دوور لەچاوی میدیا عەبدوڵا كوێخا موبارەك، مەسعود بارزانی بینیوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى. چەمچەماڵ
دوێنێ بەفەرمی عەبدوڵای كوێخا موبارەك چوونە ناو پارتی راگەیاند كە بۆ یەكەمجار لەگەڵ كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەركەوت و رایگەیاند:» هۆكاری جێهێشتنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن خیانەت و ناپاكی بووە «.
دوێنێ یەكشەممە 2ی ئایاری 2021، عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك ئەندامی پێشتری جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەكۆی گۆڕان لەچەمچەماڵ بەفەرمی خۆی و خزمەكانی چوونە ناو پارتییان راگەیاند.
عەبدوڵا كوێخا موبارەك وتی:» هۆكاری جێهێشتنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن خیانەت و ناپاكی بووە لەنێو ئەو بەرەیە نەك بەدەستهێنانی پلەو پۆست».
هەروەها وتیشی:» ئێمە بەنوێنەرایەتیی خزم و كەسوكار و هەوادارانمان لێرەین و بەكۆمەڵ بڕیارماندا لەمەودوا ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بین و پشتیوانیی ئەو حزبە بكەین.
«بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستانمان هەڵبژارد تائێستا ئەو حزبە ئێسكی نەشكاندووین و وەكو حزبێكی وەفادار بۆ ئەندام و لایەنگرانی خۆی رەچاوی خەباتی باووباپیرانمانی لە رابردوودا كردووەو بەشی ئاشتی لەگەڵدا هێشتووینەتەوەو باوەشی بۆ گرتبووینەوە»، عەبدوڵا كوێخا موبارەك وای وت.
نزیكەی دوومانگ لەمەوبەر وەفدی پارتی لەڕێگەی خزمەكانییەوە چەند جارێك بۆ هەواڵ پرسین سەردانی (عەبدوڵای كوێخا موبارەك)یان لەچەمچەماڵ كردووەو رێگایان خۆشكردووە بۆ ئەوەی ببێتە پارتی.
هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادارو نزیك لە عەبدوڵا كوێخا موبارەك بەهاوڵاتى. وت:» رۆژی 24ی نیسان عەبدوڵا كوێخا موبارەك لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییان لەسەری رەش و بارەگای بارزانی بینیوە».
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە «مەسعود بارزانی دوای گفتوگۆو باسكردن لەمێژوو و خەباتی پڕسەروەری مامی عەبدوڵا (شەهید نازم حەمە سلێمان) بەڵێنی پێداون كە پارتی هاوكارو دەستكراوە دەبێت لەگەڵیاندا و چ داواكارییەكیان هەبێت بۆیان جێبەجێ دەكرێت.
هاوكات مەكتەبی سیاسی پارتی راسپاردووە بەتایبەت كەمال كەركوكی سەرجەم داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكرێت.
ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر هەستیاری بارودۆخەكە نەیویست ناوی بهێندرێت، باسی لەوەشكرد بێجگە عەبدوڵای كوێخا موبارەك و مەحمودی برای و چەند كەسێكی دیكە، مەلا سەربەست كە ئامۆزایانە پێشتر ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان بووە كۆتا كەس بووە قەناعەتی كردووە ببێتە پارتی، بەڵام دوای ئەوە ئینجا دوێنێ بەفەرمی راگەیەندرا.
بەرپرسی لقی 19ی پارتی لەچەمچەماڵ دەڵێت:» بێگومان لەڕووی رێكخستن و جەماوەرییەوە لقەكەمان قورسایی خۆی وەردەگرێت».
رێبوار سەید ساڵح بەرپرسی لقی 19ی پارتی لەچەمچەماڵ بە هاوڵاتى وت: «بنەماڵەی كاك عەبدوڵا پێگەیەكی بەرفراوانیان لەناوچەكەدا هەیەو خاوەن كۆمەڵیك شەهیدن، بێگومان لەڕووی رێكخستن و جەماوەرییەوە لقەكەمان قورسایی خۆی وەردەگرێت، بنكەی جەماوەریمان فراوان دەبێت، هاتنیان جێگای خۆشحاڵی ئێمەیە بەدڵێگی گەورەوە پێشوازییان لێدەكەین».
هەروەها وتیشی: « تەنها خۆی نییە لەبنەماڵەو عەشرەتە جیاوازەكان خەڵكی زۆری لەگەڵدایە و بەتەنها نەهاتووەو زیاتریشی بەدوادادێت، هەرچەندە نازانین جارێ چەند كەسی لەگەڵدایە، ئێمە دەستكراوەی دەكەین و هەموو پشتگیری و پشتوانییەكی دەكەین و هاوكاری دەكەین بۆ فراوانكردنی بنكەی جەماوەری پارتی».
سەبارەت بەوەی چی بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك دەكرێت، بەرپرسی لقی 19ی پارتی لەچەمچەماڵ ئەوەی روونكردەوە كە تائێستا داوای تایبەتییان نیەو داواكارییەكانیان گشتیین، وتی:»ئەوەیشی كاك عەبدوڵا داوای بكات و پێی خۆشبێ و ئێمە پێمان بكرێت بۆی دەكەین، ئەوانەی نانبڕوان بێگومان هەوڵدەدرێت چارەسەر بكرێت».
لەلایەكی دیكەوە سەچاوەیەكی ئاگادار لەسەر چوونی عەبدوڵای كوێخا موبارەك و خزمەكانی بۆ ناو پارتی، بە وت: «بەڵێنی دامەزراندنی نزیكەی (40) كەسی پێدراوە لەگەڵ گواستنەوەی كۆمەڵێك لەخزم و نزیكەكانی كەپێشمەرگەن یان لەهێزەكانی بەرگری و فریاكەوتنن لەگەڵ پارەیەكی مانگانە كەبڕەكەی نەزانراوە، جگەلەوەش پارەی وەرگرتووە بۆ ئەوانەیشی لەگەڵیدا رۆشتوون».
ئەو سەرچاوەیە رەتیكردەوە پلەی سەربازیی پێبدرێت، وتی:» پۆستی سیاسی پێدەدرێت».
بەوتەی سەرچاوەكەی هاوڵاتى، برایەكی بەناوی مەحمود كوێخا موبارەك پلەی رائیدە لەلیوا تایبەتەكانی كۆسرەت رەسوڵەو ئێستا ئەویش لەگەڵ عەبدوڵای برایدا بووە بەپارتی، ئەگەرێك هەیە فەوجیان پێبدرێت دەدرێت بەبراكەی.