هەڵئاوسان؛ ژیانی خەڵکی تورکیای داتەپاندووە

دوای دابەزینی بەهای لیرە بەشێوەیەکی بەرچاو، ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات

2 هەفتە لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

لەکاتێکدا ئابوری تورکیا بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و رۆژ بەرۆژ بەهای لیرە دادەبەزێت، ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە فشارەکانیان زیاد کردووە بۆ سەر دەسەڵاتداران تا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لیرە خراپترین دۆخی بەخۆیەوە بینی، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بە «خیانەت» ناودەبەن کە سوورە لەسەر کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانەکەکان.

بانکی ناوەندی بەفشاری ئەردۆغان لەماوەی تەنها دوو مانگدا نزیکەی لەسەدا ٤٪ی سوودی بانکەکانی کەمکردووەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی گەشەی ئابوری لەوڵاتەکەدا دروست ببێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەو هەنگاوە رێک پێچەوانەکەی راستە و بۆ رزگاربوون لە قەیرانێکی سەختی ئابوری دەبێت سوودی قەرز زیاد بکرێت.

هەڵبژاردنی پێشوەختە

لیرەی تورکی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا گەورەترین گۆڕانکاری بەسەرداهاتو و بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک لە ٩٥٠ لیرەوە گەیشتە زیاتر لە هەزار و ١٠٠ لیرە لەبەرامبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیدا.

لیرەی تورکی بە تەنها لە هەفتەی رابردوودا لەسەدا ١٢٪ی بەهاکەی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری ئۆپۆزسیۆن کە داوای دەستبەجێ هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد کە خۆی وادەی هەڵبژاردن لەوڵاتەکە لەساڵی ٢٠٢٣دایە.

ئەردۆغان بەوە ناسراوە کە لایەنگرێکی سەرسەختی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکانە، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت بۆ گەشەی ئابوری وڵات پێویستە و بارگرانی لەسەر خەڵک کەم دەکاتەوە.

هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند بەردەوام دەبن لە کەمکرندەوەی سوود و «بەدڵنیاییەوە ناهێڵین خەڵک بەهۆی سوودی بەرزەوە تێکبشکێت».

دوای ئەوەی تەنها لە پێنجشەممەی رابردوودا لیرە لەسەدا ٦٪ی بەهاکەی خۆی لەدەستدا، کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە،  لەتویتەری خۆی نووسی: بەسیکە ئیتر ئەردۆغان! دەستبەجێ دەبێت هەڵبژاردن بکرێت.

دواتر کیلیچدارئۆغلۆ بە کەناڵی خەبەرتورکی راگەیاند کە هەوڵی ئەردۆغان بۆ کەمکردنەوەی سوود تا هەناردە زیاد بکات و وەبەرهێنان بەرز ببێتەوە ئەوە پیشان دەدات کە «بەتەواوی لە واقیعەوە» دوورە و وتیشی کە گەلی تورکیا هەڵبژاردنیان دەوێت.

«وڵاتانی تر پلان دادەنێن بۆ ٥٠-١٠٠ ساڵی تر و ئێمەش ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین بەیانی چی روودەدات، حکومەت دەیەوێت دوای چاککردنەوەی ئابوری هەڵبژاردن بکرێت ئەمەش خەیاڵی خۆیانە»، کیلیچدارئۆغلۆ وای وت.

هاوکات  مێڕال ئاکسنەر، سەرۆکی پارتی چاک، رایگەیاند ئەردۆغان «دراوو ناوبانگمانی وێران کردووە».

«ئەگەر ئەمە بە ئەنقەست بێت ئەوا بەروونی خیانەتە، بەڵام ئەگەر دەرئەنجامی کەمی هۆشیاری بێت ئەوا روونە کە دەبێت چی بکرێت: ئەم رسواییە دەبێت بوەستێنرێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەزووترین کاتدا»، ئاکسنەر وای وت.

لەلایەکی ترەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند، حکومەتی ئەنقەرە بە مەبەست بەھای لیرە دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی دراوی بیانی زیاتر بچێتە نێو تورکیا، ئەوەش پێی دەوترێت وڵات فرۆشتن.

دەمیرتاش سەبارەت بەچارەسەرکردنی دۆخی ئابوری تورکیا رایگەیاند باشترین کار بکرێت داواکردنی ھەڵبژاردنە بۆ ئەوەی لەڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە رەوشەکە بەرەو باشتر بڕوات.

هەموو ئەو نارەزایەتییانە سەرۆکی تورکیایان لەبڕیارەکەی نەکشاندەوە، بەڵکو سووربونی خۆی زیاتر راگەیاند کاتێک لەدووشەممەی رابردوودا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: هەموو ئەو سیاسەتانە رەتدەکەمەوە کە وڵاتەکەمان بگوشێت، لاوازی بکات، گەلەکەمان بەرەو بێکاری و برسییەتی و هەژاری ببات.

هەڵئاوسان

لیرەی تورکی تەنها لەمساڵدا زیاتر لەسەدا ٣٠٪ بەهاکەی لەدەستداوە و لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵیشەوە بانکی ناوەندی سوودی قەرزی بانکەکانی لە لەسەدا ١٩٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لەسەدا ١٥٪.

بەپێی وتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵئاوسان لە وڵاتەکەدا گەیشتە لەسەدا ٢٠٪ بەوهۆیەوە لیرە هێزی خۆی لەدەستداوەو نرخی شتومەک بەرزبووەتەوە. هەڵئاوسان کاتێک روودەدات کە نرخی شتومەک بەرزدەبێتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو دراوە هیزی خۆی لەدەست دەدات و دواتر هاووڵاتیان توانای کڕینی شتومەکیان نامێنێت.

ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کەمکردنەوەی  سوودی قەرز گەشە دروست دەکات، بەڵام ئابوریناسان دەڵێن ئەوەی رێک پێچەوانەکەی راستە ئەگەر بتەوێت جڵەوی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک بگریت.

بانکی ناوەندی هەفتەی رابردوو ئاشکرای کرد کە لەمانگی داهاتوودا سوودی قەرز زیاتر دادەبەزێنێت، لەکاتێکدا شارەزایان و ئابوریناسان دەڵێن تا بانکی ناوەندی خۆی لە بیرکردنەوەکانی ئەردۆغان رزگار نەکات ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای لیرە کەمە.

«وەک وەبەرهێنێک، کاتێك تەقینەوەیەک لە دراوێکدا دەبینیت هەمیشە جێی سەرنجە کە بەرگری لە لاکەی تر بکەیت، بەڵام لە حاڵەتی تورکیادا کردنی ئەو کارە بە کەڵک نایەت، ئەگەر هەستت بەوە بکردایە کە سیاسەتی ئابوری دەگۆرێت ئەوا هەوڵت دەدا، بەڵام ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە»، ڤیکتۆر سزابۆ لە دامەزراوەی ئەبەردین ستاندارد بۆ وەبەرهێنان ئەمەی بەپێگەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی وت.

شارەزایانی بانکی گۆڵدمن ساشی ئەمریکی دەڵێن کەمکردنەوەی سوودی قەرز «مانای هەڵئاوسان دەگەیەنێت نەک گەشە»ی ئابوری. شیکەرەوانی بانکەکە ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە کەمی سوودی قەرز، بەلەبەرچاوگرتنی هەڵئاوسان، مەترسی ئەوە زیاد دەکات کە هاووڵاتیانی تورکی بەکۆمەڵ رووبکەنە گۆڕینەوەی پارە هەڵگیرەوەکانیان لە لیرەوە بۆ دۆلار.

هاوکات تیمسی ئاش لە دامەزراوەی بلوبەی ئاسێت بۆ وەبەرهێنان دەڵێت، «لەکۆتایدا دەبێت سوود بەرزبکەنەوە ئەگەر نا ئەوا لە دۆخێکدا خۆت دەبینیتەوە کە هەڵئاوسان ئەوەندە بەرز دەبێت کە هاووڵاتیان دەبینیت لیرە دەفرۆشن، تا وای لێدێت لە بازنەیەکی دزێوی هەڵئاوسان و لەدەستدانی بەهادا چەق دەبەستیت».

‹ئێمە شایەنی ئەم دۆخە نین›

ئێستا زۆرێک لەخەڵکی تورکیا تووشی ناڕەحەتیەکی زۆر بوونەتەوە لە کڕینی کاڵاو خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە بەهۆی بەرزی نرخەوە.

قادرییە دۆگرو، کەهاووڵاتییەکی ٥٩ ساڵانی تورکییە و لەیەکێک لە بازاڕەکانی ئەستەنبوڵ بلوز و کاڵای تر دەفرۆشێت، تووشی سەختییەکەی زۆر بووەتەوە بۆ کڕینی خواردنی رۆژانە.

«هەرگیز ژیانێکی وا بێزارکەرم بەخۆمەوە نەدیووە، دەچم دەنوم و هەر کەهەڵدەستم نرخەکان بەرزبوونەتەوە، رۆژێکیان دەبەیەکی پێنج لیتری زەیتم کڕی بە ٤٠ لیرە دواتر چوومەوە بیکڕم نرخەکەی بووبوو بە ٨٠ لیرە، ئێمە وەک نەتەوەیەک شایەنی ئەم دۆخە نین»، دۆگرو ئەمەی بە ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس وت.

دۆگرو دەشڵێت نیوەڕوان بە سکی برسییەتی بەڕێ دەکات تا بتوانێت لەئێواراندا شتێك بۆ ماڵەوە بباتەوە.

لەکاتێکدا لایەنگرانی ئەردۆغان دەڵێن بێهێزبوونی لیرە وادەکات رکابەری دروست ببێت لەنێوان هەناردەکارانی تورکیادا لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بەشێکی زۆری پیشەسازی تورکیا پشتی بەستووە بە ماددەی خاوی ناوخۆیی.

ئەوەی لەم دۆخەدا زەرەرمەندی سەرەکییە هاووڵاتیانی تورکین کە ناتوانن پارەیەکی باش پەیدا بکەن بۆ بژێوی ژیانیان.

«هەموو شتێک زۆر گرانە، ناتوانم هیچ بکڕم»، سوهەیلە پۆیراز هاووڵاتییەکەی تری تورکییە کە قسەی بۆ ئەسۆشییەتد پرێس کردووە لەکاتی گەڕان بەدوای شتومەک و خواردنی رۆژانەدا لەبازاڕێکی ئەستەنبوڵدا.

سوهەیلە لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی بە پارتەکەی ئەردۆغان داوەو ئێستا داوا لەحکومەت دەکات هەڵئاوسان کۆتایی پێ بهێنێت.

«ئەگەر تۆ حکومەتیت و ئێمەش دەنگمان بۆ داویت تا شتەکان راست بکەیتەوە، ئەی بۆ ناکەیت؟ بۆچی بەرزی نرخ ناوەستێنیت؟» سوهەیلە وای وت.

هەرچەندە حکومەتی تورکیا دەڵێت هەڵئاوسان لە لەسەدا ٢٠٪دایە و بەشێوەیەکی کاتی بەردەوام دەبێت تا ناوەڕاستی ٢٠٢٢، بەڵام رێکخراوی توێژینەوەی هەڵئاوسان، کە رێکخراوێکی تورکییە و ئەندامەکانی بریتین لە کەسانی ئەکادیمی و بەرپرسانی پێشووی حوکمی، ئاستی هەڵئاوسان بە لەسەدا ٥٠٪ دادەنێت لە وڵاتەکەدا لەئێستادا.

هەفتەی پێشوو سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەھۆی خراپی رەوشی ئابورییەوە، ھاووڵاتیانی تورکیا گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە سەدەها کەس لەنۆرەی کڕینی نانی ھەرزاندا چەند سەعاتێک چاوەڕێ بکەن.

شارەزایان دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا هەڵئاوسان کاریگەری زیاتر دەبێت لەساڵانی داهاتوودا.

«هەڵئاوسان و کەمی داهات و تەنانەت ناهاوسەنگی لەدابەشکردنی داهاتدا کاریگەری لاوەکی زیاتریان دەبێت لەساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لەسەر کەمکردنەوەی سوودی قەرزو ئاسانکردنی یاسای دارایی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن»، ئۆزلیم سەنگوڵ، ئابوریناسی تورکی، ئەمەی بە ئەسۆشییەتید پرێس وت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار