فەنتازیاکانی چین
سهردار عهزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عهزیز
لەمیانەی پشکنین و لێکۆڵینەوە لەپەیوەندی نێوان کوردو چین، بۆ ئامادەکردنی چاپتەری کتێبێک، پرۆسەی پەیوەندی و تێگەیشتنی کوردم بۆ ئەم شارستانیەتە کردووە بەسێ قۆناغەوە، قۆناغی فەنتازیایی، قۆناغی ئایدۆلۆژی لەگەڵ قۆناغی ئابوری. لەقۆناغی فەنتازیایدا پەنام بۆ ئەو دەق و گوتە و دیدانە بردووە کە لەفولکلۆر و گۆرانی و باوەڕی ئاینی و شیعری کوردیدا بوونیان هەیە. ئامادەیی چین لەناو ئەم ژانڕانەدا بۆ من جێگەی حەپەسان بوو. بۆچی چین هێندە ئامادەیە و هیچ شارستانیەتێکی تر، بەتایبەتی شارستانیەتە دوورەکان هێندە ئامادەنین؟
ئەم ئامادەبوونە تایبەتمەندییەکی تایبەت دەدات بەچین. بەڵام ئایا فەنتازیا وەک چەمکێک گونجاوە بۆ بەکارهێنانی بۆ تێگەیشتن لەئەم قۆناغە. فانتازیا وشەیەکی کوردی نیە، بەڵام هەتا ئاستێکی باش کوردێنراوە. بەگشتی بەمانای خەیاڵ و ناواقیعی و نامادییەت و ئەفسانەیی دێت. بەڵام فەنتازیا جۆرێکە لەبیرکردنەوەو هەوڵدان بۆ تێگەیشتن. میتۆدێکە بۆ پەیوەندی بەدونیاوە.
سەرەتای ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفلاتۆن، پاشان بەسەرتاپا بیری رۆژئاواییدا هەتا رۆژگاری ئەمڕۆ رێچکەی خۆی دەگرێت. کەدەگاتە کارل مارکس ئاراستەیەکی تر وەردەگرێت. لای مارکس دەبێتە فەنتاسمەگۆریا. ئەم فەنتاسمەگۆریایە دەبێتە خەسڵەتی شتەکان، بە تایبەتی لەدۆخی فیتشدا. کەواتە چیدی فەنتازیا بنەماکەی تەنها خەیاڵ و وەهم و خەون نیە، بەڵکو مەتریاڵیشە.
هەریەک لەئەم قۆناغانە بۆ من گرنگن. فەنتازیا وەک بیرکردنەوە لەبونێک یان بونەوەرێک کەهێندە زانیاری راستەقینە نیە دەربارەی، لەگەڵ فەنتازیای شت و شمەکە مادییەکان.
بۆ دانانی سەربارێک بۆ ئەم دوو دۆخە، دۆخێکی تر زیاد دەکەین کە لەفۆکۆوە فێر دەبین ئەویش، دۆخی تێنەگەیشتنە. کاتێک کارێک، کردارێک، دیاردەیەک، ریتواڵێک، لەدەرەوەی سیستەمی راستی ئێمەیە، کە ناتوانین بەباشی لێی تێبگەین، ئەوا دەیخەینە خانەی فانتازیاوە.
بەڵام ئەوەی لەماوەی لێکۆڵینەوە و کارمدا، بۆم روون بووەوە کە قۆناغی فەنتازیی دەربارەی چین، تەنها پەیوەست نیە بەسەردەمە کۆنەکانەوە کە ئێمە زانیاری کەممان هەبوو دەربارەی ئەو شارستانیەتە، بەڵکو لەڕۆژگاری پەیوەندی ئایدۆلۆژی و زۆر بەچڕی لەڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ئامادەیی هەیە.
چین خۆی زۆر هەوڵدەدات کە وەک فەنتازیایەک دەرکەوێت. ئەمە بەشێکە لەپڕوپاگەندەی ئەو وڵاتە بۆ دەرەوەی. گەر تەماشای پەیجی چین لەکوردستان بکەین لەفەیسبوک، بەزەقی ئەم دیاردەیە دەبینین. کاتێک وێنای رێگاو پردو باڵەخانە و شار و جێگا دڵگیرەکانی چین پێشان دەدرێت، هەموو لەپێناو دروستکردنی هەستێکی فەنتازییە. هەستی فەنتازی ئەو هەستەیە کە وەک خۆشەویستی وەهایە، مرۆڤ هەرگیز پێکهاتە و خەسڵەتە راستەقینەکەی نابینێت بەڵکو وێنایەکی ئاینی، شیعری، تراویلکەیی دروست دەکات.
ئەم دۆخە تێکەڵە لەفەنتازیای پێش مارکس و دوای مارکسیش. لەزۆر خەسڵەتدا لەکارەکانی واڵتەر بنیامیندا دەردەکەوێت لە وەسفەکانی بۆ پاریس.
چین لەم جۆرە خیتاب و حەکایەتانەدا ئامانجی روونی هەیە. فەنتازیا خەسڵەتێکی سەرەکی پڕوپاگەندەی چینە. چین دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە تۆ لەدورەوە بحەپەسێیت، دەمت داچەقێ، پڕ بیت لەتراویلکە، بەجۆرێک کە بتەوێت لاسایی بکەیتەوە، پێی سەرسام بیت، بیر لەڕەهەندەکانی تری نەکەیتەوە، تەنهاو تەنها بتەوێت ببیتە بەشێک لێی. ئەمە خەسڵەتی سەرەکی پرۆژەی یەک رێگاو یەک پشتێنەیە، یان رێگای ئاورێشمی نوێ.
ئایا ئێمە دەتوانین بەحەپەسان و فەنتازیایی مامەڵە لەگەڵ زلهێزێکدا بکەین؟ یان ئێمە بەهۆی زاڵی و قاڵب-بەستویی ئاینی بۆ پرۆسەی تێگەیشتنمان لەدونیا، ونبوون لەناو تەمومژی ئایندا، فرۆید واتەنی، ئەوە تەنها رێگای بیرکردنەوەمانە و هەر ئەوە شک دەبەین. کاتێک لەکوردستان گوێ لەخەڵکی دەگرم، بەتایبەتی کاتێک باس دێتە سەر زلهێزێکی وەک ئەمریکا، هەمیشە جۆرێک لەسیفاتی ئیلاهی پێدەبەخشن، بەبێ ئەوەی مەبەستیان بێت. ئەمریکا هەموو شتێک دەزانێت، لەهەموو جێگایەک هەیە، توانای بێسنورە، تەنانەت کاتێکیش کە ئەمریکا شکست دەهێنێت، عەقڵی فەنتازیی دینی وەهای لێکدەداتەوە کە یاریی و سیاسەتە، نەک شکست.
ئاساییە ئێمە سەرمان سوڕ بمێنێت دەربارەی گەشەی خێرای وڵاتێکی وەک چین، پێی سەرسام بین، تەنانەت پێی بحەپەسێیین، بەڵام ئەم دۆخە دەبێت سنورداربێت، سەرەتایەک بێت بۆ رامان و سەرنجڕاکێشان، نەک بۆ لە پەلوپۆکەوتن و وەلانانی عەقڵ.
کاتێک ماوییە کوردەکان لەشەستەکان و حەفتاکان بیر لە ماو و چین دەکەنەوە بەهەمان میتۆی فەنتازیایی بیری لێدەکەنەوە. زیاتر وەک موعجیزیەک، وەک کارێکی نەکردە. گۆڕینی کۆمەڵگایەکی جوتیاریی، هەژاری، دواکەتووی وەک چین بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوی جیهانی، وەها بینراوە کە زیاتر لەئێمەوە نزیکە و دەتوانین ئاسانتر دووبارەی بکەینەوە.
ئەم جۆرە لەبیرکردنەوانە بە ئاسانی بۆ ئێمە دەست نادات. بگرە هەتا ئاستێکی زۆریش ترسناکە. بەتایبەتی کاتێک ئەم بیرکردنەوە فەنتازیاییە کاری بۆ دەکرێت و نوخبەی سیاسی و ئابوری و کەلتوریی ئێمە بەئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە. پاش گەڕانەوەی لەچین، لەمیانەی شاندە گەورەکەی عادل عبدالمهدی، لەیەکێک لەئەندامانی شاندەکەم پرسی دەرباری ئینتیباعی لەسەر ئەوەی کە بینیویەتی لەچین، لەوەڵامدا زۆر بەحەماسەوە باسی سیستەم و گەشە و پێشکەوتنی ئەو وڵاتەی دەکرد. ئەم رەعشە سۆفییانە، لای زۆرێک لەوانە دەبینیت کەچینیان بینیوە. بەڵام بنەمایەکی سادە هەیە لەگەشە و خەسڵەتی دەوڵەتاندا. دەوڵەتان ناچنە دەرەوە بۆ ئەوەی درێژە بەناوەوەیان بدەن بۆ دەرەوە، بەڵکو بۆ ئەوە دەچنە دەرەوە بۆ ئەوەی بەکەرەسەتەکانی دەرەوە پەرەی زیاتر بەناوەوەیان بدەن.
لێرەدا دێنەوە سەر پرسێکی ئێجگار ئاڵۆز کە لەمامەڵەمان لەگەڵ شارستانی رۆژئاواشدا تووشی دۆخی ناعەقڵانی فەنتازیی کردین ئەویش پرسی دووبارەیە. ئایا ئەوەی لەجێگایەک کراوە، دەتوانرێت دووبارە بکرێتەوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. زۆر بەئاسانی چونکە دووبارە بوونی نیە، بە تایبەتی لەدۆخی مرۆییدا. دیارە دووبارە خەسڵەتی هەرە سەرەکی رۆبۆتە.
عەقڵی فەنتازیی، لەنێوان رق و خۆشەویستیدا جۆلانێیەتی. بەئەستەم دەتوانێت ئاڵۆزییەکانی دونیا ببینێت. وەک لەفۆکۆوە فێردەبین، بیرکردنەوەی فەنتازیمان مانای سنوردارێتی سیستەمی راستیمانە. ئەگەر ئەمە بۆ دۆخی ئێمە تەرجومە بکەین، ئەوا دەبێت و ناچارین کە سیستەمی راستیمان فراوان بکەین.
لە سی ساڵی رابردوودا بیرکردنەوە لەدونیا هەتا ئاستێکی زۆر ئاسان بوو. بەڵام لەمەودوا دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی فرەهێزی و هاوسەنگی هێزەکان. ئەم دۆخە کە فرەیی و گۆڕانی خێرا و ململانێی زۆرو گرژی و نادڵنیایی لەخۆی دەگرێت بە سادەیی و فەنتازیایی ناتوانرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەوەی ئەم دۆخەی زیاتر ئالۆزکردووە هەوڵی زلهێزەکانە بۆ دروستکردنی فەنتازیاو وێنای ناواقیعی دەربارەی خۆیان. ئەوەی پێی دەڵێن دەسەڵاتی نەرم. ئەوەش ئەمەی زیاتر ئاسانکردوە، گەشەی فەنتازیایی تەکنەلۆجیایە. ئێستا وێناکان و ڤیدیۆکان و چیرۆکەکان و حەقایەتەکان بەئاسانی دێتە ناو ئاگاییمانەوە.