‌نوری حەمە عەلی بەرپرسی میحوەری پردێ: پێشمەرگە كەمتەرخەمی نەبووە

دوو لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر هێرشەكەی داعش بۆ سەر پێشمەرگە پێكدەهێنرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



سەرچین ساڵح

لەسەر هێرشەكەی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەبەرزاییەكانی زورگەزراو و شێراوە كە سێ شەهیدو دوو برینداری لێكەوتەوە وەزارەتی پێشمەرگەو پەرلەمانی كوردستان لیكۆڵینەوە لەكەموكورتییەكان و هۆكاری هێرشەكە دەكەن.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە داعش هێرشی كردەسەر سەنگەركانی پێشمەرگە لەبەرزاییەكانی زورگەزراو و شێراوەو لیوای 10ی پێشمەرگە لەسنووری پردێ كە بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو پێشمەرگە برینداربوون.

دوای كۆتایهاتنی شەڕەكە هۆكاری روودانی هێرشەكە بۆ هەبوونی بۆشاییەكی ئەمنی زۆر گەڕایەوە لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا لەسنورەكە، كەداعش سودی لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە بۆ جموجوڵی چەكداری و خۆحەشاردان و هێرشكردن.

لەسەر هۆكاری شەڕەكە و كەموكورتییەكانی سەنگەرەكان وەزارەتی پێشمەرگەو لیژنەی كاروباری پێشمەرگە بەجیا لێكۆڵینەوە دەستپێدەكەن.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: «كەمتەرخەمی زۆرجار لەسەنگەرەكاندا هەیە بەتایبەتی بەكارهێنانی موبایل بۆ تەلەفون و ئەنتەرنێت لەلایەن پێشمەرگەوە لەكاتی واجب و حەرەسیاتدا زەرەری گەورەی لێكەوتووەتەوە».

ناوبراو ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەفەرمی ئەو داوایەش دەگەیەنینە وەزارەتی پێشمەرگە بەكارهێنانی موبایل قەدەغە بكات لەكاتی واجباتدا»هەركاتێك پێشمەرگە كەمتەرخەم بووبێت زەرەری زۆری كردووە، بۆیە لەسەر هێرشەکە لیژنەی كاروباری پێشمەرگە سەردانی مەیدانیی سەنگەرەكان دەكات و لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەكەین».

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ریفراندۆمەوە، هەر هێرشیێك لەلایەن داعشەوە بۆسەر پێشمەرگە ئەنجامدرابێت راستەوخۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی بەبیانوو هێنراوەتەوە.

لەماوەی رابردوودا چەندین كۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ئەنجامداراوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەكاتی سەردانیكردنی بۆ میحوەری دووی حەمرین رایگەیاند، لەڕابردوودا دوای چەندین سەردان و گفتوگۆ لەڕووی سەربازییەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق نەگەیشتینە هیچ رێكکەوتنێك، ئەگەرچی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێشخەربوون بۆ ریکكەوتن.

ناوبراو داوای لەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە راستەوخۆ تەداخول بكات تا هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگری بگەنە رێكکەوتنی هاوبەش و بتوانرێت ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش پێكبهێندرێت لەناوچە جێناكۆكەكاندا.

لای خۆیەوە  جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: « وەزارەتی پێشمەرگە لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر ئەو هێرشەی داعش و ئەو ئەنجامەی كە لەئەنجامی هێرشەكەدا كەوتووەتەوە».

لەبارەی كەموكورتییەكانەوە باسی لەوەكرد ئەو جۆرە شەڕو هێرشانە لەكتوپڕێكدا روودەدەن و سود لەشوێنێك دەبینن و هەڵیدەبژێرن بۆ هێرشەكەیان.

لەبەرامبەردا، نوری حەمە عەلی بەرپرسی میحوەری پردێی هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوڵاتى  وت: «كەس باسی كەموكورتی نەكردووە، پێشمەرگە لەسەنگەر شەهید بووە ئیتر كەموكورتی لەچی پێشمەرگەدا هەبووبێت لەكاتێكدا خۆی شەهید بووبێت».

لەبارەی گرتنەبەری رێكارەكانیان بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو حاڵەتەی روویدا وتی: «ئەوە بابەتێكی سەربازییە و ناكرێت لێرە قسەی لەسەربكەم».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار