شانەی ئەمنی عێراق: هیچ ماڵێکی گوندی لهێبان لەلایەن تیرۆریستانەوە نەسوتێندراوە

"لەگەڵ پێشمەرگە ئاسایشمان بۆ گوندی لهێبان گێڕایەوە"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند: "ئاسایشمان بۆ گوندی لهێبان لە باکووری پارێزگای کەرکووک دابینکرد و هیچ ماڵێکی ئەو گوندە لەلایەن تیرۆریستانەوە نەسووتێندراوە".

ئەمرۆ دووشەممە 6ی کانووەنی یەکەمی 2021، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە دۆخی گوندی لهێبان لە باکووری پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، "هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتووانی گوندی لهێبانی سەرە بە شارۆچکەی سەرگەڕان لە باکووری پارێزگای کەرکووک بۆ گوندەکەیان، چونکە ئەو گوندە دووچاری هەڕەشەی چەتەکانی داعشی تیرۆریست ببووەوە، بەڵام هێزەکانی فیرقەی 14ی سوپای عێراق و هێزێکی میحوەری 5ی پێشمەرگە ئاسایشیان بۆ ناوچەکە دابینکرد".

وەک لە راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقدا هاتووە، "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بەوەی گوایە چەند ماڵێکی هاووڵاتییان لە گوندی لهێبان لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستەوە سووتێندراون".

شەوی رابردوو 05-12-2021 گوندی لهێبان لە سنوری سەرگەڕانی کەرکووک، بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە بە تەواوی چۆڵکرا. 65 خێزان لە گوندی لهێبان نیشتەجێ بوون کە هەموویان بەهۆی هێرشی داعش گوندەکەیان چۆڵکرد و زۆربەیان چوون بەرەو شاری هەولێر و دیبەگە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ئەو خێزانانە گەڕانەوە گوندەکە.

لهێبان لە بۆشایی ئەمنی نێوان سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە لە دامێنی زنجیرە چیای قەرەچووخ بە ئاراستەی سەرگەڕان.

لە 27ی مانگی 11ی رابردووەوە، چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی کەرکووک، گەرمیان و مەخموور پێنج هێرشیان ئەنجامداوە، بەهۆیانەوە 22 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهیدبوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار