"لە هەرێمی کوردستان گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار قۆرغکاریەکی گەورەیە بۆ یەک بانک"

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتى

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند،  لە هەرێمی کوردستان دۆسیەی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار "ھەم قۆرغکاریەکی گەورەیە بۆ یەک بانک، ھەم زیانە لە داھاتی گشتی"، بۆیە داوا دەکەن سیستمێکی تەندروست دابندرێ بە ئامانجی  گەڕانەوەی زۆرترین داھات بۆ خەزێنەی گشتی بەشێویەکی دادپەروەرانە.

عەلی حەمەساڵح لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەو دۆسیەی شەش ساڵە داوای چارەسەرکردنی دەکەم، دۆسیەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار ھەم قۆرخکاریەکی گەورەیە بۆ یەک بانک، ھەم زیانە لە داھاتی گشتی، لەسەرەتای پرۆسەی نەوتەوە تاوەکو 2019 پارەی نەوت دەچوە بانکی کوردستانی ئەھلی و تەنیا ئەم بانکە پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دیناری دەکرد، نرخی 100 دۆلاری بە 117 ھەزار دینار پێدەدراو ھەندێک مانگ لە بازاڕدا بە 127 ھەزار دینار دەفرۆشراو لە ئاڵوگۆڕی 400 ملیۆن دۆلاردا، 40 ملیار دینار قازانجی دەکرد، ھەندێک مانگ کەمتر بەپێی نرخی دۆلار دەگۆڕدرا".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە سەرەتای 2019 ئەم پرۆسە دراوە بە RT بانک ماوەیەک بە 117 ھەزار بۆ ھەر 100 دۆلارو دواتر کرایە 120 ھەزار دینار بۆ ھەر 100 دۆلارێک، ئەم بانکەش بۆ خۆی بە پێی نرخی بازاڕ دەیفرۆشت، بۆ نمونە ئەگەر 126 ھەزار دینار بێت، لە گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار لە 300 ملیۆن دۆلار 18 ملیار دینار قازانجیان دەکرد، ئێستاش کە لە داھاتی نەوت 300 ملیۆن دۆلاری بۆ خەزیێنەی وەزارەتی داریی دەگەڕێتەوە بە 145 ھەزار دینار بەم بانکە دەدرێت و لە بازاڕیشدا ئەگەر 150 ھەزار دینار بێت قازانجی مانگانە 15 ملیار دینارە".

لەبارەی چارەسەری ئەو پرسەش عەلی حەمە ساڵح نوسیویەتی، "من دەزانم سیاسەتی نەختینەیی لە دەست بانکی ناوەندیە، ئەم پرۆسە بەم شێوە ھەم قۆرغکاریە ھەم بەفیڕۆدانی سامانی گشتیە، شەش ساڵە داوای پێداچونەوە دەکەم، پێویستە سیستمێکی تەندروست دابندرێ بە سێ ئامانج یەک: گەڕانەوەی زۆرترین داھات بۆ خەزێنەی گشتی بەشێویەکی دادپەروەرانە، دوو: ھاوکاربێت لە جێگیرکردنی نرخی دراو، سێ: جوڵەیەیەکی ڕێکخراوی دراو دروستبکات و ھاوکاربێت بۆ جێگیربونی نرخی دۆلار".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار