی گرتبوو، سەرۆک نێچیروان باش دەزانێ لە مێژوودا ناهاوسەنگی لە هاوکێشەکاندا گورزی گەورەی لە کورد سرەواندووە، هەر بۆیە لە جوڵەیەکی چڕی دبلۆماسیدایە بە هەردوو ئاڕاستەی ناوەوەو دەرەوە، بۆ ئەوەی لەم گۆڕانکارییانەدا دەرەوەی ماڵی کوردو ناوماڵی کورد ئامادەکات بۆ ئەوەی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بە دەردی کۆماری کوردستان و حکومڕانی شێخ مەحمود نەچێت.

بۆیە لای سەرۆک نێچیرەوان گرنگ نییە چۆن باسی قەیرانەکان بکەین گرنگە چۆن لە قەیرانەکان دەربازببین، دەیەوێ کارێک بکات بە دەربێت لە پێشبینی وەک سلاڤۆی ژیژەک دەڵێ( باشترین سەرکردە ئەوەیە ئەو شتە بڕەخسێنێ بەدەر لە پێشبینی ئەوان) یاریچییەکانی ناوچەکەش لەسەر تیورییەکەی ئۆگست بیبڵ کاردەکەن کە دەڵێ( هاوپەیمانی لەتەک شەیتان و نەکی شەیتان دەکەم بۆ بەرژەوەندییەکانم ) هەر بۆیە پێویستە کورد زۆر هەستیار بێت لە پێناوی گەمەی بچوکدا یارییە گەورەکە نەدۆڕێنێ، چونکە ناوچەکە بۆ لە دایکبونێکی نوێ هەنگاو دەنێ، هەروەک تۆماس فریدمان بۆ کورد دەڵێ( پشتێنەکان توند ببەستن هەورازو نشێو زۆر لەڕێیە) هەموو ئەم جوڵانەی سەرۆکی هەرێم لە پێناوی دەربازبوونی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستانە لە گۆڕانکارییەکاندا، نامەکەشی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان نامەی گەلی کوردستان بوو، بۆیە پێویستە هەموو پێکهاتەکان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان دڵخۆشبن بەو نامەیەو پشتگیری بکەن و بە نامەی خۆیانی بزانن، چونکە نامەی نەتەوەیەکی مەزڵومە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار