چارەنووسی کوردانــی سۆڤیەت
خالید هەرکی
3 ساڵ لەمەوپێش
خالید هەرکی
لەم نوسینەماندا مەبەستمانە تیشکێک بخەینە سەر چارەنوسی کوردانی سۆڤیەت کەئێستا لەروسیای یەکگرتوو دەژین، دەسەڵاتدارانی روسی کاری لەسەر بەیاسایی نیشتەجێکردنیان کرد لە (کراسنودارو ستافربول و ناوچەکانی تامبوف و هەندێک ناوچەی دیکە کەپێشتر کوردەکان وەکو کۆچبەری کورد لەئەرمینیا و ئازەربایجان و ئاسیای ناوەڕاست نیشتەجێ کرابوون و دۆخێکی گونجاویان بۆ چالاکیەکانی ژیانی رۆژانەیان دابین کردبوو.
ئەمرۆ کوردانی روسی لەبوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا چالاک و دیارن، لەهەموو شوێن و وڵاتێکدا پەیوەندیی توندوتۆلیان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ کوردانی دەرەوەدا هەیە.
دەرکەوتنی یەکەمین هۆزی کوردی لە روسیا بۆ سەدەکانی هەشتەم و چواردەم دەگەڕێتەوە، لەمیانی وتارە مێژووییەکەی زانای ئەتنوگرافیی سۆڤیەتی (ت،ف،ئەریستوفا) لەژێر ناوی (ئەتنوگرافیای کوردانی قەوقاز) بەڵگە و رووداوی گرنگ بەپشتبەستن بەسەرچاوەی جیاجیا دەخاتەڕوو.
لەکۆتایی ساڵی ١٨٠٧ محەمەد سەیف سوڵتان خۆی و (٦٠٠) خانەوادەی کورد لەبنەماڵەی (جیلابیاسک) سنورەکانی روسیا دەبڕن و لە (خانات کەرەباخ) نیشتەجێ دەبن و داوا لەدەسەڵاتدارانی ئەوێ دەکەن رێگەیان پێبدەن لەگەڵ هەزار خانەوادەی کورد لەباشوری قەوقاز نیشتەجێ ببن.
لە ١٨٥٥ دیسان چەند خێڵێکی تری کوردی سنورەکانی تورکیاو روسیا دەبڕن (باکوری کوردستان) و رەگەزنامەی روسی بەدەست دێنن، هەر لەو سەردەمە چەندین خانەوادەی دیکەی کوردی لەئێرانەوە روو لەو ناوچانە دەکەن و لەهەرێمەکانی (ناخچیڤان و سورمالینسک ) جێنیشن دەبن.
دوای ئەوەی گورجستان لە ١٨٠١ دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی روسی رێژەی کوردانی گورجستان لە گانجینسک و کاراباخ و شیکینیسک بەرەو زیادبوون دەچێ.
هەروەها لەکاتی جەنگی روسیی فارسی لە (١٨٠٤-١٨١٣) و (١٨٢٦-١٨٢٨) ژمارەیەکی زۆر لەخانەوادە کوردەکان لەبەر هەڕەشەو ستەمی فارسەکان هەرێمەکانی ئێران ( رۆژهەڵاتی کوردستان) جێدەهێڵن و روو لەهەرێمی قەوقاز دەکەن، دوای رێککەوتنەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی فارس و روسی لەپەیماننامەی گوڵستان لە (١٨١٣) و دواتریش لەپەیماننامەی تورکمانجیسک لە (١٨٢٨) و (ئەدریانوبولسکی لە (١٨٢٩) لەنێوان ئیمپراتۆریەتی روسی و دەوڵەتی عوسمانی، ئیتر لەوساوە ناوچەکانی کوردانیش لەباشوری قەوقاز دەکەونە ژێر دەسەڵاتی روسیاو ناوچەو هەرێمەکانی سەڵماس و خوی و ئورمیا و هیتریش دەکەونە ژێر دەسەڵاتی فارسی (رۆژهەڵاتی کوردستان)، هەر لەئەنجامی ئەو رێککەوتننامانەی سەرەوە هەرێمەکانی ئەرزروم و ڤان و کارسو و هیتریش دەکەونە ژێر دەستی تورکیا (باکوری کوردستان).
لەساڵەکانی ١٨٨٥-١٨٦٩ تورکمانیا (ناوچەی دوای دەریای قەزوین) کە لەبنەڕەتدا ناوچەی کوردنشین بوون پرۆسەی راگواستنی کوردان دەستیپێکرد ئەم پرۆسەی راگواستنەوە بەردەوام دەبێ. بەو هۆکارەشەوە کۆچی کوردانیش لە نێوان وڵاتەکانی تورکیا و روسیا و ئێران درێژەو بەردەوامیی دەبێ.
بەپێی ماددەی (١٤و١٥) لەپەیماننامەی (تورکمانجیسک) بەدەر لە رەگەزی نەتەوایەتی دانیشتوانی سنورەکانی ئێران بۆیان هەیە سنورەکان ببەزێنن خۆیان و خانەوادەیان لە روسیا جێنشین بن بێ نانەوەی هیچ گرفتێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی خۆجێیی هەردوو وڵات. هەر بەپێی ئەو سەرژمێرییەی ساڵی ١٨٩٧ی ئیمپراتۆریەتی روسی، ژمارەی کوردە ئێزدی و موسڵمانەکان (١٩٦) هەزار کەس بوونە.
کوردەکان دڵسۆزیی خۆیان بۆ دەسەڵاتی روسی نیشاندا ئەمەش چونکە دەسەڵاتدارانی روسی ئەوانیان لەستەم و ئاگری جینوسایدی تورک و فارسەکان پاراستوە ( ت،ف،ئەریستوفا ١٩٩٠ ل ٦٤). بۆیە سەیر نییە ئەگەر کوردەکان بەشداری لەخزمەتی سەربازی روسیادا بکەن و لەچەندین جەنگی نێوان روسیا و فارسەکان یا روسیا و تورکیادا بەشداربن و رۆڵی قارەمانی تیادا ببینن.
لەمیانی جەنگی یەکەمی جیهانی ژمارەیەکی بێئەندازەی کوردە ئێزدیەکان لەژێر هەڕەشەو مەترسی لەناوچوون لەدەست دەسەڵاتی عوسمانیی تورکەکان رادەکەنە ئەرمینیاو گورجستان کە بەبیانوی جیاوازی ئاینییەوە فەرمانی لەناوبردنیان لەلایەن دەوڵەتی تورکی عوسمانیەوە بۆ دەرچوبوو ، ئەوەتا لەقەوقاز لەچەندین ناوچە دەگیرسێنەوە، لە یەریڤان لە تفلیس لەهەرێمەکانی ئیلیسیافیتیولکی لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی روسی و تورکمانستانی هاوسنور لەگەڵ ئێران.
دوای روداوەکانی شۆڕشی ١٩١٧ سنورەکانی ئیمپراتۆریەتی روسی ژمارەیەکی دیکەی نەتەوەکان جگە لەکورد لەخۆ دەگرێ کە لە رووی کەلتورو نەریتەوە جیاوازن. وێڕای شەڕی ناوخۆ دووبارە دابەشکردنی سنورەکانی نیشتمانی بەشێکی زۆر لەکوردانی قەوقازو تورکمانستان توانیان خۆیان لەگەڵ دۆخە نوێکەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بگونجێنن.
بەم شێوەیە کوردەکان لەسەر خاکی خۆیان توانیان درێژە بەژیانی خۆیان بدەن هەر لەساڵی ١٩٢١ روسیای سۆڤیەتی هاوکاری دارایی پێشکەش بەکوردەکان دەکرد تا لەئاستەنگی بژێویی رزگاریان بێ، وردە وردە باری ژیان و گوزەرانیان بەرەو باشی دەچوو، کۆچەریەکان دەستیان لەژیانی کۆچەری هەڵگرت و نیشتەجێبوون توانیان بەسەر دۆخە نالەبارەکانی کۆمەڵایەتیدا زاڵ بن و منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، دەسەڵاتدارانی یەکێتی سۆڤیەتیی ئەوسا بایەخی بەباشکردنی خزمەتگوزاریەکاندا خوێندنگەو تیمارستانی بۆ کردنەوە، رێگەی پێدان بەزمانی کوردی بخوێنن، کتێبی کوردیی بۆ بەچاپ گەیاندن، رۆژنامە و گۆڤاری کوردی دەردەچون و رادیۆی بەزمانی کوردی بۆ کردنەوە، دامەزراوەی رۆشنبیریی بۆ کردنەوە و بایەخی بە کادری نیشتمانیی کوردەکان دەدا، بەخششی خوێندنی لەزانکۆ و پەیمانگاکان بەخوێندکارانی کورد بەخشی، لەدەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان دەسەڵاتی خۆجێیی لێ دامەزراند و خۆیان کاری خۆیان لەدامو دەزگا حکومییەکان دەبرد بەڕێوە.
هەر بەپێی سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٢٦ ژمارەی کوردانی سۆڤیەت (٦٩١١٠) کەس و هی قەوقاز(٦٦٧٠٠) و ئاسیای ئەلوسکی(٢٤٠٠) کەس بوون ( هەمان سەرچاوەی سەرەوە) بەڵام بەپێی سەرژمیری ساڵی ١٨٩٧ ژمارەی کوردانی سۆڤیەت کەم دەبێتەوە ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:
١/یەکیتی سۆڤیەت لەبەرژەوەندی تورکیا دەستبەرداری پانتاییەکی زۆری خاکی کوردەکان دەبێ (باکوری کوردستان.و) وەکو (ڤان و ئەرزەرۆم و قارس).
٢/هۆکاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆری کوردان کە خزمەتی سەربازیی قەیسەری روسیان کرد و رژێمە نوێکەی بۆلشەفیان قەبوڵ نەبوو بەهۆیەوە رایانکردە وڵاتانی وەکو ئەرمینیا و گورجستان لەوێ لەترسی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی رەگەزی نەتەوەی خۆشیان دەگۆڕی. ساڵ دوای ساڵ ئەوانە دەبنە ئەرمەن و گورجی و ئازەری وتورکمان.
لەساڵی ١٩٢٣ (لەسەردەمی لینین.و) وەکو بەشێک لەکۆماری ئازەربایجانی سۆشیالیستی سۆڤیەتی و لەسەر سنوری ئەرمینیا هەرێمێکی خۆسەری بۆ کوردان راگەیەندرا، سەنتەری ئەو هەرێمە گوندی ئەبدلیار بوو کە دواتر ناونرا بە (لاچین)، ئەم شارە دەبێتە پایتەختی ئەو هەرێمەی کوردان، بووە هەرێمێکی دیار بەناوی (کوردستانی سور) هاتە ناوبردن و ناسین، ئەم هەرێمە کاریگەری لەسەر پێشوەچوونی بزاوی رزگاری نەتەوایەتی کوردیدا دەبێ لەتورکیا (باکوری کوردستان) و ئێران (رۆژهەلاتی کوردستان) و خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی فەرەنسی لەسوریا (رۆژئاوای کوردستان) و سنورەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانی لەعێراق (باشوری کوردستان ).
یەکێک لەهۆکارەکانی دامەزراندنی حوکمی ئۆتۆنۆمی لەو هەرێمە هێورکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان ئەرمەن و ئازەریەکان بوو، کە بەشێک لەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەر بوو بە کوردەکانیاندا بەم پێیە ناوچەیەکی جیاکردنەوەیان لە نێوان ئەرمینیاو کاراباخی خاوەن ئۆتۆنۆمی لە ئازەربایجان دروست کرد . ئیتر لە ١٩٢١ ئەوە دەستەواژەی کوردستان بەکاردێت واتە دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەکوردستانی سور.
لە هەرێمی کوردستانی سور کوردەکان بەگونجاوی بەیەکەوە دەژیان یەکەم سەرۆکی کۆمیتەی جێبەجێکردنی هەرێمەکە (ئوسێ حوسێنلی ئوغلی حاجیێف) بوو، ئەم هەرێمەش ئەو ناوچانەی لەخۆ دەگرت (کاراکیشلاک، کیلیبادجور، کتورلو، کوبالتی، کورد، حاجی، مراد خانلی) . ژمارەی دانیشتوانی ئەو هەرێمەی کوردستانی سور (51) هەزارو (٢٠٠) کەس بوو، لەوانە (٣٧٤٧٠) یان کورد بوون واتە بەرێژەی ٧٣،١٪) هەروەها (١٣٥٢٠)یان تورک بوون ٢٦،٣٪ (ئەرمەنەکان ٢٥٦ کەس بە رێژەی 5٪) لە هەموو کەرتەکان جگە لە (کوباتلینسکی) کە بەتورکی دەدوان ئەگینا لە هەموویان رێژەی کوردەکان زیاتر بوو لەهی پێکهاتەکانی دیکە.
بەپێی مانەفێستی ساڵی ١٩٢٥ کە لەهەرێمی کوردستان دەرچوو شەش ناوچە و (٣٣٠) ئۆردوگا ، خۆیان لە (٦٩) ئەنجومەنی گوندەکان دەبینیەوە، ئەم ئەنجومەنە کۆمەڵایەتیانە لەسەر بنەمای هۆز درێژەیان بەمانەوەی خۆیان دەدا.
هەندێک لەو هۆزانە پێشتر بەکۆچەری دەژیان هەندێکیشیان لە خێوەت و ئەشکەوتەکان ژیانیان دەبردەسەر (بابایان ٢٠٠٥) ئیتر لەو ماوە لەیەکێتی سۆڤیەت و هەرێمەکانی سەر بە سۆڤیەت بنکەی رۆشنبیری و خوێندنگا دادەمەزرێن کوردان بەزمانی زگماک دەخوێنن، لەولاشەوە لە ئەرمینیا و گورجستان و تورکمانستان کۆمەڵگەی کوردی درێژە بەژیانی خۆی دەداو خۆی رێکدەخا، لەسەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەر بایەخێکی زۆر بەکورد دەدرا پێشکەوتنی بەرچاو لەپێکهاتە ئەتەنیەکان بەدی دەکرا، بەڵام لە ١٩٣٠ ەوە (دوای مردنی لینین و هاتنی ستالین. و ) کێرفی پێشکەوتن لەبواری ئەتەنی دەوەستێ و بەرەو خوار لێژ دەبێتەوە، وێنەکان دەگۆڕدرێن دۆخەکان ئاوەژوو دەبنەوە.
دەسەڵاتدارانی قەوقاز سیاسەتی نەژادپەرستیان دژی نەتەوەکانی تر لەئازەربایجان پیادەکرد. سیاسەتی بەتورککردن لەهەموو شارو گوندە کوردیەکان جێبەجێ دەکرا، ئەم سیاسەتە رەگەزپەرستیە تەنها لە ئازەربایجان نەبوو بەڵکو سەرجەم کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەت دژی کوردیان پیادە دەکرد، راگواستن و خاک لێزەوتکردن بەردەوام دەبێ، لەوکاتەوە پاشناوەکانی (ئوغلی و ییف و ئۆف یان شفیلی و دزی) کۆتاییان پێدێ ناتوانن پاشناوی کوردی خۆیان بەکاربێنن. سیاسەتی رەگەزپەرستی بەهەموو شێوەیەک دژی کوردان جێبەجێ دەکرا.
بەڵێ هەرێمی کوردستان تەمەنی کورت بوو، بەبڕیاری کۆنگرەی شەشەمی گشتیی ئازەربایجان لە ٨/٤/١٩٢٩ بەپەسندکردنی کۆمیساری گەل و لیژنەی مەرکەزیی هەڵبژاردنەکان لە ٢٣/٧/١٩٢٩ قەوارەی کوردستانی سور هەڵدەوەشێندرێتەوە. بەڵام بەدانپێدانانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لەیەکێتی سۆڤیەت لەماوەی ١٩٢٣تا١٩٢٩ بزوتنەوەی کوردی کەوتە مێژوو بوو بە بەشێک لەیادەوەری مێژوی کورد لەو وڵاتە.
لە ١٩٣٠ (لەسەردەمی حوکمی ستالین) چارەنوسی کوردانی سۆڤیەت بەش بەش دەکرێ دەچەوسێندرێنەوە و رادەگواسترێنەوە بۆ ناوچە و هەرێمی دوورەدەست و لەیەک دوور زۆربەی ئەوانەی موسڵمان بوون لەماوەی ١٩٣٠-١٩٤٠ بۆ ئەوناوچانە گواسترانەوە کە بەهیچ شێوەیەک بۆ ژیان گونجاو نەبوو لەگورجستان و کازاخستان و ئوزبەکستان و قرغیزستان، هەرچی کوردە ئێزدیەکان بوون رادەستی ئەرمینیاو گورجستان و تورکمانستان کران.
(ئیشخان میرویف) لەنامیلکەکەیدا بەناوی ( نەهامەتیەکان و ئومێدی کوردانی یەکێتی سۆڤیەت لەنێوان ساڵەکانی ١٩٣٠-١٩٥٠) چەند بەلگە و دەقی بڕیارەکان دەخاتەڕوو کەتیایدا بێبەشکردنی کوردان لەمافە سەرەتاییەکان و ئاستەنگ و ناخۆشیەکانی راگواستنی بەزۆرەملێی کوردان دەخاتەڕوو، لەراپۆرتێکی ئیدارەی کاروباری ناوخۆی یەکێتی سۆڤیەتدا دەڵی لەدەستپێکی ساڵی ١٩٤٠ ژمارەی راگوێزراوە کوردەکان (٨٨٨٠٠) کەس بووە. لە ماوەی ئاداری ١٩٤٤ تا کانونی دووەمی ١٩٤٦ ژمارەی کۆچکردوان (مردوو) (٦٩٢٠) کەس بووە لەکاتێکدا تەنها (٥٩٩) منداڵ لەدایکبوونە. (میرویف ٢٠١٢ ل١٥و١٦).
هەر بەپێی بەڵگەنامەیەکی دیکەی ناوخۆی یەکێتی سۆڤیەت لە ١٠/٤/١٩٥٣ لەکاتی راگواستنی بەزۆرەملێی کوردان (١٤٨٩٥) کەس مردوون واتە بەرێژەی ١٤،٦٪ لەهاوڵاتییە رەسەنەکانی کوردان مردوون (میرویف ٢٠١٢ ل١٥و١٦).
لەسەرەتای ساڵی ١٩٥٦ واتا سەرەتای توانەوەی بەستەلەکی کوردی (واتا دوای مردنی ستالین دێت) کورد وەکو باقی نەتەوەکانی دیکەیی ستەمدیدەو ژێردەستە دووبارە رێکدەخرێتەوە، سەرەتای ئەو سەردەمە مافی گەڕانەوەیان پێدرا بۆ زێدی باب و باپیرانیان کە بەزۆرەملێ لێی راگواسترابوونەوە، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان ( بەڵام بەداخەوە ئەو بڕیار و گفتانە هەموویان جێبەجێ نەکران و مافی خوێندنی منداڵەکان بەزمانی زگماک پێشێلکرا)، وێڕای ئەوەی لەئەنجامی راگواستنەوەیان و گەڕانەوەی ژمارەیەکیان کێشەی کۆمەڵایەتیان لەگەڵ داگیرکەرانی موڵک و ماڵیان بۆ دروست بوو کە بووە رێگر بۆ گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتیان، بەوهۆیەوە نەتوانرا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێ کە بۆ گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەیان درابوو .
هەر بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٧٩ لەیەکێتی سۆڤیەت بەفەرمی و بەپێی بەڵگەنامەکانی سەرژمێری ژمارەی (١١٥٨٥٨) کەسی کورد هەبووە کە دەبوایە زۆر لەمە زیاتر بێ دەبوایە ژمارەیان لە (٢٠٠٠٠٠تا٣٠٠٠٠٠) دوو سەد هەزار تا سێ سەد هەزار بووبێ. (ت،ف،ئەریستوفا ١٩٩٠ ل١٦).
بەهۆی نانەوەی ئاژاوەو فتنەی نەتەویی لەنێوان نوخبەی نیشتمانی و لایەنی ئاژاوەگێڕ، لەدوا ساڵەکانی تەمەنی یەکێتی سۆڤیەتیدا دۆخەکان ئالۆز دەبن و دەتەقنەوە، لەو ماوە توندڕەوە نەتەوەپەرستەکان کاری تێکدان و ئاژاوەیی لەسەر بنەمای نەتەویی دژ بەکورد ئەنجام دەدەن، لەم میانە پرۆسەی دووبارە رێکخستنەوەی کوردو راستکردنەوەی هەڵەکانی ساڵانی سییەکان لەگۆڕدەنرێ بەتایبەت لەئازەرباینجان و ناوچەکانی ناخچیڤان و لاچین. کە پێشتریش کوردەکان لەو ناوچانە راگواسترابوونەوە و خاک و موڵکەکانیان دەستی بەسەرداگیرابوو، دوای ئەوە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ناکۆرنۆ کەرەباغ سەرهەڵدەدا ( شەڕ لەسەر موڵکی کوردان لەنێوان هەردوو دەوڵەت بەرپا دەبێ.و ) لەم میانە بەشێکی زۆر لەخاکی کوردان دەکەوێتە ژێر دەستی ئەرمەنیەکان و سوپاکەیەوە.
دەسەڵاتدارانی گورجستان پێشوازیان لەگەڕانەوەی کوردانی موسڵمان نەکرد کە بەپێی بڕیاری سەرەوە دەبوایە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردان ناتوانن بگەڕێنەوە و لەکۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەمێننەوە ئەمەش وادەکا ژمارەیەکی تریان لە کۆمارەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەت دوور لەزێد و خاکی باب و باپیرانیان بمێننەوە لەنێو ئەو کۆمارانەش روسیای یەکگرتوو دەبێ.
هەربەپێێ دوایین ئاماری فەرمیی یەکێتی سۆڤیەت لە ١٩٨٩ ژمارەی کوردانی ئەو وڵاتە (١٥٣٠٠٠) سەدو پەنجاو سێ هەزار کەس بووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی تاواندنەوەی نەتەوەی کورد و ئێزدیەکانەوە ئەم ژمارە کەمبۆتەوە ئەگینا بەپێی بەڵگەنامەکانی سۆڤیەتی بە (٥٠٠٠٠٠) پێنجسەد هەزار کەس مەزندە کراوە .
نوێنەرانی کەسایەتی و رێکخراوو رۆشنبیرانی کورد چەندین جار بانگەوازو داواکارییان داوەتە بەرپرسانی باڵای یەکێتی سۆڤیەتی و ئازەربایجان بۆ گەڕاندنەوەی حوکمی ئۆتۆنۆمیی کوردی. یا هەرنەبێ لانی کەم مافی گەڕانەوەیان هەبێ بۆ سەر خاکی خۆیان بۆ زێدی بابوباپیرانیان کە لێیانەوە دوورخراونەتەوە، بەڵام ئەم داواکاری و بانگەوازانە گوێیان لێنەگیراوە و بێئەنجام بوونە، هەرچەندە لەنیوەی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ و لەسەرەتای پرۆسەی (پرسترویکا ) هەندێک تروسکایی ئومێد لای کوردەکان سەریانهەڵدا بەڵام ئەمانیش خامۆش کران.
ئاستی پرسی کورد لەکۆمارەکانی ئاسیای ناوەراست بەتوندوتیژی و کوشتار گەیشت، مەترسی کەوتە سەر راگواستنی بەزۆرەملێ لەناوچە کوردنشینەکانی ئەرمینیاو گورجستان و کراسنودار کرای، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی ئەو ناوچانە رازی نەبوون مافی نیشتەجێبوون و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان پێبدەن ، ئەوان مافی کارکردنیشیان نەدەبوو، لەم میانە نوسەر و خەمخۆران بەچەندین یاداشت دەسەڵاتدارانی یەکێتی سۆڤیەتیان لەم دۆخە مەترسیدارە ئاگادارکردەوە ، هەر بەنمونە:
لەمانگی تەمموزی ١٩٨٩ کۆمەڵێک لەکەسایەتیی ناوداری کورد لەنێویاندا ( م.س.بابایێف، ئا.ئا. مامیدف، ف.ک. جاتویێف، ز.ئا. سەدیگوف و هیتریش) سکاڵانامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی سۆڤیەتیی باڵای یەکێتی سۆڤیەت (ر.ن. نیشانۆف) کرد، تیایدا دۆخی نالەبارو ستەمکاریەکانیان ئاماژە پێدا کە بەسەر کورداندا دێت لەئەرمینیا و ئۆزبەکستان و قرغیزستان و کراسنودار کرای لە روسیای یەکگرتوو.
لەم سکاڵانامەیەدا داوای زیندووکردنەوەی حوکمی ئۆتۆنۆمیان لەئازەربایجان کردو ئامادەیی خۆیان دەربڕی ئەگەر رێگەیان پێبدرێ ناوچە چۆلکراوەکانیان لەدەریای قەزوین و کەنارەکانی بەپێی مەرج و رێنماکان ئاوەدانبکەنەوە و ئامادەن ئامێرو زەویەکان بەکرێ لەدەوڵەت وەرگرن و بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی وەبەربێنن و باجی خۆیان بەدروستی بە دەوڵەت بدەن.
لە ٤/٦/١٩٩١ بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری کوردی (ت.م. برویێف) داخوازینامەیەکی ئاراستەی میخائیل گورباچۆفی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتی و، (ئا.ی.لوکیانوف)ی سەرۆکی ئەنجومەنی سۆڤیەتیی باڵای یەکێتی سۆڤیەتی کرد تیایدا داوای خێرای چارەسەری پرسی کوردیان لێکرد کەخۆی لەگەڕاندنەوەی حوکمی ئۆتۆنۆمی و دانانی نوێنەری کورد لەدەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن دەبینیەوە.
بانگەوازیەکانی کورد لەنێو توێژە کۆمەڵایەتیەکان گوێی لێدەگیرا ئەوەتا شاعیرو نوسەری ناوداری سۆڤیەتی و ئەندامی ئەنجومەنی سۆڤیەتیی باڵای یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤیەتی (ب.ی ئولینیک) لەنامەیەکدا لە ٢٦/٤/١٩٩٠بۆ (م.س. گورباچوف) دەنێرێ پشتگیری خۆی بۆ دۆزی کورد دەربڕی.
دواجار دوای ئەم هەوڵانە لە ٢٣/١٠/١٩٩٠ بڕیار لەسەر دەرکردنی مانەفێسێک درا لەئەنجومەنی سۆڤیەتیی باڵای یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤیەتی لەژێر ژمارەی ١-١٧٣٨ بەپێکهێنانی دەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەپرسی کورد، بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەوڵەتی روسیای یەکگرتووی سۆڤیەتی تایبەت بەپرسی نەتەوەکان (ف.ب. سوبولیفا)
دوای زنجیرەیەک لەکۆبونەوەو دیدار لەگەڵ نوێنەرانی کوردو سەردانیان بۆ ناوچە کوردیەکان لە ٤/٦/١٩٩١ لیژنە بە راپۆرتێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای سۆڤیەتەکان ئاگادار دەکاتەوە کەهیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ناوچە کوردیەکان رووی نەداوە کەدۆخی ژیانیان بەرەو باشبوون ببا بەڵکو لەئەنجامی ناکۆکیەکان و ململانێی رەگەزپەرستیدا بەهەزاران کورد بوونەتە ئاوارەو زێدی خۆیان جێهێشتووە، ئێستاش پرسە سەرەکی و چارەسەریەکە خۆی لەگەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەبینێتەوە بە دیاریکردنی سنوری هەرێمی کوردەکان، ئەمەش کارو روونکردنەوەی زیاتری پێویستە.
وێڕای ئەمە پێشنیار دەکەین مافی کوردەکان لەئازەربایجان و کازاخستان و قرغیزستان و کراسنودار کرای و ئادیگار بپارێزری و داواشیان کرد ئەگەر بکرێ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر پرسی کوردانی یەکێتی سۆڤیەت بکرێ و کۆڕو دیراساتی ئەکادیمی بۆ ئەم پرسە سازبکرێ تا پسپۆرو زانای شارەزا لەم بوارە پێبگەیەندرێ و ئاستی رۆشنبیری لەنێو ریزەکانی کوردان بەرەو ئاستێکی بەرز هەنگاو بنێ ، هاوکاریان بکرێ بۆ دابینکردنی کتێب و سەرچاوەی تایبەتی بەکەلتور و رۆشنبیرییان.
روخانی یەکێتی سۆڤیەت لەکۆتایی ١٩٩١ رێگەی بە جێبەجێکردنی نیازە پاکەکان نەدا کەسەرکردەکانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ چارەسەری پرسی کوردان هەیانبوو و ئەو لاسەنگیەی لەم بوارەدا هەبوو راستی بکەنەوە و ناهەقیەکانی دەرهەق بەمێژووی کورد کراوە بۆیان بگێڕنەوە، ئیتر بەم شێوە ناسەقامگیریەکانی دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتی و ململانێکانی هەرێمیش بووە مایەی ئەوە ژمارەیەکی دیکەی کوردان بەزۆر کۆچ پێبکرێن و خاکی خۆیان جێبهێڵن و ئاوارەی روسیا و هەندەران ببن و ژمارەیەکی زۆریشیان لەقەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست بمێننەوە.
تانسیلاف ئیفانوف لەڕۆژنامەی (فاستوک) ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٤ بڵاوکردۆتەوە لە روسییەوە ماجد حەجی کردوویەتی بەعەرەبی.