موقتەدا؛ پیاوی دژ بەچیرۆکەکە

سەردار عزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

ئەگەر یەکێک لەچیرۆکە سەیرەکانی هەوڵی ئەمریکا لەعێراق، بەهێزبونی ئێران بوو، ئەوا بەهەمانشێوە بەهێزبونی موقتەداش هەمان جۆرە چیرۆکە. هەر لەسەرەتاوە ئامانجی ئەمریکا لەعێراق هەرچیەک بووبێت، ئەوەنەبوو کە کەسێکی وەک موقتەدا بکاتە حاکمی عێراق، پاتریک کۆکبۆرن لە ساڵی ٢٠٠٦ لە کتێبێکدا دەربارەی موقتەدا وەها دەنووسێت. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە سەیرە دوو قوتابخانەی بیرکردنەوە بوونیان هەیە لەناوچەکە:

یەکەم، دەڵێت ئەمریکا و شیعە هاوپەیمانن، بۆ سەلماندی ئەم دیدە زۆر رووداو و دەرئەنجام دەهێنێننەوە. قوتابخانەیەکی تری بیرکردنەوە بڕوای وەهایە کە ئەمریکا بێ شارەزا و ساویلکەبوو لەناوچەکە، بۆ ئەمەش بەڵگەی بێشومار هەیە، چ بە بنەمای هەڵسەنگاندنی دیدی ئەمریکا بۆ عێراق و ناوچەکە، چ بە ئەو خەڵکانەی کە ئەمریکا لەگەڵیاندا لە ناوچەکە مامەڵە دەکات. بەڵام بێگومان ئەم دەرئەنجامە تەنها یەک پاڵنەری نیە، ئیدارەی ئەمریکی، ئیدارەیەکی دیموکراتیانەیە. دیموکراتیانە یانی شپرزی، ململانێ، رکەبەری، خۆویستی، لەهەمانکاتدا هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆتایی جەنگ بە خێرایی و بڕوابون بەچارەسەری خێراو بێ بنەماو بێ شارەزایی و خۆشباوەڕی هەموو هۆکاربون.  کاتێک ئەمریکا دێت، موقتەدا لاوێکی خوار سی ساڵی بێ ئەزموونە. هاوەڵەکانی ئەمریکا، لەهێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵات، خۆشییان بەموقتەدا نایەت. جارێک لە دانیشتنێکدا بە پۆل برێمەر دەڵێن سەرهەڵدانی موقتەدا دەرئەنجامی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانە، ئەگەر خزمەتگوزارییەکان باش بن ئەوا موقتەدا نامێنێت. بێگومان لۆجیکێک لەم بۆچوونەدا هەیە، بەڵام واقیع تەواو جیاوازە. هۆکاری زۆر هەن لەپشت هەڵکشانی موقتەداوە وەک، هەبونی سەرمایەی رەمزی.

 

 

سەدر لەکاتێکدا دەسەڵاتخوازە، بەڵام هەرگیز راستەوخۆ بەشداری دەسەڵات یان پۆست ناکات بۆ ئەوەی پیس نەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی راستەوخۆ نەکەوێتە سەرشانی. ئەم بوونی دەسەڵاتە بەبێ بەرپرسیارێتی، یەکێکە لەخەسڵەتەکانی دەسەڵات و کوردیش. دەسەڵاتدارە راستەقینەکان ئەوانە نین کە لەپۆستەکاندا، بەڵکو ئەوانەن کە نایەن بۆ سەر کورسی پشت مێزەکان

موقتەدا لەخێزانی سەدرە، یەکێک لەخێزانە ناسراوەکانی ناو تایفەی شیعە لەعێراق و ناوچەکە. خێزانی سەدر لەسەدەی هەژدە لە لوبنانی ئێستاوە کۆچ دەکەن بۆ بەغدا و لەکازمییەی ئێستا دەگیرسێنەوە. دوو شەهیدی ناسراو هەن لە خێزانەکەیدا کە بەشەهیدی یەکەم و شەهیدی دووەم ناسراون. ئەم سەربوردانە حیکایەتێکی وەهایان بۆ موقتەدا دروستکردوە، کەگرنگ نیە خۆی چیەو چۆنە، خەڵک لەهەناو چوارچێوەیەکی تردا دەیبینێت، بە تایبەتی شوێنکەوتوانی کە وەک دەروێشی وەهان.  موقتەدا کۆمەڵێک خەسڵەت و بنەمای تریشی هەیە کەئەوانیتر نیانە. بڕێکی زۆری شوێنکەوتوانی، کە لەشاری سەدرن، لەناو شاری بەغدان. بوون لە پایتەخت گرنگترین پانتایی سیاسییە، بە تایبەتی بۆ وڵاتێکی پۆستکۆلۆنیالی وەک عێراق. بوون لەدەرەوەی پایتەخت بەتەواوی کاریگەری هەیە لەسەر تواناو پێگەو هێز. تەنها سەدر دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ناوچەی سەوزو ریسوای بکات. لەهەمانکاتدا سەدر وەک یاریدەدەرێکی پۆل برێمەر ناوی دەنێت ئیسلامییەکی بۆلشەڤیە. مەبەست لە بۆلشەڤی-بونی سڵنەکردنەوەیەتی لە بەکاردبردنی هەر ئامرازو رێگایەک بۆ گەیشتن بەدەسەڵات. دەسەڵاتیش لای ئەو دەسەڵاتی خاو یان رەهایە.  سەدر دەکوژێت، ئیغتیالی سیساسی دەکات، شەڕی ناوخۆ بەرپا دەکات، بە قسەی کەنعان مەکییە، خواستی پاکتاوی تایفیشی هەیە، خاوەنی میلیشیایە. ئەمانە هەموی بەکردار. بەڵام بەقسە سەدر ناسیولیستێکی عێراقییە. خاوەنی چەمکی قح-ە، بەمانای ئەوەی کە دەسەڵات دەبێت بۆ کەسێکی تەواو تەواو عێراقی بێت. بەڵام ئەم عێراقە دەبێت لەسایەی شیعەدا بێت. دیارە بەهۆکاری دیموگرافی، شیعەکان براوەن. بەڵام ئەم دیموگرافیایە تەنها شوناسێکی تری قوڵتری هەیە، کە ماڵ یان بەیتی خۆی هەیە ئەویش شیعەیە. کەواتە بەپێی دەستوری عێراقی، تەفسیری کرداری مەبەستمان، عێراق وڵاتێکی فرەیی نیە، بەڵکو تاییفییە. چونکە چەمکی فرەیی، بەمانای قۆرغکردنی دەسەڵات نایەت بۆ گروپێک یان پێکهاتەیەک. لەعێراقدا دەسەڵاتی فیعلی بۆ شیعەیەو ئەو نیمچە دەسەڵاتەکانی تر وەک دیاری دەبەخشرێت. چۆن پارتی خۆی بەخاوەنی دەسەڵاتی هەرێم دەزانێت و بەڕەزامەندی ئەو بەشەکانی دەسەڵات دەدرێت، شیعەش لەعێراقدا وەهان. موقتەدا بەشێکی زۆر کاریگەری سیستەمی دەسەڵاتی شیعەیە لەعێراقدا. ئەگەر بڕێک لەشیعە بڕوایان بە دەوڵەتی عێراقی نیە وەک سەروەر بەڵکو بڕوایان بە دەسەڵاتی شیعە هەیە لەناوچەکە، سەرباری سنورەکان، کەدەتوانین ناوی بنێین سەروەری شیعی، ئەوا موقتەدا دەیەوێت عێراقێک دروستبکات کە ئەو خاوەنی بێت. بۆیە خوێندنەوەی موقتەدا بۆ تێگەیشتن لەدۆخی عێراق گرنگە. هەردوو لێکۆڵەری ئەکادیمی Kjetil Selvik & Iman Amirteimour چەمکی پیاوی گەورە بەکاردەبەن بۆ تێگەیشتن لە موقتەدا. ئەم چەمکە ئەمان بەکاری دەبەن لەبنەڕەتدا لە دەربڕینێکی زمانەکانی میلینێسا بەکارهاتوە  bikpela man.  ئەم دەربڕینە ئەو کەسە دەگرێتەوە کە بەگشتی پیاوە، یان نێرە، کاریگەری سیاسی لەڕێگای پۆست و ئۆفیسەوە بە دەستنەهێناوە بەڵکو لەڕێگای توانای خیتابە و قسەکردن، قەناعەت پێکردنی نافەرمیانە، بەکاربردنێکی بیژییانەی سامان و دەسەڵات. کەواتە پیاوی گەورە ئەو کەسەیە کە خۆی دەسەڵاتەکەی خۆی بونیادناوە. ئەم چەمکە لەهەناو تویژنەوەکانی دەسەڵاتی ئەفریقیدا زیاتر پەرەی پێدراوە. لەو هەناوەدا زیاتر بەمانای دەسەڵاتی شەخسی دێت، کە پانتاییەکی زۆری شێوازی دەسەڵاتی ئەفریقی پێکدەهێنێت. لی ئەندەرس ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش، لە گۆڤاری نیویورکەر، پرۆفایلێکی بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق جەلال تاڵەبانی نووسی ناوی Mr. Big بوو، کە جۆرێکە لەبەکاربردنی ئەو چەمکە. هەوڵی تێگەیشتن لە موقتەدا لەڕێگای بیرو ئایدۆلۆژیا و تەنانەت ئایینیشەوە هێندە سودمەند نیە. بێگومان ئەو ئەوەی دەستی پیایدا بگات بەکاری دەبات، بەڵام بەدەگمەن درێژەپێدەر یان هەڵگری هیچ باوەڕێکی سیاسییە. موقتەدا لاسایی باوکی دەکاتە، نەک بۆ ئەوەی ببێت بە باوکی بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو خەسڵەتانەی لێ وەربگرێت و بەکاری بەرێت بۆ کارو ئامانجی رۆژانەی. 

کەواتە موقتەدا ئەو دەسەڵاتخوازەیە کە هەموو ئامرازێک بەکاردەبات بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و مانەوە. ئەم خەسڵەتە دەسەڵاتخوازییە، هیچ نوێ نیە لەناوچەکەدا. لەمێژووی ناوچەکەدا هیچ دەسەڵاتێک نەبووە پیادەکەری ئایدیایەک بێت، بەڵکو هەمیشە ئایدیا ئامرازێک بووە. تێگەیشتنی سەدر بۆ دەسەڵات، لەهەناو ئەو هەموو ئامرازو سیمبول و جەماوەرو هەیەجانەدا، تێگەیشتنێکی ئێجگار ترسناکە. سەدر لەکاتێکدا دەسەڵاتخوازە، بەڵام هەرگیز راستەوخۆ بەشداری دەسەڵات یان پۆست ناکات بۆ ئەوەی پیس نەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی راستەوخۆ نەکەوێتە سەرشانی. ئەم بوونی دەسەڵاتە بەبێ بەرپرسیارێتی، یەکێکە لەخەسڵەتەکانی دەسەڵات و کوردیش. دەسەڵاتدارە راستەقینەکان ئەوانە نین کە لەپۆستەکاندا، بەڵکو ئەوانەن کە نایەن بۆ سەر کورسی پشت مێزەکان.  موقتەدا نەک هەر نایەوێت پیس بێت، بەڵکو دەیەوێت بەزەبر ئەوانیتر بەخودایی و پاک و بێگەردو باڵا تەماشای بکەن. ئەمەشە پاڵنەر ئەو توندوتیژیانەیه کە سڵ ناکاتەوە لەهەڕەشە و کوشتنی ئەوانەی کەڕەخنەی لێدەگرن.

سەرباری هەموو ئەمانە موقتەدا کەسێکی عێراقی قوحە. عێراقییەک کە هەمیشە پڕیەتی لە دووفاقی، وەک عەلی وەردی جوان دەستنیشانی کردووە. بوونی جیاوازی زۆر لەنێوان قسەو کرداریدا دیسانەوە خەسڵەتێکی تری کەسایەتی عێراقییە. هەڵچون و زیادەڕەویی و زمانی فوتێکراو هەموو بەشێکە لەژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی عێراق. ئەم ژینگەیە دۆخێکی وەهای دروستکردوە سیاسی عاقڵ، لێرە عاقڵ بەرامبەر بێعەقڵ بەكارنابەین، بەڵکو مەبەستمان ئەو کەسەیە کە لەمیانەی دیدو پەیوەندیدا عەقلانیەت بەکاردەبات، بوونی نیە.  هەتا قسەی زل و زبرو توڕەبوون و هەڵچوون و داچوون خەسڵەتەکانی ئەو کەسەبن کە خەڵک باوەڕی پێدەکەن بۆ ئەوەی دونیایان بۆ بگۆڕن، ئەوا بۆ سەردەمێژی زۆر کاک موقتەدا و جۆرەکانی زاڵ دەبن بەسەر کێڵگەی سیاسی عێراقدا.

 

کەواتە موقتەدا ئەو دەسەڵاتخوازەیە کە هەموو ئامرازێک بەکاردەبات بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و مانەوە. ئەم خەسڵەتە دەسەڵاتخوازییە، هیچ نوێ نیە لەناوچەکەدا. لەمێژووی ناوچەکەدا هیچ دەسەڵاتێک نەبووە پیادەکەری ئایدیایەک بێت، بەڵکو هەمیشە ئایدیا ئامرازێک بووە. تێگەیشتنی سەدر بۆ دەسەڵات، لەهەناو ئەو هەموو ئامرازو سیمبول و جەماوەرو هەیەجانەدا، تێگەیشتنێکی ئێجگار ترسناکە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار