عێراق لەگۆڕەپانی تاقیکردنەوەدا!

عبدولرەحمان گەوركی

3 ساڵ لەمەوپێش



عبدولرەحمان گەوركی

گومانی تێدانیە دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق، رژێمی دیکتاتۆری و مرۆڤکوژی ویلایەتی فەقیهی ئێرانەو هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، خاڵی کۆتایی هەموو گومان و نادڵنیاییەکانی ئەم بابەتە بوو.

هەموو لایەک ئەو راستییە دەزانن کەڕێژەیەکی کەمی خەڵکی عێراق بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەیانەی کردووە، کە هۆکاری سەرەکی ئەمەیش خۆی، جگە لە تاوان و دەستتێوەردانی رژێمی ئێران لەکاروباری ناوخۆی عێراق هیچی تر نییە. چونکە خەڵکی عێراق و لایەنە رەسەنە عێراقییەکان، سەرەڕای غەدر و خەیانەتی هەندێک لایەن لەژێر ناوی «دۆست» و «لایەنگرانی دیموکراسی» لەم وڵاتە، ئێستا باش بەدۆست و دوژمنی خۆیان دەزانن.

هەبوونی «دوژمنێکی هاوبەش» ئەم راستتیەی خستە بەردەم گەلی عێراق کە خۆیان لە تەنیشت گەلی ئێران و موقاوەمەتی ئێران بدۆزنەوە. ئێستا پرسیار لەهەر عێراقییەکی ئاگادارو نیشتمانپەروەر بکرێت کە مەبەست لە «دوژمنی هاوبەش» چیە و کێیە؟ ئەم وەڵامە وەردەگریتەوە کە «رژێمی دەسەڵاتداری ئێران». چونکە ئەوان پێیانوایە هەتا ئەم رژێمە لەسەر کاربێت و دەسەڵاتی بەدەست بێت،  بارودۆخی ئێران و عێراق هەروا بەلاری دەمێنێتەوە و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیری و ئاسایش و دیموکراسی و پێکەوەژیان بەخۆیەوە نابینێت.

ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی عێراق، هەرچەندە شەپۆلێکی کاتییەو لە راستیدا کاردانەوەی نەزۆکانەی رژێمی ئێرانە تایبەت بە «هەڵبژاردنەکان»، بەڵام کارشکێنی و لەمپەر درووستکردن لەمەڕ دۆخی دوای هەڵبژاردنەکان، جێی نیگەرانیەکانە لەشەقامی عێراقی.

هەرچەندە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی عێراق دوورن لە راستییەکانی کۆمەڵگەی عێراق، بەڵام دەکرێت بوترێت لەسەر رێگایەکدایە کە کۆتاییەکەی، «کورتکردنەوەی دەست و پەنجەی رژێمی ئێران» و پاککردنەوەی عێراقە لەگەندەڵی و تاوان و دوورخستنەوەی کرێگرتەکانی رژێمی ئێران. چونکە ئەم توخمانە لەجەوهەردا نە عێراقین و نە بۆ عێراق و عێراقین. زۆرجار رایانگەیاندووەو لەپراکتیک و کردەوەدا و بەئەنجامدانی تاوانی وردو درشت ئەوەیان دەرخستووە کە پاراستنی بەرژەوەندییەکەنی گەلی عێراق بەلایانەوە هیچ نرخێکی نییە و خۆیان بپارێزەری رژێمی مەزهەبیی ئێران و ئاسایشی رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران لەعێراق و ناوچەکە دەزانن.

هەربۆیە یەکەم وانەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لاوازبوونی بەرەی رژێمی ئێرانە لەعێراق، کە خۆی بە»قووڵایی ستراتیژیکی» رایگەیاندووە. لاوازبوونی هەژمونی رژێمی ئێران لەعێراق بێگومان زۆر ناتەواوە و پێویستی بەبەردەوامبوون هەیە! خەڵکی عێراق بەباشی هەستیان بەم راستییە کردووە، چ ئەوکات کە هێزەکانی موقاوەمەتی ئێران لە عێراقیان بە «بەربەستێکی پۆڵایین بەرانبەر بەڕژێمی ئێران» دادەنا، چ ئەو کاتەی پێش سەرهەڵدانی هێزی (حەشدی شەعبی)، ئەم هێزە میلیشیاییەیان بەخراپتر لە (داعش) دەزانی بەئێستایشەوە. بارودۆخی دەڵتەزێنی کۆمەڵگەی عێراق، بەتایبەتی لە 12 ساڵی ڕابردوودا دەرخەری ئەم راستیەیە.

دوای رووخانی حکومەتی پێشووی عێراق لەساڵی 2003و لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، گرووپ و لایەنەکانی سەر بەڕژێمی ئێران، پۆستە سەرەکی و دامودەزگا و وەزارەتە سەرەکییەکانی عێراقیان کەوتە بەردەست. ئەوان وردە وردە بەپلانی رژێمی ئێران و بەڕێگەی باڵیۆزخانەی رژێمی ئێران لەبەغدا و (هێزی قودس)ی سەر بەسوپای پاسداران بەسەرۆکایەتی قاسم سلێمانی، دەستیان لەهیچ تاوانێک دەرحەق بە خەڵکی عێراق و هەروەها ئەندامانی موقاوەمەتی ئێران لە ئەشرەف (دیالەو بەغدا) نەپاراست. هەموومان تەقینەوەی گەورە لەناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەروەها بۆردومانی زەمینی و موشەکی و ئاسمانی بۆ سەر (ئەشرەف)مان لەیادە. هەروەها دەکریت دەستڕۆیشتوویی رژێمی ئێران لەعێراق بەڕوونی ببینرێت لەوێرانکردنی کۆمەڵگەی عێراقدا. بۆ نموونە لەتێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان شیعەو سوننە، کوردو عەرەب، موسڵمان و مەسیحی و ... هتد. لەهەنگاوی دواتردا، لێکترازاندنی یەکڕیزیی ناو ماڵی شیعە، سوننە، کورد و مەسیحی و ...لەبەرژەوەندی رژێمی ئێراندا.

ئێستا هەر چاودێرێکی سیاسیی بێلایەن و دادپەروەر سەیری ئەم دیمەنە بکات، هەست بەوە دەکات کە چۆن رژێمی ئێران وەک ئۆختاپوسێکی کوشندە، هەڕەشەیە بۆ سەر چارەنووسی عێراق و خەڵکی عێراق و دەیەوێت عێراق وەک پارێزگایەک لەپارێزگاکانی ئێران داگیربکات. ئێرانی ئێستا داگیرکراوی ئۆختاپوسێکی لەمجۆرەیە  کە ئەگەر دراوسێکانی ئێران، بەرانبەری نەوەستن و بەرەنگاری نەبنەوە، ئەوا خاک و کەرامەت و چارەنووسیان بە دەستی ئەم رژێمە و دژەمرۆییەوە لەناودەچێت.

ئێستا عێراق لەسەرەتای وەرزی سەرهەڵداندایە و پێویستە لایەنە رەسەنە عێراقیەکان، بە خۆبەدوورگرتن لەناکۆکییە لاوەکییەکانی نێوانیان، ئەم ئەرکە مێژوویی و گرنگە بدەنە بەر خۆیان و قبووڵی ئەم مەسئولییەتە بکەن.  ئەرکێک کە سەروەرییەکی نەتەوەیی و جەماوەریی لە هەناودا بێت لەسەر جیابوونی دین لەحکومەت و هەبوونی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئازادی لە کۆمەڵگەدا.

بەپێی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی، دوای کوژرانی (قاسم سولەیمانی) لەسەرەتای ساڵی زایینی (2020)ەوە هەژمونیی ڕژێمی ئێران لەعێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە و ئەستێرەی بەختی تاقم و گرووپەکانی سەر بە رژێمی ئێران لەعێراق بەرەو ئاوابوون رۆیشتووە. چاوێک بەئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق سەلمێنەری ئەم راستییەیە.

کاڵبوونەوەی هەژموونی رژێم لەناو چین و تووێژە شیعە و سوننەو کوردەکاندا، لەئامارو ئەژماری کورسی پەرلەمانیدا، یان لەشکڵی لێکترازانی ریزەکانی لایەنگرانی رژێم لەعێراق بە روونی دەبینرێت. هەندێک لەو لایەنگرانەی رژێمی ئێران هیچ کورسییەکیان نەبردۆتەوە، یان دابەزینی کورسیەکانیان بە بەراورد لەگەڵ خولەکانی پێشوو بە روونی دیارە.

ئەوەی بەلای شارەزایانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە جێگەی رامانە، ژماری کورسییەکانی سەر بە (دەوڵەتی یاسا) واتا (نوری مالیکی)یە. ئەوان هۆی ئەم ژمارە بەوە دەزانن کە لەسەردەمی  سەرۆکایەتیی وەزیرانی نوری مالکی، پارەیەکی زۆر دزراوە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، نزیکەی (120) ملیار دۆلار لەم تاڵانکارییە گەورەیەدا دیارنەماوە!

شیعەی عێراق!

دەکرێت لایەنی شیعە لەعێراق بکرێت بەدوو بەشەوە. بەشی یەکەم ئەو گروپ و لایەنانەن کە سەر بە رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێڕانن کە دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەن و عەلی خامنەیی بە رێگەی (هێزی قودس)ەوە سەرمایەگوزاریی لەسەر کردوون. بەشی دووەم ئەو رەوتانەن کە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەن لەناو شیعەی عێراقدا، بەڵام جیاوازییان هەیە لەگەڵ لایەنگرانی وەلی فەقیهی دەسەڵاتداری ئێران و بەدوای ئەوەوەن کە دۆخەکە لەبەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن. بەشی  دووەم کە زۆرینەی شیعە پێکدەهێنن ناڕازین لەدۆخی ئێستا و بەردەوام لەدژی هەژموونیی رژێمی ئێران لەعێراق راپەڕینیان سازکردووە.

میلیشیای حەشدی شەعبی!

میلیشیای (حەشدی شەعبی) بەخێرایی لە لایەن دەست و پێوەندە عێراقییەکانی سەر بە رژێمی ئێران خرانە ژێر رکێفی راستەوخۆی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە. ئەم هێزە مەترسیدارە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە و بەڕێنمایی فەرماندەی هێزی قودس، (قاسم سلێمانی)، حکومەتێکی شان بەشانی حکومەتی فەرمی عێراقی پێکهێناو بڕیارەکانیشی بەسەر حکومەتی فەرمی عێراقدا سەپاندووە.

هاوکێشەی سیاسیی ئەمڕۆی عێراق!

جگە لە بەتاڵانبردنی ملیارەها دۆڵاری دارایی عێراق و خەڵکی عێراق لەلایەن حکومەتە بوکەڵەکانی ئەمدواییانەی عێراق، پێویستە بوترێت کە لەخۆپیشاندانەکانی دژ بەحکومەت لەم وڵاتە، زیاتر لە 700 خۆپیشاندەر لەلایەن میلیشیا سەربازییەکانی سەر بەڕژێمی ئێران شەهید بوون و بەهەزاران کەس رفێندراون و بێسەروشوێن کراون و زیاتر لە (30000) کەسیش بریندار کراون.

ئەم دۆخە، زەمینەی گەشەسەندنی بۆ ئەو لایەنانە فەراهەم کرد کە بەرانبەر بەوەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لەئێران تۆزقاڵیک لارییان هەبوو. دوابەدوای ئەو خۆپیشاندانە دژەحکومییانەی کە بووە هۆی شکستهێنان و لەکارلادانی کابینەکەی (عادل عەبدولمەهدی)، (مستەفا کازمی) هاتە سەر کار کەدەوترێت نزیکە لەرەوتی سەدر. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پیلانێک بوو کە لەلایەن مەرجەعییەتی شیعە و بە رێگەی مستەفا کازمییەوە خرایە بواری جێبەجێکردن. (موقتەدا سەدر) بەدروشمی ریفۆرمخوازی و دوای گەشتەکەی بۆ سعودیە و کۆبوونەوەی  لەگەڵ (ئایەتوڵا سیستانی) توانی وەرچەرخانێک لەهاوسەنگیی هێزە سیاسییەکانی عێراق بەزیانی رژێمی ئێران دروست بکات.

دووبەرەکی نانەوە لەعێراق و رۆڵی رژێمی ئێران!

لەتێڕوانینێکی گشتی بەسەر عێراقدا، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو بەشەکانی عێراق تووشی کێشەیەکن بەناوی دابەشبوون و ناکۆکی و ناتەبایی. هەروەها لەهەر بەشێکیشدا دوو بەرە دەبینرێت کە یەکێکیان لەژێر هەژمونیی رژێمی ئێراندا کار دەکات و ئەویتریش لە کۆمەڵگەی عێراقیدا رەگی داکوتاوە. ئەوانەی خوازیاری هەژمونیی رژێمی ئێرانن، خاوەن پێگەی راستەقینە نین لەناو جەماوەری عێراقداو  تارۆپۆیان بەپارەو بەرژەوەندیی ماددییەوە تێکەڵەو پشتیان گەرمە بەهەڕەشە و بەرتیل و تیرۆرو مافیاکاری، بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن. هێزە تیرۆریستی و میلیشییاکان لە راستیدا دەست و بازووی ئەو بەرەیەن.

لەبەرامبەریشدا کەسانێک هەن دەیانەوێت ولاتەکەیان لەو دۆخە پڕ ئازارە رزگار بکەن و بەبەردەوامی رژاونەتە سەر شەقامەکان و بەسووربوون لەسەر مافەکانیان، یان سازدانی راپەڕینی گەورەو بچووک، خوازیاری گەیشتن بەدەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکرات و غیرە تایفین. ئەم بەرەیە بەپێچەوانەی بەرەی یەکەم کەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن رژێمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، سەربەخۆ بووەو لەلایەن دەست و پەیوەندە عێراقییەکانی رژێمی ئێرانەوە سەرکوت و کوشتار کراون و پیلانیگێڕیان بەرانبەر کراوە. ئەگەر بەو پێوەرانەوە سەیری گۆڕەپانی ئەمڕۆی عێراق بکرێت، زۆر بەباشی دەتوانین ئەم راستییە ببینین!

پێویستیەکی گرنگ و خێرا!

لەدوو دەیەی رابردوودا و بەدوور لەهەورازو نشێوەکان، ئێستا ئەم راستییە بەلای هیچ پارچەیەکی کۆمەڵگای عێراقییەوە شاراوە نییە کە دەبێت پێکەوە بن و دەست لەناو دەست بۆ رزگارکردنی عێراق تێبکۆشن. لەو بازنەیەدایە کە دەتوانن بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەندێک ناکۆکی، بەرانبەر بەڕژێمی داگیرکەری ئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

ئێستا بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کەڕژێمی ئێران هێزێکی داگیرکەرو تێکدەرە بەلای زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی عێراقەوە. چونکە چارەنووسیان پێشێلکراوەو ئەم داگیرکەرە لەژێر ناوی «بەرەنگاربوونەوەی داعش» هێزێکی ترسناکتر لەداعشی بەسەر کۆمەڵگای عێراق و خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە کە ئەویش بریتییە لە(حەشدی شەعبی).

کەوایە وەستان بەرامبەر بەڕژێمی ئێران پێویستییەکی گرنگ و خێرایە لەکۆمەڵگەی عێراقیدا. ئەگەر لەم ماوەیەدا (بەربەستێکی پۆڵایین) هەبوایە بەرانبەر بە رژێمی داگیرکەری ئێران، بارودۆخی عێراق لەخاڵی ئێستایدا نەدەماو دۆخەکە زۆر جیاواز دەبوو لەوەی ئێستاکە. دابەزینی رێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردنی ئەمدواییەی عێراقیش، نەبوونی ئەم فاکتەرەیە. ئەگەرنا، لەناو کۆمەڵگای عێراقیدا تواناو پوتانسیەل بۆ ئەم کارە هەر زۆر زۆرە.

هەرچەندە هەرێمی کوردستانی عێراق بەپێی مێژوو و بەکگراوەندی خۆی تاڕادەیەک جیاوازە لەناوچەکانی تری ئەو وڵاتە، بەڵام کوردستانیش بەدەر نییە لە تایبەتمەندییەکان. ئەگەرچی میلیشیاکانی سەر بەڕژێمی ئێران لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق لەهەرێمی کوردستان بەتەواوی شکستیان هێنا لە بەدەستهێنانی تەنانەت کورسییەکیش، بەڵام کوردستان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی لایەنانی سەر بە رژێمی ئێڕان و رەوت و گرووپە توندڕۆو دەمارگرژەکاندا بووە کە ئەگەر دەرفەتیان بۆ هەڵکەوێت، هەموو دەستکەوتەکانی ئەم ناوچەیە لەناو دەبەن.

هەنگاوێک لەپێناو دووپاتنەبوونەوەی کارەسات لەعێراق!

رژێمی ئێران لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا، هەمیشە لەعێراق سەرمایەگوزاری کردووە و بەڕێگەی جیاجیا و بەناوی خەڵک و لایەنانی هاوتەریبی خۆیەوە، ئامانجەکانی پێوشوێن گرتووە بەئێستایشەوە. ئەمەیش بۆ هەمووان ئاشکرایە بەتایبەتی گەلی عێراق. ئەم رژێمە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا و لەژێر ناوی «زۆرینەی شیعە»  گرنگترین پۆستی سەرەکیی عێراق، واتا پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیرانی قۆڕخ کردووە بۆ خۆی و هەر بەو پێیەو لەژێر ئەم ناوەوە، زۆرێک تاوانی گەورەی دەرحەق بەعێراق و خەڵکی عێراق ئەنجام داوە.

ئێستا سەرەڕای هەبوونی ئەزموونێکی زۆر دەربارەی رۆڵی تێکدەرانەی رژێمی ئێران و دەست و پێوەندەکانی ئەم رژێمە لە وڵاتەکەیاندا، گەلی عێراق لەژێر هەڕەشەی پیلانگێڕی رژێمی ئێڕاندایە بۆ ئەوەی نەتوانێت دەستکەوتەکانی پێشووی خۆی بکاتە سەکۆی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی زیاترو تۆڕدانی لایەنانی سەر بە رژێمی ئێران و دوورخستنەوەیان لەپۆستە سەرەکی و گرنگەکاندا و هەروەها دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار