غاز دواهەناسەی ئابووریی ئێران
ئەمریكاو روسیا رێگانادەن تاران غاز بەڕێژەیەكی بەرز رەوانەی ئەوروپا بكات تا دۆخە ئابورییەكەی چارەسەر بكات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران یەكەمین وڵاتی جیهانە لە رووی بونی سەرچاوەی غازەوە، بەڵام كەمترین هەناردەی هەیە، چونكە ئەو وڵاتە بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە هەندێكجار بۆ دابینكردنی رێژەی غازی ناوخۆیشی رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە.
ئەو وڵاتە خاوەنی (1680) مەتر سێجا غازە كەدەكاتە زیاتر لە (44) ترلیۆن مەتر سێجا كە یەكسانە بە (16%)ی غازی هەموو جیهان و بەمەش یەكەم وڵاتی جیهان ئەژمار دەكرێت كە زیاترین یەدەگی غازی هەیەو دوای ئەو وڵاتی روسیا بە (1600) فوت سێجا دووەم وڵاتە كە زیاترین غازی یەدەگی لەجیهاندا هەیە.
(80) وڵاتی جیهان خاوەنی گێڵگەی غازن و لەو ژمارەیە (20) وڵاتیان خاوەنی زیاترین بەرهەمهێنانی غازن و تەنها سێ وڵاتی (ئێران، روسیا، قەتەر) پێشەنگن لە رووی یەدەگ و توانای بەرهەمهێنانی غازو دابینكردنی بۆ وڵاتانی جیهان، چونكە ئەو سێ وڵاتە رێژەی (28%)ی غازی هەموو جیهانیان بەدەستەوەیەو دوای ئەوان وڵاتی سعودیە بە (4.1%)و وڵاتی ئیمارات بە (3.9%)و ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمەریكا بە (3.3%) خاوەنی زیاترین یەدەگی غازن و بەچاوخشاندنێك بەجیاوازیی نێوان رێژەی غازی ئێران لەگەڵ رێژەی غازی ئەمەریكا دەردەكەوێت كە دەكرێت غاز لەئێران ببێتە قوڵایی ستراتیژیی لەجیهاندا.
ئێران خاوەنی (43) كێڵگەی غازەو رەنگە تاكە وڵاتی جیهان بێت كە زیاترین كێلگەی غازیی هەیە.
ئێران زۆرترین غازی هەیەو كەمترینی هەناردە دەكات
لەئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غاز لەلایەن كۆمپانیای نیشتیمانی غاز لەئێران دەگاتە (830) ملیۆن مەتر سێجاو لەو رێژەیە (70) ملیۆن مەتر سێجای بۆ وێزگە كارەباییەكان و كارگەكان بەكاردەهێنرێت و بڕی (130) ملیۆن مەتر سێجای بۆ مەبەستی بەكارهێنان لەعەمبارەكانی نەوت و تەنها بڕی (15) بۆ (30) ملیۆن مەتر سێجای هەناردە دەكرێت و ئەو بڕەی كە دەمێنێتەوە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی ماڵان لەو وڵاتە بەمەبەستی گەرمكردنەوە بەكاردەهێنرێت.
تاساڵی (2007) زیاتر لە (62%)ی گێڵگە غازییەكانی ئێران بەبێ بەرهەمهێنانی غاز وەك خۆیان ماونەتەوەو بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای نیشتیمانیی غاز؛ ئەو وڵاتە دەتوانێت تا (200) ساڵی دیكە سود لەكێڵگە غازییەكانی وەرگرێت و غازی سروشتی بەرهەم بهێنێت.
تاساڵی (2011) زیاتر لە (42) مەیدان یان كێڵگەی غازیی لەئێران تۆمار كراوەو بەپێی بەراوردەكان ئەو وڵاتە خاوەنی (92) شوێنی راگرتن و عەمباركردنی غازە.
ئێران رایگەیاندووە لەساڵی (1997) بۆ یەكەمجار غازی وڵاتەكەی هەناردەی توركمانستان كردووەو غازی بەو وڵاتە فرۆشتوە، دواتر لەساڵی 2001 گرێبەستێكی (25) ساڵەی كڕینی غاز لەلایەن توركیا لەگەڵ ئێران واژۆ دەكرێت كە لە رێگەی بۆریەوە لەشاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە غازی ئێران لەو بۆریە بەرەو پارێزگای ورمێ و دواتر بەرەو پارێزگای وان لەباكوری كوردستان و شارەكانی دیكەی توركیا رەوانە دەكرێت.
بەپێی گرێبەستی (25) ساڵەی نێوان توركیا و ئێران دەبێت ئێران رۆژانە زیاتر لەهەشت ملیۆن مەتر سێجا غاز رەوانەی توركیا بكات لەكاتێكدا توركیا پێویستی بە رۆژانە زیاتر لە (48) ملیۆن مەتر سێجا غازە بەڵام ئەو وڵاتە چوار گرێبەستی دیكەی كڕینی غازی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان هەیە.
پێشتر سەرچاوەكانی هەواڵی نەوت و غازی ئێران لەساڵی (2011) بڵاویانكردبوەوە كە ئاستی هەناردەی ئاشكرای غازی ئێران بۆ توركیا دەگاتە رۆژانە (25) بۆ (30) ملیۆن مەتر سێجا و سەرەڕای ئەوەش رۆژانە چوار ملیۆن مەتر سێجا غازی ئێران رادەستی كڕیارانی توركیا دەكرێت كە پێدەچێت بەوڵاتانی دیكەی بفرۆشن.
وەك لەژمارەكاندا دەردەكەوێت ئێران زیاتر لەنیوەی غازی توركیا دابین دەكات، بۆیە دەكرێت فرۆشتنی غاز لەلایەن ئێرانەوە وەك كارتێكی فشار لەبەرامبەر توركیا وەك ركابەرێكی دێرین بەكاربهێنێت بەتایبەت كە توركیاش بڕێك لەو غازە رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا دەكات و ئەویش تێڕوانینێكی سیاسی هەیە بۆ هەناردەكردنی غاز لەوڵاتەكەیەوە بۆ ئەوروپا.
ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) لەساڵی (2017) بڵاوی كردەوە كە لەهەشت مانگی ئەو ساڵەدا ئێران بڕی (250) ملیۆن مەتر سێجا غازی رەوانەی وڵاتی ئەرمینیا كردووە و هاوكات هەر لەو ماوەیەدا بڕی زیاتر لەپێنج ملیار سێجا غازی رەوانەی توركیا كردووە و زیاتر لەیەك ملیار مەتر سێجای لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بۆ عێراق ناردووە.
ئەو ئاژانسە روونیكردووەتەوە كە لەساڵی (2013) ئاستی هەناردەی غازی ئێران بۆ وڵاتانی دیكە (30) ملیۆن مەتر سێجا بووە لە رۆژێكدا و لەساڵی (2017) گەیشتوەتە (78) ملیۆن مەتر سێجاو لەساڵی (2020) رۆژانە (195) مەتر سێجای هەناردە كردووە.
ئێران و ئەرمینیا گرێبەستێكی (20) ساڵەیان لەساڵی (2004)ەوە هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی غازی ئێران لەبەرامبەر كارەبای بەرهەمهێنراوی ئەرمینیا و بەپێی گرێبەستەكە ئێران ساڵانە (365) ملیۆن مەتر سێجا غازی بۆ ئەو وڵاتە ناردووە لەكاتێكدا ئێران دەتوانێ لە رێگەی ئەو بۆرییەی بۆ وڵاتی ئەرمینیا رایكێشاوە ساڵانە بڕی دوو ملیار و (300) ملیۆن مەتر سێجا غاز رەوانەی ئەرمینیا بكات و ئەو وڵاتەش غازی ئێران بۆ مەبەستی دابینكردنی سوتەمەنی بۆ وێزگە كارەباییەكانی بەكاربهێنێت و دواتر كارەبای بەرهەمهێنراو بۆ ئێران بنێرێت.
ئێران لە بەرامبەر هەر یەك مەتر سێجا غاز كە بۆ ئەرمینیای دەنێرێت بڕی سێ كیلۆوات كارەبا لەئەرمینیا وەردەگرێت و تەنها لەساڵی (2017)دا لەسێ مانگی وەرزی هاویندا بڕی (300) مێگاوات كارەبای لە ئەرمینیاوە هاوردە كردووە و هەر لەو ماوەیەشدار بڕی (150) مێگاوات كارەبای لەوڵاتی ئازربایجانەوە وەرگرتووە.
ئێران رۆژانە بڕی (30) ملیۆن مەتر سێجا غازی لە ساڵی (2017)دا بە توركیا فرۆشتوە و ئێران جگە لەوەرزی زستان رۆژانە ئەو بڕە غازەی رەوانەی توركیا كردووە كە لە ساڵێكدا دەبێتە هەشت ملیار مەتر سێجا غاز، چونكە ئاستی هەناردەی غازی ئێران لەوەرزی زستاندا بەهۆی كەمبوونەوەی پاڵەپەستۆی بۆررییەكانی غازو بەرزبوونەوەی بەكارهێنانی غاز لەو وڵاتە بەمەبەستی گەرمكردنەوە ، بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و ئەوەش زۆرجار توركیا روبەڕوی قەیرانی غاز دەكاتەوە.
عێراق دوای توركیا زۆرترین غازی ئێران بەكاردەهێنێت
لەساڵی (2017)دا ئاستی هەناردەی رۆژانەی غازی ئێران بۆ عێراق لەحەوت ملیۆن مەتر سێجا بۆ (25) ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە و دواتر ئەو رێژەیە لە ساڵی (2019) بۆ نزیكەی (48) ملیۆن مەتر سێجا زیادی كردو تا نیوەی ساڵی (2021) ئەو بڕە بەو شێوەیە مایەوە، بەڵام لەمانگی نیسانی (2021) بڕی غازی هەناردەكراوی ئێران بۆ نزیكەی هەشت ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە بۆ عێراق كەمی كرد و ئێران رایگەیاند بەهۆی نەدانی پارەی غاز لەلایەن بەغداوە ئاستی هەناردەی غاز بۆ ئەو وڵاتەی كەم كردووە.
ئەگەرچی پسپۆڕان و شارەزایانی بازاڕی نەوت و غاز پێشبینیان كردبوو كە ئاستی هەناردەی غازی ئێران لەساڵی (2021) بگاتە حەوت هێندەی رابردووی خۆی و تەنانەت ئاستی هەناردەی ساڵانەی غاز بۆ عێراق بگاتە زیاتر لە (20) ملیار سێجا بەڵام كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی و سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی نەوت و غازی ئەو وڵاتە لەلایەن كۆشكی سپییەوە ئەو پێشبینییەی پوچەڵ كردەوە.
بەوتەی بەرپرسانی ئێران قەرزەكانی عێراق بەهۆی كڕینی غازو كارەبا لەئێران دەگاتە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارو سزاكانی ئەمەریكاش هۆكارێكە بۆ ئەوەی عێراق نەتوانێت ئەو قەرزانە رادەستی ئێران بكاتەوە.
ئێران دەتوانێت (20%)ی غازی ئەوروپا دابین بكات
ئەمساڵ ئێران رایگەیاند؛ كێڵگەیەكی نوێی غازی لەدەریای خەزەر لەباكوری وڵاتەكەی دۆزیوەتەوە كە خاوەنی بڕی یەك لەسەر چواری غازی كێلگەی (پارسی جنوبی)یە لەكاتێكدا پارسی جنوبی بە گەورەترین كێلگەی غاز لەجیهان ئەژمار دەكرێت.
ئەو كێلگە نوێیەی غاز لەئێران بەكێڵگەی (چالوس) ناو دەهێنرێت و لە بەراوردە سەرەتاییەكاندا دەركەوتوە كە تەنها ئەو كێڵگەیە دەتوانێت (20%)ی غازی سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا دابین بكات.
بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوەكردوە چالوس كارتێكی بەهێزە لەبەرامبەر زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەدەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1)دا.
هەندێك سەرچاوەش ئاماژەیان بەوە كردووە ئەو كێڵگە نوێیەی ئێران رادەستی روسیا كراوەو ئەو وڵاتە كاری بەرهەمهێنانی غازی تێدا دەكات، چونكە روسیا رێگە نادات ئێران ببێتە جەمسەرێكی هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا و جیهان.
روسیا و توركیا رێگە بەئێران نادەن غاز بۆ ئەوروپا هەناردە بكات
حەمیدڕەزا عێراقی، بەڕێوەبەری پیشوی كۆمپانیای نیشتیمای غاز لەئێران بەئاژانسی هەواڵی كاری ئەو وڵاتە (ئیلنا)ی راگەیاندووە هەناردەكردنی غاز لە رێگەی بۆرییەوە بۆ ئەوروپا كارێكی ئاڵۆزەو ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش روسیاو توركیا رێگە بەئێران نادەن غازەكەی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بكات.
عێراقی ئاماژەی بەوەكردوە كەئێران دەبێت جارێكی دیكە دەست بەهاوردەكردنی غاز لەوڵاتی توركمانستان بكات تاكو لەهەناردەكردنی غازەكەی بۆ توركیاو عێراق رووبەڕووی كێشە نەبێتەوە.
غاز هەناسە بەبەری ئابوریی ئێراندا دەكاتەوە؟!
ئێران سێ ساڵە بەبەردەوامیی ئاستی ئابوریی لەدابەزیندایەو قورسترین قەیرانی ئابوریی مێژووی هاوچەرخی خۆی ئەزمون دەكات لەكاتێكدا بازاڕەكانی جیهان خۆیان بۆ كڕینی نەوت لەدوای تێپەڕبوونی قەدەغەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادەدەكەن و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو لەساڵی (2020) كە (37) دۆلار بوو بۆ زیاتر لە (84) دۆلار بەرزبووەتەوە و ئاماژەكان دەریدەخەن بازاڕی دابینكردنی سوتەمەنی و وزە لەجیهان گەرم بووەتەوە.
ئێران كە بەیەكەم وڵاتی جیهان لە رووی یەدەگی غاز ئەژمار دەكرێت و چوارەم وڵاتی جیهان بووە لە رووی فرۆش و بەرهەمهێنانی نەوتەوە، بۆیە هەموو بوارەكانی بوون بەزلهێزی وزەی لەجیهاندا هەیە، بەڵام ریزی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی كە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە بڕستی لەو وڵاتە بڕیوەو لەلێواری هەڵدێر نزیك بووەتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای غازو نەوت جارێكی دیكە هەلێك و هەناسەیەكی نوێ بەبەری ئێراندا دەكاتەوە، چونكە ئەو وڵاتە پێشتر زیاتر لەسێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكان دەكردو داهاتی ساڵانەی دەگەیشتە زیاتر لە (100) ملیار دۆلارو هاوكات ئاستی هەناردەی رۆژانەی غازەكەی لەساڵانی رابردوودا بۆ زیاتر لە (165) ملیۆن مەتر سێجا بەرز كردووە.
ئێران لەئێستادا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاو سزا نێودەوڵەتییەكانەوە رەنگە رۆژانە (400) هەزار بۆ (500) هەزار بەرمیل لەنەوتەكەی بفرۆشێت و ئاستی هەناردەی ساڵانەی غازەكەشی بۆ كەمتر لە (16) ملیار مەتر سێجا كەمی كردووە لەكاتێكدا خاوەنی (16%)ی یەدەگی هەموو غازی جیهانە تەنها دەتوانێت (1%)ی غازەكەی رەوانەی بازاڕەكان بكات، بەڵام ئەمریكا بە (3.3) یەدەگی غاز لەجیهاندا لەساڵی (2020) زیاتر لە (76) ملیار مەتر سێجا غازی هەناردەی بازاڕەكان كردووە و دوای روسیا دووەم وڵات بووە كە زۆرترین غازی فرۆشتووە.
لەئێستادا كەنرخی هەر هەزار مەتر سێجا غاز لەبازاڕەكانی جیهان و بەتایبەت ئەوروپا لەنێوان (1700) بۆ زیاتر لە (1900) دۆلاردایە، دەكرێت دەلاقەیەك بێت بۆ ئێران كەخاوەنی زۆرترین غازە لەجیهانداو هەناسەیەك بكاتەوە بەبەری ئابورییە بێ بڕستەكەیدا.