״pathological״ پاثۆلۆجی ئیسلامییەکان لەکوردستان

سامان وەستا بەكر

3 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

 

 

سامان وەستا بەكر

تێبینی: ئەم بابەتە روو لەبەشێک لەئیسلامییەکانی کوردستانەو گشتگیرنییە.

پاثۆلۆجی* بەشێک لەئیسلامییەکانی کوردستان بابەتێکە گرنگە، دەبێ هەڵوێستەیەکی جددی لەسەر بکرێ، لەناو کۆمەڵگەدا بەگشتی و لەناو خودی حزب و هێزو رێکخراوە ئیسلامییەکاندا بەتایبەتی، لەلایەن خەلکانێکی ناو خودی ئیسلامییەکان کە بۆ کوردایەتی و خواپەرستی چوونەتە ناو ئەو حزب و رێکخراوانەوە نەک بۆ تەنها خواپەرستی، چونکوم خواپەرستی لەناو ماڵ و مزگەوت و هەر شوێنێکدا دەکرێ و پێوستی بەحزب نیە، مرۆڤی ئیماندار بەبێ حزبیش دەتوانێ پەیوەندییەکی رەوانی لەگەڵ خوای خۆیا ببەستێ بەبێ هاوکاری، بەڵام خەڵکانێک بۆ تەواوکردن و پڕی ئیمانیان و خواپەرستییەکی راست کە خاک و نیشتمانی خۆشویست بەشێکە لێی حزب و رێکخراوی جیاجیایان هەڵبژاردووە، مەخابن سیاسەتی بەشێک لەو حزبانە و سەرکرادیەتییەکانیان پێچەوانەی خواستی ئەندامە کوردپەروەرەکانیانە و سود لەنیەتی پاکی ئەو خەڵکانە وەردەگرن، لەبری کوردایەتی کۆیلایەتی خەڵکانی ئەودیوی سنورەکان دەکەن نمونەی ئەردۆغان نوێترین دیکتاتۆری سەردەم.

تاڵیبان و کوردستان

تاڵیبان کە بەهێزێکی توندڕەو رادیکاڵی ئیسلامی تیرۆریست ناسراون چوونە ناو کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانەوە، یەکەمین خەڵکانێک کە پەیوەندیان پێوەکردن و دوعای خێریان بۆ کردن بەشێک لەهێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بوون، لە کاتێکدا هەموو جیهان گەواهی توندڕەوی و چەوسانەوەو سوکایەتی بەژن و کچ و خەڵکانی مەدەنی ئەو وڵاتە دەدەن لەلایەن تاڵیبانەوە، لەسەردەمی حکومڕانی تاڵیباندا ئەفغانستان بووبووە مۆڵگە و حەشارگەی گەورەترین و ترسناکترین تیرۆریستان، تاڵیبان تەنها بە خەلافەتێک رازی دەبن کە تیرۆری بیرو هزری ئازادی خود  تیایدا باڵادەستبێ و ترس و تۆقان سیمای حوکمڕانییەکەیان بێ.

ئەگەر تەماشایەکی مێژوو و کردەوەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعش بکەین ئەوا دەبینی کە تاڵیبان وەک ئەلقاعیدەو وداعش نیە، ئەگەرچی هەرسێکیان هێزی ئیسلامی توندڕەوو داپڵۆێسێنەرو خۆسەپێنن، بەڵام تاڵیبان لە خەڵکانی پەراگەندەو ئەودیوی سنورەکان و کۆکراوەی قینی رادیکاڵی ئیسلامی بەرامبەر ئازادییەکانی مرۆڤ و سەربڕین و جیهاد لە پێناو و بۆ حۆرییەکانی بەهەشتدا لەناو خاکی وڵاتانی تردا دروست نەبووە، ئەگەرچی تاڵیبان لەناوخۆی وڵاتەکەی خۆیاندا توندڕەوێکی رادیکاڵ و دڵڕەق و دەمارگیرن بەرامبەر ئازادی تاک بەگشتی و ژنان بەتایبەتی، بەڵام ئەوان جیاوازن لەئەلقاعیدەو داعش.

تاڵیبان خەڵکانێکی جەنگاوەری ئەفغانین لەسەر خاکی وڵاتی خۆیان  بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی دروست بوون. تاڵیبان بەرهەمی دڕدۆنگی و پەنجەشکانی براکان و دانونەکوڵانی هێزەکانی پێش خۆیانن. زۆر کەم بیستراوە کە جەنگاوەرانی تاڵیبان کاری خۆکوژیان لەناو خاکی وڵاتێکی تردا بەئەنجام گەیاندبێ، سنوری وڵاتانی درواسێیان بڕیبێ بۆ کاری خۆکوژی یان هەوڵدان بۆ دەستبەسەراگرتنی خاکی وڵاتانی تر بەمەبەستی دروستکردن و راگەیاندنی خەلافەت.

ناتوانرێ چاو لەو ڕاستیە بپۆشرێ کە تاڵیبان هێزێکی تاریک پەرست و بەربادن، دژی ئازادی مرۆڤن، دنیابینی ئەوان بۆ بەڕێوەبردن زۆر پێچەوانەی کۆمەڵگایەیەکی مۆدێرن و لیبراڵە، بەڵام ناشکرێ دان بەوەدا نەنرێ کە تاڵیبان هێزێکی ئەفغانە و هەمیشە لە ئەفغانستاندا بووە و بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ئەفغانستاندا شەڕی کردووەو و قوربانی داوە. سیاسەت و ئایدۆلۆجیاکەیت بەدڵ بێت یاخود نا، ئەمە راستییەکە پێویستە بزانرێت.

رێڕەوی تاڵیبان دیارەو ئەزانرێ لەکوێوە هاتوون بۆ کوێش ئەچن، خاوەن ناسنامەی ئەفغانین، بەپێچەوانەی ئەلقاعیدو داعشەوە کە دوو هێزی چەتەگەرای و بێ ناسنامەن، دوو هێزی کۆکراوەی خەڵکانی پەراگەندەو راونراوی وڵاتەکانی خۆیان، ئامانجیان دامەزرانی خەلافەتێکە کە مرۆڤی ئازاد بوونی نەبێ، ژن و کچان کاڵایەکی سێکسی بن و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێ، تۆقاندن شوێنی یاسا بگرێتەوە.

بۆیە ئەگەر بەراوردێکی زانستیانە بۆ هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بکرێ ئەوا ئەبێ ئەو بەراوردە بەرامبەر تاڵیبان و ئیخوان موسلمین و  حەماس و جیهادی ئیسلامی غەززە بێت نەک ئەلقاعیدە و داعش.

بەڵام باری هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بەرامبەر تاڵیبان لاسەنگ دەبێت چونکوم ئەمان بەشێکن لە  سیستمی دەسەڵاتدارێتی لەکوردستان و لەچەندین وێزگەشدا بوونەتە پارێزەری دەسەڵات و حکومەت، رێگربوون و هاوکارنەبوون لەگۆڕینی دەسەڵات، بەڵام تاڵیبان لەماوەی ٢٠ ساڵدا تەنها بۆ جارێکیش سازشی لەسەر بیروباوەڕ و دنیابینی خۆی نەکرد، نەک هەر لە حکومەت نزیک نەبۆوە، بەڵکو شاخ و کێویان هەڵبژارد بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و ژیانی شاهانە.

ئەگەرچی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بە ڕووکەش خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن ئەناسێنن، بەڵام ژێربەژێر پێچەوانەی ئەوە کاردەکەن، نمونەش کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمانەکەی بڕیاریاندا کە تەمەنی سەرۆکی هەرێمی ئەوکاتە درێژنەکەنەوە بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی رێگربوو ئامادەنەبوون بۆ ئەو کارە، چونکە بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ درێژەدان بەم جۆرە حکومڕانی و سیستەمەیە کە هەرێمی پێ دەبرێ بەڕێوە.

لێرەوە ئەگەیتە ئەو بڕوایەی کە هێزە ئەیسلامییەکانی کوردستان کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات و حوکمڕانی کوردستاندا نیە تا ئەوکاتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم پەتەکەیان بۆ شلکەن هیچ نەڵێن لەبەرامبەر ئەوەی ئەمان کۆمەڵگە تەسقیف بکەن و زۆرترین ئەندام بەلای حزبەکانیان راکێشن، زۆرترین کچ و ژن باڵاپۆشبکەن بەپۆشاکێک کە ئەمان خۆیان رەنگەکەی دیاری دەکەن، زۆرترین خەڵک لە مزگەوتەکانی سەر بەخۆیاندا کۆببنەوە، زۆرتین خەڵک بەشداری دەرس و وانەکانیان بێت کە مەبەست لێی بارگاویکردنیانە بە حزبایەتی و راپێچکردنیانە بۆ ناو حزبەکانیان،  هەڵبەتە باسی پشکی حزبەکانیان ناکەین لەپارەی دزراوی میللەت و ئەمەیان رووبەڕووی ویژدانی خۆیان دەکەینەوە، خۆ ئەگەر بشڵێن پارە لە هەردوو حزبی باڵادەست و حکومەت وەرناگرین ئەوا سووچ لە قەباعەت خراپتر، کەواتە سەرچاوەی داهاتەکانیان لەکوێوەیە؟

ژن و ئیسلامیەکان

بەشێک لەهێزە ئیسلامییەکانی کوردستان یەکەم بوون لەپیرۆزبایی کردن لەتاڵیبان دوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان،  بەبرا و هاوپەیمان و هاوڕێ ناویان بردن و دوعایان بۆ دەکردن کە سەرکەوتووبن و ئاستەنگ نەیەتە رێیان، تا ئێرە کێشە نیە، هەموولایەک چاوی لەوەبوو کەدەکرێ گۆڕانکاری بەسەر بیری توندڕەوی تاڵیباندا هاتبێ و باشترە بەکردار ببینرێن و پاشان قسەیان لەسەر بکرێ.

وتهبێژی بزوتنهوهی تاڵیبان لهپهیامێكدا وتی، «ئهركی ژنان تهنها منداڵ بوونه، پێویست ناكات بهشدارییان لهحكومهت و پۆستهكاندا پێبكرێت». سەید زیکروڵڵا ئەلهاشمی وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی»تۆلۆ»یان «گلوع» کە (کەناڵێکی بازرگانییە و سەر بە گرووپی «مۆبی»یە، کەناڵێکی داری فارسیە و تاجیەکەکان خاوەندارێتی دەکەن، خاونی کەناڵی «لێمار»یشن کە بە زمانی پشتۆ پەخش ئەکات) لە وەڵامی پرسیارێکدا لە ئەگەری بەشداری پێکردنی ژنان لەکابینەی حکومەتەکەی تاڵیباندا وتی «ئەرکی ژنان منداڵ بوونەو پێویست ناکا بەشداری کاری سیاسی بکەن، بەڵکو بەو سوکایەتیەش دڵی ئاوی نەخواردەوە و زیاتر رۆی و دانی بەوەدا نەنا کە ژنان نیوەی کۆمەڵن، وتی بەدانانیان لە ئەنجومەنی وەزیران نایانکات بەنیوەی کۆمەڵ بەبێ ئەوەی بزانرێ تا چەند مافەکانیان پێشێل دەکرێ»، لەکاتێکدا پێش چەند چرکەیەک هیچ ماف و ئازادییەکی بۆ ژنان نەهێشتەوە کاتێک وتی کاری ئەوان تەنها منداڵ بوونە، ئەمە لەکاتێکایە کە واباوە «ئافرەت نیوەی کۆمەڵەو دایکی نیوەیکەی تریشێتی»، ئەی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان چییان وت؟

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەهێزە ئیسلامییەکانی کوردستان یەکەمین خەڵکانێک بوون لەپیرۆزبای و دوعای خێر بۆ تاڵیبان کەچی کاتێک وتەبێژەکەی تاڵیبان ئەو سوکایەتیەی بە کۆی ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی ئەفغانستان بەتایبەتی کرد، هیچ هیزێکی ئیسلامی کوردستان نە بەتاک، نە بەکۆمەڵ، نەوەک یزب و ڕێکخراو بێبەری بوونی خۆیان لەوبیرە پڕ شەرمەزاری و ئابڕوتکێنەی وتەبێژەکەی تاڵیبان رانەگەیاند، هەر لایەنی کەم ئەگەر تەنها بۆ موجامەلەکردنی شەقامی کوردیش بێت، تەنانەت لەم کاتەشدا کە چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا زەنگێکی پڕ مەترسی و ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموو ئازادیخوازێک، پەیامێکە لەهێزە ئیسلامییەکانەوە بۆ شەقامی کوردی کە لەئەگەری گرتنە دەسەڵاتی ئیسلامییەکانی کوردستان دوورنیە هەمان سوکایەتی بەژن و ماف و ئازادییەکان بکرێت، چونکە کاتێک تۆ ئامادەنەبی قسە لەسەر ئەو خاڵە جەوهەرییە بکەیت و دڕدۆنک نەبی لەگەڵ بۆچوونی وتەبێژەکەی تاڵیباندا کەواتە تۆ رازیت و ئەوەی ئەو دەیڵێ بڕوات پێیەتی و جێبەجێشی دەکەی کاتێک دەسەڵاتت هەبێ، کە ئومێد دەکەم هەڵوێستی خۆیان ئاشکرابکەن و شک لەیەقین ببڕن.

پیاوسالاری و ئیسلام

راستییەک هەیە کە نابێ نادیدە تەماشا بکرێ، ئەویش حەزی مرۆڤە بۆ دەسەڵات جا چ ژن بێت یان پیاو، واتە مرۆڤ هەر لەڕەچەڵەکەوە حەزێکی زۆری بۆ خۆسالاری و گرتنە دەستی دەسەڵات هەیە، ئیتر لەماڵا بێت یان لە قوتابخانە یان فەرمانگە تا حکومەت، هەمیشە شەڕی خود بۆ دەسەڵات هەر لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤەکانەوە هەبووەو هەر دەشبێت، ئەم شەڕە لەناو بوونەوەرەکانی تریشدا هەر بەهەمان شێوەیە، هەمیشە ئازاترین سەرۆکایەتی ئەو گەلەئاژەڵە دەکات کە لەدەورووبەرین، ئەگەرچی هێز تا ئێستاش یەکلاکەرەوەیە لەناو ئاژەڵەکاندا بەڵام ئەمە لەناو مرۆڤدا گۆڕاوە بۆ ئەقڵ پاشان هێز، واتە مرۆڤ ئەقڵ بەکاردەهێنێ بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات ئەگەرچی بەڕێگای توندوتیژی و هێزی چەکیشەوە بێت بەڵام سەرەتا  ئەقڵ بەکاردەهێنێ پاشان هێز واتە ئەقڵ خستنە خزمەتی هێزەوە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و خۆسالاری.

لە بەشێک لەوڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوین و بەشێک لە ئەفریقا کۆی ئەو جوگرافیایەی ئیسلام ئاینی باوی کۆمەڵگەکەیەتی هاوکارییەکی زۆر هەیە بۆ تێرکردنی حەزی پیاوسالاری، ئەو هاوکارییە لەپارچەکان یتری جیهان بەردەست نیە، ئەویش ئاسانکاری ئیسلامە بۆ خۆسەپاندن و پیاوسالاری.

ئیسلام رێگەی بەوە داوە کە پیاو خاوەنی دەسەڵات بێت و دەسەڵات و هێز لەبەرژەوەندی پیاو یەکلای بکاتەوە (الرجال قوامون علی النساو)، جا ئیتر موفەسیرە ئیسلامییەکان هەر جۆرە لێکدانەوەیەک و داتاشینێکی بۆ بکەن شوێن ناگرێ، چونکە لەیەکەم بەرکەوتن و گوێ بۆگرتنا، ئەوە لای گوێگر دروست دەکات کە پیاو لە ژن بەهێزترە، پیاو حاکم و دەسەڵات بەدەست و سەرۆکە، پیاو لە ژن باشترە، پیاو زیرەکترو زرنگترە، بەڵگەش بۆ ئەمە دوو شتی زۆر ئاسانە کە ئیسلامییەکان ناتوانن ئینکاری بکەن، یەکەمیان ئەوەیە کە خواوەند بە پیاو پێناسە کراوە، کۆی ناوەکانی نێرینەیە و هەر بە سیفەتی پیاویش ناوهێنراوە. دووەمیش ئەوەیە کە کۆی پەیامبەرەکان «پێغەمبەر»  نێر بوون، لەگێڕانەوەکانی «البخاری»ا هاتووە کە پەیامبەری ئیسلام وتوویەتی «لن یفلح قوم ولوا أمرهم امرأە» واتە گەل سەرناکەوێ ئەگەر حاکمەکەی یان دەسەڵاتدارەکەی ژن بێت.

لێرەوە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە پیاوانی وڵاتانی ئیسلام لەپاڵ غەریزەی بۆماوەیی دەسەڵات و حەزی مرۆڤ بۆ خۆسالاری، ئیسلامیش هاندەرێکی سەرەکی و پاڵنەرێکی زۆر هاوکارو باشە بۆ پیاوان تا هەمیشە لەبیری پیاوسالاری و خۆ بەیەکەم و ژن بە پاشکۆ ببینێت.

خاک، نەتەوە، ئاین

هەرچۆنێک دەیهێنی و دەیبەی دەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە زۆرینەی ئیسلامی سیاسی  کورد یان لە ئاینەکەی تێنەگەشتووە، یان هەڵخەڵەتێنراوە و لەخشتەبراوە، یان باش لە ئاینەکەی گەشتووەو ئەوە ئاینەکەیەتی داوای لێدەکا کە خاک و نەوتەوە بکات بە قوربانی ئاینەکەی کە ئەمیان هەڵەیەو ئاینی ئیسلام شی وای نەوتووە.

راست ئەوەیە و دەبێ هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان خاک و نەتەوە بەبەشێک لەخوداپەرستی و تەواوکردنی ئیمانیان تەماشابکەن، وەک ئەوەی لەگێڕانەوەکانی پەیامبەری ئیسلامدا هاتووە (من قتل دون ماله فهو شهید، من قتل دون دمه فهو شهید، من قتل دون دینه فهو شهید، من قتل دون اهلە فهو شهید)، بەداخەوە بەشێک لەحزب و هێزو ڕێکخراوی ئیسلامی هێندەی لەخەمی موسوڵمانێکی بۆرما و فەلەستین و موریدی ئەردۆغانن، چارەکی ئەوە هەستیان بۆ خاک و نەتەوە نیە.

هێزە ئیسلامییەکان بە گشتی ئەوانەی  کوردستانیش ئەگەرچی یەک خواو یەک پەرتوک و دینیان کردووە بە چەندین پارچەو مەزهەب و تەریقەوە،  لەژێر ناوی رێکخراوی جیاواز جیاوازدا بۆ بەرژەوەندی کەسی و خێزانی و ئابوری خۆیان رێکخستووە، بەڵام ناوەرۆک هەموویان هەر یەکن، ئەگەرچی هەندێکیان توندئاوێژو هەندێکیشیان میانڕوەو  خۆیان نمایش ئەکەن، بەڵام چەند نمونەیەکی مێژووی نزیکی ناوچەکە و جیهان گەواهی ئەوە دەدەن کە هەموویان یەک ئامانجیان هەیە بەڵام رێگایان جیاوازە.

ئەگەر هەڵوێستی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان بەرامبەر سێ رووداو لە فەرەنسا، فەلەستین و ئەفغانستان وەرگرین ئەوا بەڕوونی دەبینین و بەئاسانی تێدەگەین کە نەرمترین تا توندترین ئیسلامی سیاسی بیروبۆچوونیان چۆنە و ئەگەر فرسەتێکیان بۆ رێکەوێ چ جۆرە حوکمێک دەچەسپێنن.

هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان لەماوەی رابردووا تا دوایین گۆڕانکاری لە ئەفغانستان هەڵوێستیان نەگۆڕبووە لەوەی کە ئەوان پاڵپشتی دەسەڵات و حوکمی ئیسلامی دەکەن کە ئەمەش مافی خۆیانە و هەر بۆئەوەش تێدەکۆشن.

نابێ حزبێکی ئیسلامی یان کۆمۆنیست بانگەشەی نەتەوەیبوون بکەن، چونکە ئەوان بۆ ئەوە دروست نەبوون.

کۆمۆنیست خەبات بۆ بەختیاری گەلان دەکات و باوەڕی بە سنور نیە، ئیسلامییەکانیش خەبات بۆ دروستکردنی خەلافەتی ئیسلامی دەکەن و نەتەوەو سنور بۆ ئەوان هیچ واتایەکی نیە، هەڵبەتە لە کۆمۆنیست و لە ئیسلامیەکانیشدا دەکرێ کەسانێک هەبن کە جیاوازتر بیربکەنەوەو باوەڕیان بەکوردایەتی و دەوڵەتی کوردی هەبێ، بەڵام ئەو کەسانە کەمینەیەکی ناو ئەو حزبانەن.

سێ نموونە

کاتێ لەغەززە تیرۆریستێکی حەماس و جیهادی ئیسلامی لەکردەوەیەکی تیرۆرستیان رزگاری نابێ و دەکوژرێ، لە هەواڵی حزبە ئیسلامییەکاندا بە شەهید ناوی دەهێنرێ کەچی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا بەکوژراو دەخوێننەوە، یان کە لە غەززە مناڵێلک دەکوژرێ یا کە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکاندا روودەدا راستەوخۆ ئازارو ناڵەی عەرەبە فەڵەستینیەکان لەهەناو و گەرووی هێزە ئیسلامیەکانی کوردستانەوە بەرزدەبێتەوەو دێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن، کەچی کاتێ تورکیا و سەرۆکە ئیخوانیە شۆڤێنیەکەی عەفرین و سەرێ کانێ و گرێ سپی داگیردەکا و تیرۆریستە ئیسلامییە یاوەرەکانی دەستدرێژی دەکەنە سەر کچانی کوردو سوکایەتی بەپیرو بەتەمەنەکان دەکەن، مەخابن هێزە ئیسلامییەکان بێدەنگی هەڵەبژێرن.

لەسەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەمدا زۆربەی زلهێزەکانی جیھان کەوتنە دژایەتی عوسمانیەکان و پاشانیش بوون بە نەیاری ئەتاتورک، کەچی گڕگڕ کورد بەڕابەرایەتی پیاوانی ئاینی و شێخ و مەلاکان بوو بەھاوپەیمان و داردەستی تورک، کە تا ئێستاش کورد باجی ئەو هەڵە مێژووییە دەدات کە ئەگەر راستکردنەوەی مەحاڵ نەبێ ئەوا  بەبێ هاوکاری و بەخودی کورد تاقەت پڕوکێن ئەبێ.

ئێستاش جارێکی تر کەزۆربەی ھەرە زۆری زلھێزو دەرو دراوسێی و وڵاتانی دیموکراسیخواز بوون بە نەیار و دژایەتی سیاسەتی ئەردۆغان دەکەن، کەچی دیسانەوە گڕگڕ بەشێک لەئیسلامی سیاسی رادیکاڵ و ئیخوانی بوون بەدۆست و موریدی کابرای دیکتاتۆر، هەڵبەتە لێرەدا باسی هێزە ئیسلامییەکان دەکەین ئەگەرنا حزبەکانی تریش لەو خووە ناشرینە بێبەش نین.

کاتێک کە خوێندکارێکی رادیکاڵی ئیسلامی بەشێوەیەکی وەحشیگەرای هێرشی کردەسەر مامۆستاکەی و سەری لەجەستەی جیاکردەوە، ئەو بابەتە بوو بەڕۆژەی جیهانی و هەموو مرۆڤدۆستانی هێنایە سەر هێڵ و سەرکۆنەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیان کرد، پاشان سەرۆکی فەرەنسا وتارێکی پێشکەشکرد و بەرگری لەڕای ئازاد کرد لەو وڵاتە، کەچی ئسلامییەکانی کوردستان وەک هەر توندڕەوێکی تر دەستیان کرد بەهێرشکردنە سەر فەرەنسا و سەرۆکەکەی و دیوە رادیکاڵییەکەیان بەسەریاندا زاڵتر بوو لەمرۆڤایەتی بەبێ ئەوەی هیچ چاکەیەکی فەرەنسا بەرامبەر کورد و دۆسێکەی بیانجوڵێنێ.

فەرەنسایەک کە لەدوای ساڵی ١٩٩١وە بۆتە چەتر بۆ کوردو وەک ئەندامێکی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیوەدەوڵەتی لەھەوڵدایە بۆ دۆستایەتی کوردو دژایەتی و شکستپێھێنانی ھەر کارێک کە لەبەرژەوەندی کوردا نەبێت.

ئەو رووداوەی فەرەنسا شەرێک نەبوو/نیە لەنێوان فەرەنسا و ئیسلامدا، بەڵکو ئەوە شەڕێکە لە نێوان کۆمەڵگەی فەرنسا بەھەموو چین و تووێژو ئاین و مەزھەبەکانەوە لەگەڵ فکرێکی رادیکاڵی توندئاوێژ و تیرۆریستی نامۆ بەمرۆڤایەتی، کەچی بەشێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان هەر لەبەرەی تیرۆریست و رادیکاڵەکاندا مانەوە.

ئەو شەڕەی نێوان کۆمەڵگە و ھەڵگرانی بیری توندوتیژی و ئیسلامی رادیکاڵ تەنھا لە فەرەنسا نیە و پەیوەندیشی بە نیشاندان و بڵاوکردنەوەی وێنەی پەیامبەری ئیسلامەوە نیە ھێندەی خواستێکی تێرکردنی ئەو رق و کینە و ئارەزووی خوێنڕشتنەی ئیسلامییە رادیکاڵ و ھەڵگرانی بیری توندوتیژییەوە ھەیە، بۆ نمونە بەھاری ساڵی ٢٠١٧ لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کەسێکی توندئاوێژ و ئیسلامی رادیکاڵ بە باھەڵگرێکەوە لەناو جەرگەی سەنتەری شاری ستۆکھۆڵمدا خۆی کرد بەناو خەڵکی سڤیل و بێ تاواندا چەندین کەسی شێلاو پێنچ کەسیشی کوشت کە یەکێکیان مناڵێکی بێتاوانی یانزە ساڵان بوو، کەچی بەشێک لەئیسلامییەکانی کوردستان هەر لەبەرەی تیرۆریست و رادیکاڵەکاندا مانەوە.

ئەوەی لەکوردستاندا دەیبینین کاردانەوەیەکی دۆگمایی و ترسناکە، کاتێک دەبینی کە کوردێكی موسوڵمان بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیری خۆی بۆ خوێنڕێژێک و سەربڕێکی چیچانی توندڕەو، تیرۆریستێکی فەلەستینی، دیکتاتۆرێکی تورکی ئیخوانی و بزوتنەوەیەکی ئیسلامی رادیکاڵی ئەفغانی دژ بە ژن و ئازادی و پێشکەوتن دەردەبڕێ، ئەوە واتای ئەوەیە کە موسوڵمانی کورد شوناس و ناسنامەی خۆی لێ ون بووە،  لەنێوان نەتەوەو دین، توندڕوی و میانڕەوی و ئاشتەوایی و شەڕەنگێزی، بۆیە گرنگە ئاقڵمەندانی ناو ئەو هێزە ئیسلامیانەی کوردستان هەڵوێستەیەک بکەن و جارێکیتر بیرلەسیاسەت و ئاین و نەتەوە و خاک و نیشتمان بکەنەوە، رێگەنەدەن کە بەشێک لەسەرکردایەتی ناو ئەو حزب و رێکخراوە ئیسلامییانە خواپەرستی و کوردایەتی و خۆشەویستی و خاک و نیشتمان و نەتەوەی لێ کجیابکەنەوە.

*پاثۆلۆجی = زانستی نەخۆشی

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار