دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ هەڵگرتنی ئابڵووقەکان
حسێن ئەمیر عەبدولهیان
3 ساڵ لەمەوپێش
حسێن ئەمیر عەبدولهیان
ئێران شێلگیرە و نیەت باشی هەیە. ئەنجامی کردەیی و هەستپێکراو بەهەڵگرتنی ئابڵوقەکان دەبێت.
*ئەو رێگەیەی کە بڕدرا لەپاش شەش خول دانوستان و وتووێژی چڕو پڕ لە ڤیەننا کە بەهۆی داخوازیی و هەڵوێستە ناواقعی و زیادەرۆییەکانی ئەمریکاوە سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا، ئێستاکە لە لێواری دەسپێکی خولێکی نوێ لەگفتوگۆکانداین. ئامانجی سەرەکی ئەم گفتوگۆیانە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی ئێران و هەڵگرتنی تەواوی ئابڵوقەکانە. ئەو ئابڵوقانەی کە بە شێوەی تاکلایەنە و نائاسایی لەلایەن ئەمریکای دەرچوو لە رێکەوتننامەی ئەتۆمیەوە سەپێندراوە. ئەمریکا لە 8ی مانگی ئایاری 2018 بەشێوەی تاکلایەنە لە رێکەوتنی ئەتۆمی کشایەوە؛ هەڵسوکەوتێک کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا وەک کارێکی نایاسایی ناسێندراو ئیدانەکرا. هاودەنگییەکی گشتی نێودەوڵەتی بوونی هەیە کە ئەم جۆرە رەفتارە دژە یاساییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبەرچاونەگرتنی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکانەو دەکەوێتە چوارچێوەی تێکدانی پەیوەندییە چەند لایەنەکان و هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. سەرەڕای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان، نە تەنها گشت ئابڵۆقە نایاسایی و تاکلایەنەکان وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵکو سیاسەتی سەپاندنی ئابڵوقە لەسەر ئێران بەردەوامی هەیە. بۆیە روونە کە ئامانجی ئەم کارانەی ئەمریکا رێگری کردنە لەسودمەندبوونی ئێران، وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێکەوتنی ئەتۆمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەماف و ئیمتیازاتی رێکەوتنی ئەتۆمی و بڕیاری 2231 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەڵبەت حکومەتەکانی سێ وڵاتی رۆژئاوایی لایەنی رێکەوتنە ئەتۆمیەکە، ئەگەرچی ئەم کارەی ئەمریکایان بە نایاسایی و قبوڵنەکراو وێناکرد بەڵام لەئەنجامدا بە بێدەنگی و نەبوونی کاردانەوەی کردەییان یارمەتی ئەم کردەوەیەی ئەمریکایان دا. کارە تێکدەرانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوهەڵوێستی سێ وڵاتی رۆژئاوایی، رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ناچالاک کردووەو تەواوی سودە ئابووریەکانی ئەم رێکەوتننامەیەی بۆ ئێران لەناو بردووە. ئەمانە ئەو راستیە تاڵانەی چەند ساڵی رابردووە کە دەبێت مەشخەڵی رێ بێت بۆ داهاتوو. درێژەپێدانی رەوتی تێکدەرانەی حکومەتی ترەمپ لەلایەن حکومەتی ئێستای ئەمریکاوە ئەو پرسیارە شێلگیرانەی دروستکردووە کە ئایا حکومەتی ئەمریکا بە راستی هیچ ئیرادەو خواستێکی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی هەیەو ئایا ئامادەیە دەست لەسیاستە شکستخواردووەکانی رابردووی خۆی هەڵبگرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەتێڕوانین لە رەوت و کردەوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم مانگانەی دواییدا، ئەستەم دێتەبەرچاو. هیچ کەس ناتوانێت شێلگیری و نیەتپاکی ئێران بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە. لەپاش دەرچوونی نایاسایی ئەمریکاو سەپاندنی ئابڵۆقەکان، ئیران بە نیەتپاکی، خۆی لە کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە پاراست و بە رەچاوکردنی داواکاری ئەندامانی ماوە لە رێکەوتننامەی ئەتۆمی و یەکێتی ئەوروپا وەک رێکخەری رێکەوتننامەی ئەتۆمیەکە، پابەندی بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێکەوتنی ئەتۆمی بوو بۆ ئەوەی ئەندامانی دیکەی رێکەوتنەکە بتوانن هەلومەرجە نەرێنیەکان لە ئەنجامی کشانەوەی ئەمریکادا قەرەبوو بکەنەوە. بە رەچاوکردنی بەردەوامی ئەو هەلومەرجە نەرێنییە و لەپاش یەک ساڵ پشوودرێژی ستراتیژی، هیچ رێگەچارەیەک بۆ ئێران نەمایەوە جگە لەوەی کە سود لەمافەکانی خۆی بەپێی بەندەکانی 26 و 36ی رێکەوتننامەی ئەتۆمی وەربگرێت و جێبەجێ کردنی بەشێک لەبەڵێنەکانی خۆی بەشێوەی پلەبەندی لەهەشتی مانگی ئایاری 2019 وە رابگرێت. لەبەر نەبوونی گۆڕانکاری لە هەلومەرج و هەروەها نەبوونی کردەیەکی کاریگەر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی رێکەوتننامەی ئەتۆمی و بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی جێی داخی رابردوو، پەرلەمانی ئێران یاسای «پلانی کاری ستراتیژی بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران»ی لە بەرواری دووی دیسەمبەری 2020 پەسەند کرد. ئەم یاسایە حکومەتی راسپارد کە لەئەگەری بەردەوامی پابەندنەبوونی ئەندامانی رێکەوتنە ئەتۆمیەکە بە بەڵێنەکانیان، جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنە خۆبەخشیەکانی ئێران لەمەڕ رێکەوتنەکە بەئەسپایی راوەستێنێت مەگەر ئەوەی کە لایەنەکانی دیکەی رێکەوتنەکە بەڵێنەکانی خۆیان بە کردەیی جێبەجێ بکەن. * رەوتی بەردەم گفتوگۆکانی ڤیەننا کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای تەواوی بێ بەڵێنیەکانی رۆژئاوا لەمەڕ رێکەوتنە ئەتۆمیەکە، بەڵام جارێکی دیکە بە ئامانجی دەرخستنی نییەت باشی و لابردنی ئابڵۆقە تاکلایەنە و نایاساییەکان، ئێستاکە ئامادەی وتووێژی بەرهەمدارە بۆ گەشتن بە «رێکەوتنێکی باش» لەگەڵ 4+1 دا. کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چوارچێوەیەدا نییەت باشی و ئیرادەیەکی شێلگیرانەی هەیە و ئیرادەی پێویستی هەیە بۆ گەیشتن بە ریکەوتنێکی باش لە ڤیەننا. لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، هەرگیز نابێت فەرامۆش بکرێت کە ئەمریکا هۆکاری سەرەکی روودانی هەلومەرجی ئێستایە. چوار ساڵ پێش ئێستا، کۆشکی سپی بۆ لەناوبردنی رێکەوتنی ئەتۆمی لەهیچ هەوڵێک خۆی نەبووارد. ئەوە ئێران بوو کە هەموو تواناکانی بۆ زیندوو راگرتنی ئەم رێکەوتنە خستەکار. ئەوەی کە لەماوەی شەش خولی گفتوگۆکاندا بۆ ئێران روون بووەوە ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا تێگەیشتنێکی دروستیان لەمەڕ ئەم راستیە نییە کە بەبێ هەڵگرتنی هەموو ئابڵۆقەکان لە دژی گەلی ئێران کە لەماوەی پاش کشانەوە لە رێکەوتنامەی ئەتۆمیدا سەپاندوویەتی، هیچ رێگەیەکی بۆ گەڕانەوە بۆ رێکەوتننامەی ئەتۆمی نییە.
بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لەهەموو وڵاتانی ئەندام دەکات کە « رێکارگەلێک کە رەنگە بۆ پاڵپشتی لە جێبەجێ کردنی رێکەوتننامەی ئەتۆمی گونجاو بێت بگرنەبەرو خۆیان لەو کارانەی کە دەبێتەهۆی لاوازکردنی پابەندییەکان بە دووربگرن. ئامانجی سەرەکی گفتوگۆکانی داهاتوو دەبێت جێبەجێ کردنی تەواوەتی و کاریگەری رێکەوتننامەی ئەتۆمی و بەئامانجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و هاوکارییە ئابووریە بەردەوامەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بێت. دیارە بۆ گەڕانەوە بۆ رێکەوتننامەی ئەتۆمی، ئێران دەبێت بە تەواوەتی سود لە هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان وەربگرێت. ئێران ئامادەیە لە ئەگەری پێدانی گەرەنتی، هەڵسەنگاندنی زیانەکان و هەڵگرتنی چوست و کاریگەری ئابڵۆقەکان، ئەو رێکارانەی کە پێشتر وەک قەرەبووی زیانەکان گرتوویەتیەبەر رابگرێت . گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێکەوتننامەی ئەتۆمی جێگەی بایەخی ئێمە نابێت مەگەر ئەوەی کە کۆمەڵێک گەرەنتی بخرێتەڕوو بۆ ئەوەی ئەزموونی تاڵی رابردوو دووبارە نەبێتەوە و هاوبەشە ئابووریەکانی ئێران بتوانن بە متمانەوە ئاڵوگۆڕی ئابووری بەردەوام و دوور لە نیگەرانی لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدەن . ئەوەی کە لەگفتوگۆکانی داهاتوودا روونە ئەوەیە کە ئێران بە نییەت باشیەوە دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ئەوەی بگاتە رێکەوتنێکی باش بەڵام بەداواکارییەکان لە دەرەوەی رێکەوتننامەی ئەتۆمی رازی نابێت و کۆماری ئیسلامی ئێران ناچێتە وتووێژ دەربارەی بابەتی دەرەوی رێکەوتننامەی ئەتۆمیەوە. پێم خۆشە جارێکی دیکە جەخت بکەمەوە کە ئەم دەرفەتە پەنجەرەیەک نییە کە تاکۆتایی کرابێتەوەو ئەمریکاو سێ وڵاتی رۆژئاوایی دەبێت بەباشی هەست بەمە بکەن. کۆماری ئیسلامی ئێران لەپاڵ هەوڵی جێگیر، بەهێز و چالاکی دیپلۆماسی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئابڵۆقە ستەمکارانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوکات پلانێکی کاریگەری بۆ پوچەڵکردنەوەی ئابڵۆقەکان لەچوارچێوەی پلانی گەشەسەندنی بەردەوامی ئابووری ئێراندا هەیە، بێگومان تاران بەو ئەندازەیەی کە پابەندە بەلانەدان لە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمی، بەهەمان ئەندازە پابەندە بەپاراستنی دەستکەوتەکانی زانایان و پیشەسازی ئەتۆمی ئاشتیخوازانەی خۆی و سەرەڕای ئابڵۆقە نایاسایی و نامرۆڤانەکان، دەست لە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات لەبوارە پیشەسازی، بازرگانی، دەریایی، ئاسمانی، بەرگری، زانست و تەکنۆلۆجی و گەشەسەندی ئابووری و..هتد هەڵناگرێت. ئێمە باوەڕمان وایە ئەگەری رێکەوتن هەیەو بەردەستە بەمەرجێک ئیرادەی سیاسی لایەنەکانی بەرامبەر بەکردەیی بوونی هەبێت. سەرەڕای بێ بەڵێنیەکانی رۆژئاوا و بێ متمانەیی لەهەمبەر سیاستە نەرێنیەکانی کۆشکی سپی، کۆماری ئیسلامی ئێران بە»ئیرادەیەکی راستەقینە» و «نییەت باشی» لەخولی نوێی دانوستانەکانی ڤیەننادا هەوڵدەدات بگاتە «رێکەوتنێکی باش»، بەردەوام و کاریگەر لەبواری هەڵگرتنی ئابڵۆقەکاندا. تیمی دانوستانی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەنیەتێکی باش و شێلگیرانەو لۆژیکی گفتوگۆوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی ئێران لە ڤیەنناو لەسەر مێزی دانوستانەکان چالاکانە ئامادە دەبێت. من و هاوڕێکانیشم سەرقاڵی پشتیوانین لەتیمی دانوستان و دانوستانکەری باڵا بەڕێز د.باقری کە ئەزمونێکی باڵای دانوستانی لەم بابەتەدا هەیەو لەکاتی پێویستدا لەگەڵ هاوتاکانمدا گفتوگۆی زیاترم دەبێت.
٭ وەزیری دەرەوەی ئێران