دادگای ئامەد بە 22 ساڵ زیندانیکردن لەیلا گوڤەن سزادەدات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئامەد سزای 22 ساڵ زیندانیکردنی لەیلا گوڤەن سیاسەتمەداری باکووری کوردستانی پەسندکرد. 

ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021 دادگای تێهەڵچوونەوەی ئامەد تانەی پارێزەرەکانی لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان و هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک-کەجەدەیان رەتکردەوە و سزای 22 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی ئەو سیاسەتمەدارە کوردەیان پەسندکرد. 

دادگا بە پاساوی ئەگەری هەڵاتنی لە تورکیا، بڕیاری دا بە هێشتنەوەی لەیلا گوڤەن لە زیندان. لە رووی یاساییەوە دەرگا واڵایە بۆ تانەگرتن لە بڕیارەکەی دادگا. 

نۆیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2020 بە تۆمەتی ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە سزای 22 ساڵ و 3 مانگ بەندکردنی بۆ لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی-کەجەدە دەکرد. گوڤەن هەمان رۆژ درەنگانی شەو دەستبەسەرکرا و خرایە زیندانەوە.

لەیلا گوڤەن پێشتریش لە 31ی کانوونی دووەمی 2018 خرابووە زیندانەوە. لە دوایین هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا کە لە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، لەسەر لیستی هەدەپە لە بازنەی جۆلەمێڕگ هەڵبژێردرا و بووە پەرلەمانتار، بەڵام ئازادنەکرا و لە گرتووخانە مایەوە.

گوڤەن لە گرتووخانە بۆ لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، مانگرتنی لە خواردن راگەیاند، لە 79یەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا ئازادکرا و لە 200ەمین رۆژی مانگرتنەکەشیدا لەسەر داوای ئۆجەلان بەوەی مانگرتنەکە گەیشتووەتە ئامانج کۆتایی بە مانگرتن هێنا.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا، لەیلا گوڤەن لە رۆژی چوارشەممە 10ی تەمموزی 2019دا لە دانیشتنی پەرلەماندا سوێندی یاسایی خوارد و وەک پەرلەمانتار دەستبەکاربوو. 

رۆژی 4ی حوزەیرانی 2020 لە پەرلەمانی تورکیا بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە پارێزبەندی لەسەر لەیلا گوڤەن لادرا،. یەک رۆژ دوای لادانی پارێزبەندییەکەی، لەیلا گوڤەن دەستگیرکرا و خرایە زیندانی جۆری D لە ئامەد. دوای یەک هەفتە مانەوەی لە زیندان ئازادکرا. 

لەیلا گوڤەن کە لە 22ی کانوونی یەکەمی 2020 ـەوە خراوەتە زیندانەوە و ئێستا لە زیندانی ژنان لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستانە. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار