ئایا کێ چارەت دەنووسێت؟

سه‌ردار عه‌زیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، هاوڕێم کاک د.نیاز نەجمەدین بەسوپاسەوە کتێبی: ‘کێ چارەنووس دیاری دەکات؟ ‘ی بۆ ناردم. هەر کە بەدەستم گەیشت دەستم بەخوێندنەوەی کرد، بەڵام چونکە کارو سەفەرم هەبوو، پلانم دانا لەڕێگای سەفەرەوە بەتەواوی بیخوێنمەوە. ئەو بەیانیە زوو، چەند رۆژێک لەمەوپێش، هاوسەرەکەم، بەئۆتۆمبیل گەیاندمیە سەر سنوری نەمسا لەئیتاڵیاوە و لەژیر تریفەی مانگەشەوێکی ساماڵی سارددا، ماڵئاواییم لێکرد. کە سواری شەمەندەفەرە نەمساوییەکە بوم، لاپتۆپەکەم کردەوەو دەستم بەخوێندنەوە کرد. کتێبەکە وەک ئاو رەوان نووسراوە. هەرچەندە زۆرجار کاتێک چەمکی ئابوریمان بەرچاو دەکەوێت خێرا وێنایەکی ئالۆزی پڕ لەژمارەو داتاو رای زۆری جۆراوجۆر دێتە خەیاڵمان، بەڵام د.نیاز توانیویەتی کتێبێکمان بۆ بنووسێت بەزمانێکی ئێجگار خوێنراوەو بۆ هەمووان. ئەمە دەرخەری ئاستی توانای ئەوە بەسەر بابەتەکەیدا. رەواننووسین نیشانەی شارەزاییە بەسەر باباتەکەدا، ئەوەش هاوکاری ئەوی کردووە کە زۆربەی سەرچاوەکانی لەدونیای ئەنگلۆساکسۆنەوەیە، چونکە دونیای فرانکۆفۆن دونیای رستەی ئالۆزو تەکنیکییە.

 سەرەتا حەزدەکەم بەناونیشانەکە دەستپێبکەم. چەمکی چارەنووس، لەزمانی کوردیدا جێگای سەرنجە. پێکەوەگرێدانی چارە لەگەڵ پاشگری نوس-دا، دەرخەری ئەوەیە کە لەئاگایی بونیادنەری ئەو چەمکەدا، چارە نووسەرێکی هەبووە. نوس، کە ئاماژەیە بۆ نووسەر یان نووسراو، دەرخەری ئەوەیە کە کەسێک یان هێزێک هەیە کە پلانڕێژی ژیانی کەسەکان دەکات و چارەیان دەنووسێت. بەمجۆرە کەسەکان موخەیەرنین بەڵکو موسەیەرن. ئەم پرسە بوارێکی زۆری دونیای باوەڕو فەلسەفەی داگیرکردووە. ئایا مرۆڤ خاوەن بڕیار و ئیرادەی خۆیەتی یان نەخێر لەچارەی نووسراوە یان بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵایەتییە؟؟. دەکرا ئەم یارییە زمانەوانییە بۆ ناونیشانەکە سەرنجڕاکێش بوایە بەوەی کە چارەو نووسین وەک دراوێک وەرنەگرین بەڵکو لەیەکیان بترازێنین و بیانخەینە ژێرپرسیارەوە. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا کتێبەکە لەبواری کۆگنەتیڤدا نەنووسراوە، بەڵکو لەبواری ئابوری کۆمەڵایەتیدا کاری کردووە.

دەکرێت چارەنووس بۆ زۆر دۆخ و مانای جیاواز بەکار بێت. بۆ نموونە زۆرم بیستوە لەگەرمیان ژنان لەنێوان خۆیاندا لەیەکتریان پرسیوە، بۆ شوتکرد بەم سوێڵ (سمێڵ) قەوییە، (زللە)؟ لەوەڵامدا بەئاهێکەوە دەڵێن، بەخوا چی بکەم، ئەڵبەت لەچارەم نووسرابوو. لێرەدا چارە رەنگە تەنها ئاماژەنەبێت بۆ قەدەرێکی ئیلاهی بەڵکو بۆ خێزان و کەسوکاریش.

د.نیاز زۆر بەباشی ژینگەکان دەستنیشان دەکات و کاریگەریی باش و خراپیان روون دەکاتەوە. ژینگەی خێزان، گەڕەک، قوتابخانە، کۆمەڵگا، هەروەها کاریش. سەرباری ئەم پۆلێنکارییە کۆمەڵایەتییە، کتێبەکە زیاتر فەلسەفەی سیاسییە بەوەی لەهەموو شتێک زیاتر جەخت لەسەر چەمکی ئازادی دەکاتەوە.  ئەم بایەخەی ئازادی لەئابوریناس و بیرمەندی گەورەی هیندی ئەمارتیا سینەوە وەردەگرێت.  گەشە وەک ئازادی ناوی کتێبێکی سین و هاوەڵەکەیەتی کە لەساڵی ١٩٩٩ چاپکراوە. سین پەیوەندییەکی دیالیکتیکیانە لەنێوان و گەشە و ئازادیدا دەبینێتەوە. ئازادی، بەتایبەتی ئازدای تاک بەکۆڵەکەی گەشە لەقەڵەم دەدا، بەڵام ئازادی تاک ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە. ئەوە کۆمەڵگایە دەبێت زەمینەی ئەوە بڕەخسێنێت هەتا تاک ئازادبێت. بەمجۆرە ئازادی وەک لابردنی بەربەست و دروستکردنی بنەما بۆ سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکاندا بینراوە. (ئەشعیا بەرلین و پۆلێنکردنەکانی بۆ ئازادی، بهێنەوە یاسی خۆت). هەروەها ئازادی لەئاستێکی تردا راستەوخۆ پەیوەندی بەچارەوە هەیە لەتێگەیشتنە عەلمانییەکەیدا، یان تێگەیشتنە دونیاییەکەیدا، ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ئازادی فەراهەم بێت دەبێت بنەماکانی دابڕێژرێت و زەمینەی بۆ بسازێت. بۆ نموونە بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازادبێت دەبێت دووربێت لە نەخۆشی، بۆیە دەبێت هەموو کەسێک بەبێ ڕێگری مافی ئەوەی هەبێت کە چارەسەر بکرێت، کە بخوێنێت، کە پەرە بە تواناکانی خۆی بدات. لای سین ئازادی تاک، پەیوەستە بە کۆمەڵگاوە، ئەگەر کۆمەڵگا بەهەموو رەهەندەکانیەوە کار لە سەر بنەمای یەکتر تەواکردنی تاکەکان و پاشان کۆمەڵگا بکات ئەوا لەژینگەیەکی وەهادا دەتوانرێت بهێنرێتە ئاراوە کە مرۆڤەکان ببنە نووسەری چارەی خۆیان.  دیارە بێگومان کۆمەڵگا ناتوانێت هەموو بنەماکان دابین بکات، چونکە کەسایەتی تاک پێش هاتنی بۆ ناو کۆمەڵگا دەستپێدەکات. کاتێک ژن و پیاوێک بڕیاری دروستکردنی منداڵێک دەدەن، ئەوە جین و دی-ئێن-ئەی ئەوانە کە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر کێیەتی و چۆنێتی منداڵەکە. ئەم ڕەهەندە جینییە ئەوەندە تیشکی نەخراوەتە سەر لەکتێبەکەدا.  لێرەوە رۆڵی باوان، نەک تەنها بەخێوکردنە بەڵکو گواستنەوەیەکەی نائیرادەییە. بەڵام لەبواری بەخێوکردندا کتێبەکە زۆر بەباشی تیشک دەخاتە سەر ئاستی خوێندەواری باوان و گواستنەوەی بەپۆزەتیف بۆ منداڵان. کاتێک لەگەشتەکەمدا، گەشتمە فڕۆکەخانەی میونخ، بڕیارمدا کتێبێک بکڕم بۆ خوێندنەوە لەناو فڕۆکەدا، کتێبێکی فلیپا پێریم کڕی، لەژێر ناونیشانی [ئەو کتێبەی ئاواتەخوازبوی باوانت بیانخوێندایەتەوە (هەروەها منداڵەکانت دڵشاد دەبن ئەگەر تۆ بیخوێنیتەوە)]. سەرتاپای کتێبەکە لەسەر دوو تێز کار دەکات، یەکەم، دەبێت هەمیشە خواستی منداڵان بە جیدی وەربگیرێت، نەک لەڕوانگەی گەورەوە. زۆرجار منداڵان لە سەر شتی بێ مانا کێشەیان هەیە، بەڵام نابێت پێیان بڵێی کە بێمانایە. بەڵام تێزی دوەمی جێگای سەرنجە، ئەویش چۆن هەمومان لەمامەڵەمان لەگەڵ مناڵەکانماندا، بەبێ ئاگایی مناڵی خۆمان دووبارە دەکەینەوە.

مرۆڤەکان بەرپرسن لەچارەنووسی خۆیان، یان دەبێت مرۆڤەکان بواریان بۆ بڕەخسێت هەتا ببنە نووسەری چارەنووسی خۆیان.  ئێمە دەزانین کە دیدی لیبرالیزم لەبیری ئەوروپیدا بەرامبەر دیدی ئیلاهی یان خودایی گەشەی کرد. کرۆکی دیدی لیبرالیزم لەسەر بنەمای ئازادییە. ئازادی یانی هەبوونی دەرفەت و ئاگایی هەڵبژاردن یان توانای بژاردە. هەتا کۆمەڵگا بتوانێت بژاردەی زیاتر بخاتە بەردەم تاکەکان و تاکەکان بتوانن بە باشی بژاردەکان هەڵبژێرن ئەوا باشتر دەبنە نووسەری چارەنوسی خۆیان

 

 کتێبەکە لە پاش خێزان دەچێتە بوارەکانی خوێندن و حکومەت و سیستەمی ئابوریی و بوارەکانی ترەوە. لێرەدا دەبێت چەند پرسێکمان لەلا روون بێت. لەکاتێکدا کتێبەکە دەیەوێت دیدی تەقلیدی چارەنوسین بگۆڕێت بۆ دیدێکی لیبرال، بەو مانایە کە ئەوە چیدی هێزە دەرەکیيەکان نین کە بەبێ توانا و خواستی مرۆڤ چارەیان نووسیوە، بەڵکو هێزو بوارە کۆمەڵایەتییە دونیاییەکانن لەگەڵ دیدی و ئاگایی و توانای مرۆڤەکاندا پێکەوە چارە دەنووسنەوە. کرۆکی ئەم بیرە لیبرالە لەو روانگەیەوەیە کە مرۆڤەکان بەرپرسن لەچارەنووسی خۆیان، یان دەبێت مرۆڤەکان بواریان بۆ بڕەخسێت هەتا ببنە نووسەری چارەنووسی خۆیان.  ئێمە دەزانین کە دیدی لیبرالیزم لەبیری ئەوروپیدا بەرامبەر دیدی ئیلاهی یان خودایی گەشەی کرد. کرۆکی دیدی لیبرالیزم لەسەر بنەمای ئازادییە. ئازادی یانی هەبوونی دەرفەت و ئاگایی هەڵبژاردن یان توانای بژاردە. هەتا کۆمەڵگا بتوانێت بژاردەی زیاتر بخاتە بەردەم تاکەکان و تاکەکان بتوانن بە باشی بژاردەکان هەڵبژێرن ئەوا باشتر دەبنە نووسەری چارەنوسی خۆیان.  لەم روانگەیەوە کتێبەکە رەخنە لە بیرو ئایدۆلۆژیاکانی تر دەگرێت. لە نێویاندا سۆشیالیزم. رەخنەکانی لە سۆشیالیزم لەدیدی هایەکەوەیە، کە یەکێکە لەباوانی نیولیبرالیزم. هایەک سۆشیالیزم بەڕێچکەی کۆیلەیەتی دادەنێت. ئەم دیدە لەدونیای ئەمڕۆدا کە نیولیبرال لەقەیراندا لەژێر رەخنەدایە.

د.نیاز دیدەکانی تریش ریز دەکات وەک رێگر لەبەردەم ئازادییەکانی تاک، لەنێویاندا ناسیونالیزم. لەم روانگەیەوە تەنها هێندە ئاماژە بەئەوە دەدات کە یەکێتی و پارتی ناسیونالیزمن. بەڵام حەزم دەکرد زیاتر لەسەر ئەم بوارە بوەستایە. چۆ ناسیونالیزم دەتوانێت بونیادنەرو روخێنەریش بێت. بەڵام لە راستیدا ئایا دانانی یەکێتی و پارتی وەک ناسیونالیست خراپ دەستنیشانکردنی دۆخەکە نیە؟ کتێبەکە بەزۆر بواردا سەفەر دەکات لەکوردستان. چۆن ئەم بوارانە زۆر لەبری بەخشینی توانا رەنگە تواناکان سنوردار بکەن. خوێندەواری گرنگە بەڵام جۆری خوێندن گرنگترە. حکومەتداری گرنگە بەڵام کوالتی حکومەت و سیستەمی سیاسی گرنگە. کەرتی نەوت بەسودە بەڵام رەنگە ببێتە مایەی کێشەش. داهاتی گشتی یەکێکە لەکۆڵەکەکانی بونیادی تاک، بەڵام کاتێک لەهەرێم لە دە ساڵی رابوردودا بودجە بوونی نیە، ئەوا مانای ئەوەیە هیچ پلانڕێژییەک نیە بۆ داهاتی گشتی و چۆنێتی بەکارهێنانی لەڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە بۆ سودی گشتی.

د.نیاز زۆر کارامانە کار لەسەر جیندەر دەکات. چۆن ئافرەت زیاتر قوربانی بونیاندە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکانە، کە لەئەنجامدا دەرفەتەکانی کەمتر دەکەنەوەو بژاردەکانی سنوردار دەکەن.

لەدوا بەشدا کتێبەکە داوایەکی لەخوێنەرانی هەیە: وەک تاکێکی بەرپرسیار ئەو رێگایە تاقیبکەرەوە کەکەمترین تاقیکراوەتەوە لەکوردستان، ئەویش رێگای فێربوون و زانستە. فێربوون تەنها لەپێناو بژێویدا نیە، بەڵکو هاوکاریت دەکات هەتا لەگەردەلوکەکانی ژیاندا باشتر تێپەڕیت. د.نیاز لە کتێبەکەیدا بواری تاک و کۆ پێکەوە گرێدەدات. دەیەوێت تاک بە ئاگابێتەوە لە ئالانگەرییەکانی و چۆن بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و لەو پێناوەدا خۆی تەیار بکات. کتێبێکە شایستەی خوێندنەوەیە. پرسێکە هەموومان رووبەڕووی دەبینەوە، خۆشيمان بێت یان ترشيمان بێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار