وەفدێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دەچێتە بەغدا
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند:" بە مەبەستی دوو کۆبوونەوەی جیای سەربازی و هەواڵگری، وەفدێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرۆکایەتی جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەت، بەرەو بەغدا بەرێکەوت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیارە دوو کۆبوونەوەی جیا لە نێوان هەواڵگریی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و هەواڵگریی بەرگریی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسێۆنە هاوبەشەکان بەڕێوەبچێت.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە بڕیارە لە نێو باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەمینداری گشتیی وەزارەت و ئەمینداریێتی گشتی بەرگریی بەغدا بکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسییەکانی داعش، هەنگاوەکان لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، بۆ بەیەکەوە رۆڵ بینین لە راوەدوونان و تێکشکاندنی داعشدا دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکانی نێوان پێشمەرگە و بەرگریی بەردەوامە و هەردوولا بە ئامانجی بنبڕکردنی تیرۆریستان و پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، لەگفتوگۆدان. هاوکات تاوتوێکردن و بەکردەیی کردنی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە سوپا لەئەولەویەتی گفتوگۆکاندایە.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات. رۆژی شەممە 4-12-2021 فەرماندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

