سێ رەخنە لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی

ئاسۆ حاجی

3 ساڵ لەمەوپێش




ئاسۆ حاجی

رەخنەکان لە ناوەڕۆکی سەردانەکە نیە کە بەرهەمی دونیابینی و لێزانی نێچیرڤان بارزانیە، وەک کەسایەتیەکی کاریگەر لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکو رەخنەکان لە شێوازی مامەلەکردنی میدیاییە لەگەڵ ئەو بزاڤە دبلۆماسی و سیاسیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەنگە دەستەواژەی ‘رەخنە’ هەندەک توند بی و سەر و دڵی هەندێک کەسیش بگری، بۆیە دەکرێ دەستەواژەی ‘تێبینی’ لە جێگای دابنێین:

یەکەم، بۆتە چیڕۆکێکی دووبارە کە سەرکەوتنی هەموو سەردان و بزاڤێکی دبلۆماسی لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کورت بکرێتەوە، چونکە هەڵکردنی ئاڵا رێکارێکی پڕۆتۆکۆلیە و بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕال، دان بە ئاڵای کوردستان نراوە، ناکرێ وڵاتان لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان هەر بەرپرسێکی دیکەی پلە باڵا نادیدە بگیرێ و ئەو خاڵەی پڕۆتۆکۆڵ جێبەجێ نەکرێ، بۆیە دەبێ هەڵنەکردنی ئاڵا ببێتە جێی سەرنج و قسە لەسەر کردن.

دووەم، زوو داپۆشینی ئەو سەردانانە لە رێگای هەلمەتی سۆشیال میدیا، کە زیاتر خۆی لە ستایشکردنی کەسی دەبینێتەوە و هەوڵ دەدرێ ئەو کارە مەزنانە لە چەند پۆستەرێکی بێ گیان و هەندێک دەستەواژەی قەبەی بێ ناوەڕۆک گچکە دەکرێنەوە، ئەو هەلمەتانە رێکخراو و ئاراستەکراون، لە رووی ژمارەوە رەنگە بتوانن رووبەرێکی گەورە بگرن لە دونیای گریمانەیی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بەڵام لە واقیعدا دەرئەنجامەکەی بە پێچەوانە دەشکێتەوە، چوونکە لادانی سەرنجی خەڵکە لە سەر ناوەڕۆکی بابەتی سەردانەکە بۆ سەر هەندێک وشە و دەستەواژەی دروشمبازی و پێهەڵگوتنی کەسی.

سێیەم، ئەو کەرستە و ئامرازانەی بۆ هەڵمەتەی مارکێتینگەکە بەکاردێن، ئامراز و کەرستەی بەردەوام دووبارە و تاقیکراوەن، کە لە هەموو چالاکیەک بەکاردەهێندرێنەوە کە بریتین لە گروپ و کەسانێک لە رێگای چەند ئەپلیکەیشنێکی سۆشیال میدیا رێکخراون وەک(واتس ئاپ، ڤایبەر، تەلەگرام و هتد) و لە رێگای ئاگادارکردنەوە هەموویان یەک بابەت بە یەک شێواز و ناوەڕۆک بڵاو دەکەنەوە، کە زۆرینەیان وەک ئەرکی حیزب یان کار پێیەوە پابەندن، بۆیەشە هەر سەردانێکی گرنگی کاک نێچیرڤان بێت یان هەر بەڕێزیکی دیکە بێت، لە چوارچێوەی ئەندامانی حیزبێک دەخولێتەوە و وەک چالاکیەکی حیزبی بەرخوردی لەگەڵ دەکرێ. لێکەوتەکانی ئەو جۆرە مامەلەیە رێگر دەبن لە چەند شتێکی گرنگ،لەوانە: - کەسانێک کە لە دەرەوەی حیزبی سەرۆکی هەرێمن ئەگەر خوێندنەوە و لێکدانەوەی پۆزەتیڤ و گرنگیان بۆی هەبێت، رەنگە خۆیان دوورە پەرێز بگرن لە ترسی ئەوەی کارەکەی ئەوانیش نەچێتە نێو ئەو هەلمەتە میدیاییەی لە سەرەوە باسمان لێوە کرد.

- ئەو کەرستانەی لەو هەلمەتە سۆشیال میدیایانە بەکاردەهێندرێن(ئەندامانی گروپە رێکخراوەکانی سەر ئەپلیکەیشنەکانی سۆشیال میدیا)، لە هەمان کاتدا بۆ بابەتی دیکەش بەکاردەهێندرێن کە کەسانی دیکە کاریگەری ناو حیزب یان خودی حیزبەکە پێویستی بە هەبوونیانە و لە بابەتی دیکە بەکاردەهێندرێنەوە، ئەوەش تێکەڵەیەک دروست دەکا و پەیام و ناوەڕۆکی چالاکیەکە بەباشی ناگات، چونکە وەک بابەت و پرسێکی جدی مامەلەی لەگەڵ ناکرێ بەڵکو وەک ئەرکێکی رۆتینی و بابەتێکی کاتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.

- لە سەردەمی ئێستا خەڵک زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری زانین(مەعریفە) نەک زانیاری(معلومە) چونکە کۆمەڵگەی دونیای ژمارەیی (ئەنتەرنێت) کۆمەڵگەی مەعریفیە نەک مەعلومە، ئەوە لە رێگای کەلەکەبوونی زنیاریەوە دروست دەبێت( کەلەکەبوون بە مانای دووبارەبوونەوە نایێ بەڵکو بە مانای زۆربوون دێ) ئەوەی بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێ تەنها دووبارەکردنەوەیە(کۆپی پێست) نەک زۆرکردنی زانیاری.

گرنگترین خاڵ لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەکرێ لە یەک دێڕی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە زلهێز و کاریگەرە کورت بکەیەنەوە کە گوتی:”پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ تۆ و وڵاتەکەت ئێجگار گرنگە”. ئەوە گۆڕانە لە دونیابینی بەریتانیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و عێڕاق شتێکی نوێیە و لە ئایندە رەنگدانەوەی لە زیاتر بەهێزبوونی کوردستان دەبێت لە ناوچەکەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار