حزبی سۆسیالیست: ئامانجمان لە پشتیوانیی كاندیدەكان سەرخستنی کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆز بوو

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست رایگەیاند:"خۆمان ساز و رێکدەخەینەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

 ئەمرۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2021  لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست رایگەیاند:"هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاوێکی دیکەی دیموکراسی بوو، بە سەرکەوتوویی گەیشتە ئەنجام". ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای گۆڕان لە سیستەمی هەڵبژاردنەکان و کێشە تەکنیکییەکان، "بەڵام بە ئارامی و ئازادی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی بانگەشە و دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی کورد لە کەرکوک، موسڵ و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی گەورەن و مایەی شانازین بۆ هەمووان".

حزبی سۆسیالیست پیرۆزبایی لە بەربژێرە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن دەکات و هیوا دەخوازێت، "ئەم سەرکەوتنە هۆکاری بەهێزکردنی ریزەکانی گەل و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت بۆ بە یەک دەنگ و لە یەک سەنگەر بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ماف و داوا رەواکانی کورد لە پەرلەمان و حکومەتی ئاییندەی عێراقدا".

هەروەها ئەو حزبە سوپاسی ئەندام و لایەنگرانی دەکات کە بە پەرۆشەوە بەشداریی دەنگدانیان کرد و دەشڵێت، "ئامانجمان لە پشتیوانی بەربژێرەکان، سەرخستنی کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆز بوو بۆ بەرپرسیارێتیی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار