كێشەكانی پارتیو یەكینەكانی پاراستنی شەنگال قووڵتر دەبێتەوە
رێگریكردن لەوەفدێكی پارتی لەلایەن بەشێك لەئێزیدییەكانەوە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
پارتی بەسەرۆكایەتی جەعفەر ئیبراهیم ئیمنیكی لەگەڵ كاندیدانی پارتی لەدهۆكەوە بەڕێدەكەون بۆ شەنگال، بەڵام بەشێك لە ئێزیدییەكان رێگرییان لە وەفدەكە كردو نەیانهێشت بچنە ناو شەنگال و گەڕانەوە دهۆك، دوای ئەم رووداوەش مەسرور بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە دەچنەوە خاكی شەنگال.
ململانێكان و ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) دوای رووداوەكانی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە دروست بوو كە یەبەشە دەڵێن ئەوان رۆڵی سەرەكیان هەبووە لە رزگاركردنی خاك و خەڵكی ئێزیدیدا و پارتی لەشەنگالدا نەماوەتەوە.
ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە لقی 17ی پارتی لەشەنگال كە ئێستا لە دهۆك دەوام دەكەن بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە رۆژی 2ی تشرینی یەكەم 2021 وەفدێكی باڵای پارتی كە پێكهاتبوون لە جەعفەر ئیبراهیم ئیمنیكی، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لەگەڵ ژمارەیەك كادیرو لایەنگرانی پارتی و هەرسێ كاندیدی بازنەی شەنگال لە دهۆكەوە بەڕێكەوتن بۆ قەزای شەنگال، ئامانج لەسەردانەكەیان ناساندنی كاندیدانی پارتی بوو لە شەنگال و بەشداریكردنی لەئاهەنگی جەماوەری پارتی لەقەزاكە.
ئیدریس زۆزانی پێشیوابوو ئەوەی ئەوان لەبەرامبەر وەفدەكەی پارتی كردوویانە دژی بڕیارو رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە.
وتیشی:»رێكاری یاسایی دەگرینە بەرو بە رەسمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگاداردەكەینەوە كە ئەوا رێگری لەحزبی پارتی كرا، بەداخەوە بەرپرسانی ئەمنی عێراق و نەینەواش نەیانتوانی رێگری لە پەكەكە بكەن تا وەفدەكەمان دەرباز ببێت، جارێ ناتوانین بڵێین جارێكی تر هەوڵدەدەینەوە كە بچینە شەنگال یان نا».
« وەفدەكە نەیویست شەڕو كوشتن دروست بێت و جارێكی تر خوێنی كورد هەر بەدەستی براكەی بڕژێت، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و دروست نەبوونی شەڕ گەڕاینەوە دهۆك، نابێت چەند لایەنێك شەنگال كۆنتروڵ بكەن و رێگا نەدەین هێز و لایەنەكانی تر بانگەشە بۆ خۆیان بكەن ، مافی خۆمانە لە هەموو عێراق بانگەشە بۆ كاندیدانی خۆمان بكەین « ئدریس زۆزانی وا دەڵێت.
جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شەنگال ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دژی ئەوەن پارتی بگەڕێتەوە بۆ شەنگال.
حەسۆ ئیبراهیم ، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شەنگال بەهاوڵاتی وت: « بە روون و ئاشكرایی دەڵێن رێگا نادەین پارتی بگەڕێتەوە شەنگال، نەك تەنها ئێمە دژی ئەوەین كە پارتی بگەڕێتەوە، بەڵكو تەواوی خەڵكی شەنگال رێگا نادەین بگەڕێتەوە».
هەروەها باسی لەوەشكرد ئەو رۆژەی وەفدەكەی پارتی هات خەڵكی شەنگال بە ژن و كچ و پیاو رژانە سەر شەقامەكان، وتیشی:»دەیا نجاری تر پارتی هەوڵبدات سەردانی شەنگال بكات بێسوودە، چونكە ئێمە قبوڵ ناكەین جارێكی تر پارتی بگەڕێتەوە «.
حەسۆ ئیبراهیم وتیشی: « پارتی بەنیازی بانگەشە نەهاتبوو، بەڵكو دەیویست جارێكی تر بارەگای خۆی بكاتەوە، چونكە شاندەكە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێل بوون ، جگە لەمەش هێزێكی گەورەی لەگەڵ بووە، دەیانویست جارێكی تر ئیرادەی خۆیان لەسەر خەڵكی شەنگال بسەپێنن، ئێمەش ئەو شتە قبوڵ ناكەین، ئەگەر تەنها كاندیدەكانیان بێن و بۆخۆیان بانگەشە بكەن هیچ كێشەمان نیە و ئێمە بەرگرییان لێدەكەین تا دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، هەر كەسێك دەستدرێژییان بكاتە سەر یان رەفتارێكی ناشیرینیان لەگەڵ بكات ئێمە لێی بەرپرسین «.
لەبەرانبەردا فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لە شەنگال پێیوابوو ئەو رێگرییەی بەرانبەر وەفدەكەی پارتی كراوە هەڵەیەكی گەورە بووە.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لە شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت «ئەو رێگرییەی بەرامبەر وەفدی پارتی كرا هەڵەیەكی زۆر گەورە بوو بەهەموو پێوەرێك دوورە لە بنەماكانی دیموكراتیەت و مرۆڤایەتی، مافی پارتییە لە شەنگال و هەموو عێراق بانگەشە بۆ كاندیدانی خۆی بكات».
« ئەو هێزەی رێگری لە وەفدەكەی پارتی كرد یەبەشە بوون و خەڵكیان هاندا تا بچنە سەر شەقام، ئەمەش بۆ ئەوەی پەیامێك بگەیەننە هەموو لایەك و بڵێن سەیركەن ئەوە ئێمە نین رێگری لەپارتی دەكەین بەڵكو خەڵكی سڤیلە رێگا نادات جارێكی تر پارتی بگەڕێتەوە شەنگال «، حەیدەر شەشۆ وای وت