كچە ئێزیدیەك  ئازاری هاونیشتمانییەكانی دەگەیەنێتە ئەوروپا

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

«ژمارەیەكی زۆر لەكچ و ژنان لەلایەن داعشەوە رفێنران و رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و توندوتیژی بوونەوە، كە دەیان چیرۆكی خەمناكی تێدایە لەڕێگەی شانۆوە ئازاری هاونیشتمانییەكانم گەیاندووەتە دڵی ئەوروپا كە وڵاتی ئەڵمانیایە».

ئیناس ئەلیاس تەمەن 30 ساڵ ، دانیشتووی ناحیەی (سنونێ) سەر بە قەزای شەنگال، لە رێگای شانۆ دەیەوێت ئازارو مەینەتییەكانی خەڵكی شەنگال بەتایبەت ئەو ژنانەی كەوتبوونە دەست چەكدارانی داعش بگەیەنێتە ئەوروپا .

ئیناس لەئێستادا لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لەیەكێك لەكۆلیژەكان وانەی سینەما دەخوێنێت، ماوەی دوو ساڵیشە رۆڵی ئەكتەر دەبینێت لەو شانۆیانەی تایبەت بەژنانی ئێزیدین.

ئیناس لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتى وتی:» ئەو كچ و ژنانەی حەزیان لە هونەری شانۆیە بەبێ شەرمكردن بەشداری بكەن لەشانۆ تا لە ئاییندەدا كۆمەڵێك لە ژن و كچی زیرەك و لێهاتووی ئێزیدی ئازارەكان زیاتر بگەیەنینە بیانییەكان».

ئیناس ئاماژەی بەوەشكرد  هەموو میللەتێكی جیهان رووبەڕووی ئازار و ناخۆشی بووەتەوە، بەڵام گەلی ئێزیدی هیچ كات ئەوەندە ئازاریان نەچەشتووە كە داعش بەرامبەریان كردوویەتی، وتیشی:» هەموو كەسێك باش دەزانیت كە ژمارەیەكی زۆر لەكچ و ژنان لەلایەن داعشەوە رفێنران و رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و توندوتیژی بوونەوە و هێشتا هیچ شتێكیان بۆ نەكراوە، لەكاتێدا زۆرترین قوربانیان داوە».

ئیناس شەش خوشك و سێ برای هەیە، لە ئەیلولی 2019 هەلی خوێندن لە دەرەوە بۆ رەخسا، ماوەی دوو ساڵ لە ئەڵمانیا دەخوێنێت دواتر دەچێتە ئەمریكا و لەوێ خوێندنەكەی تەواو دەكات، بەشی شانۆی هەڵبژارد تا لە رێگای شانۆ دەنگی ئێزدییەكان بگەیەنێتە هەموو جیهان.

 « ماوەی سێ ساڵە لە بواری شانۆ ئیش دەكەم ، پارساڵ لە ئەڵمانیا بەشداریكردووە لە پێنج شانۆ ، هەروەها لە شەنگالیش بەشداریم كردووە لەسێ شانۆ، ناوەرۆكی شانۆكان لەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان بووە، هەروەها ژنانی ئێزیدی بەتایبەت رزگاربووانی دەستی داعش چونكە ئەوان زۆرترین ناخۆشی و قوربانیان داوە»، ئیناس وای وت.

 ئیناس باسی ئازارێكی دیكەی ئێزیدییەكانی كرد كە لەناو ژیانی كەمپ و ئاوارەییدان كە حەوت ساڵ زیاترە تا ئێستا هیچ هیوایەك نیە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال.

لەبارەی هاوكاریكردنی خێزانەكەی و هەڵبژاردنی بواری شانۆ، ئیناس باسی لەوەكرد كە خێزانەكەی زۆر هاوكاری دەكەن، «هەر شتێك پێویستم پێ هەبێت بۆمن دابین دەكەن ئەوەش زیاتر دڵخۆشم دەكات هانیشم دەدەن كە بەردەوامبم لەسەر كارەكەی خۆم و داهێنان و شتی نوێ بكەم لە بواری شانۆ».

«لەهەموو بوارێكی ژیان ژن و كچی زۆر زیرەك و لێهاتوو لەناو كۆمەڵگای ئێزیدیدا هەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا دەرفەتیان بۆ دروست نەبووە، داوا لەبەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم هاوكاری و پشتیوانی ئەكتەر عاشقی شانۆ بكەن ، پێش فەرمانی 2014 ئاستی شانۆ لە شنگال زۆر باشبۆ ، بەڵام ئێستا هاوكارییەكە وەكو پێویست نیە، بۆیە وەكو جاران نەماوە ، ئەگەر هۆڵی شانۆیان بۆیان دروست بكرێت و پشتیوانی ئەوان بكەن، ئەوا ئەوكات بەدڵنیایییوە كاری زۆر باشتر پێشكەش بە میللەتی خۆیان و جیهان دەكەن» .

هیوا و ئاواتی ئیناس ئەوەیە لە ئاییندەدا ببێتە شانۆكارێكی بەناو بانگ و بەشداربێت لەشانوەكانی نێودەوڵەتی، ووتی « هەموو هەوڵ و ماندووبونی من بۆ ئەوەیە لە چەند ساڵی ئاییندەدا ببم بە شانۆكارێكی زیرەك و بەناو بانگ ، چونكە چەند زیرەك و بەناوبانگبم ئەوەندە زیاتر خزمەتی كۆمەڵگای ئێزیدی دەكەم ، جگە لەمەش زۆر حەزدەكەم بەشداری بكەم لەشانۆكانی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەوانەی لەسەر پرسی ئێزدییەكان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار