عوزر لەقەباحەت گەلێک خراپتر
دڵشاد تاڵەبانی
3 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد تاڵەبانی
داواکاری پێداویستییە سەرەتاییەکان (خۆراک، پۆشاک، نیشتەجێبوون، خزمەتگوزارییەکان، خویندن، یەکسانی و سەروەری یاساو، پاراستنی کەسایەتی، ئازادی بیروڕا، فرسەتی کار...) و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە نەبوونیان زۆر رەوایە.
لەوڵاتی دیموکراسیدا پەرلەمان و حکومەت دەبێت ئەوانە فەراهەم بکەن، لەبەرئەوەی بە دەنگی ئەوان گەیشتونەتە دەسەڵات، بە نەتوانینی ئەوە یان دەست لەکاردەکێشێتەوە یان متمانەی لێدەسەندرێتەوە.
توێژیک کەداوای ماف دەکات، دەبێت فۆرمولەی بکات و لانی کەمی داواکان بخاتە روو کەسازشی لەسەر ناکرێت.
لەعیراق و کوردستانیش نە خەڵک دەزانیت داواکانی فۆرمولە و داکۆکی تەواوی لێبکات و سور بیت لە سەری تا جێبەجێکردن، نە دەسەڵاتیش حسابی بۆ دەکات و بە چەندین رێگاو پاساوو بیانوو و چەواشەکردن و تۆمەتبەخشین و زەبر هەوڵدەدات ناڕەزاییەکان کپ بکاتەوەو بەشێوەی کاتی دایمرکێنێتەوە. هەر جارەی توێژێک نارەزایی دەردەبڕێت و دەسەڵات بێباکانە سەرکوت یان پینەو پەڕۆی زۆر کاتی دەکات. بیر لەوە ناکاتەوە کەهەموو دڕا، ئیتر پینە ناکرێت، وەک لافاو یان ئاگرێک وایە، کە هەمووی دادەماڵێت یان تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت.
نمونەی نەزانی و نەشارەزایی دەربڕینی ناڕەزایی و تەعبیرکردن لەخۆ، ئەو برادەرەی جرتی لێدا، یان ئەوانەی کەرەسەو بینا دەسوتێنن. پاشان بە چەقەنەیەکیش بڵاوە دەکەن یان پەشیمان دەکرێنەوە و ناڕەزایی لەبار دەبەن. بە جرت و سوتاندن نە داوا جێبەجێ دەکرێت نە دەسەڵات دەڕوخێت. بە سەردانێکیش ناشێت لەوپەڕی توندییەوە پێچەوانە ببێتەوە. ئەوی دەڵێت جرتی بۆ حکومەت داوە. حکومەت کێ دروستی دەکات؟ برای کاک بافڵ جێگری سەرۆکی حکومەت نیە؟ ئەویش دانی بەوەدا نەنا کە هەڵە بوون لەهەڵوێست و هەڵسوکەوت لەگەل داواکان؟ یان ئەو کچەی لە گەڵ کاک بافڵ سوعبەتی کرد، یان ئەوانەی لەگەڵ کاک مەسرور بارزانی دانیشتن و پاشان بە چەپڵەڕێزان بە رێیان خست، ئێوە بۆ گەیاندنی داواکان رۆیشتوون یان بۆ دەمەتەقی و خۆدەرخستن؟ لای کەمی چاوەڕوانی دەرئەنجام بن. یان دەسەڵات بەهەڵە لەگەڵ ئێوە دانیشتوە. ئاوها نوینەرایەتی داوای خوێندکاران و خەڵک دەکەن؟ یان دەتانویست و تامەزرۆ بوون سەردانی بەرپرسان بکەن و لەڕاگەیاندن دەرکەون و خۆتان دەرخەن؟ یان ئێوە بوون ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانتان بەلاڕێدا بردووە و کاری سوتاندن و شکاندنتان کردووە بۆ مەرامی تایبەتی. یان دیارە ناڕەزایی هەر بۆ ناڕەزایی بووە؟
بۆ خەڵکی ناڕازی، کە پیم وایە هەموو توێژو لایەنەکانی ژیانی گرتوەتەوە، بە شکاندن و جنێوو سوتاندن دەسەڵات ناڕوخێت، بگرە پاساو دەبێت بۆ بەکارهێنانی زەبرو لەبار دەبرێت. با بەشارستانیەت هیمنی، مۆسیقاو چەپڵەڕێزان بکرێت، هێز بەکارهات، ئێوە گوڵ بەکاربهێنن، یا ئەوان شەرم بیانگرێت هەموو جیهانیش راستییەکان بزانێت. دەسەڵاتیش وا ناڕوخێت، ئێران، تونس و میسر و لیبیاش نیە وەک خۆشیان دەڵێن. لایەنەکان هێزو دەزگای سەربازیی خۆیان هەیە و هەموو میللەتی بێ چەکیش ناڕازی بێت و رووبەڕوویان بێتەوە... پارتی و یەکیتی دەیان ساڵ شەڕیان کردو دەرەقەتی یەک نەهاتن. بەمە چۆڵی ناکەن. بە دروسترکردنی حزبی نوێش هیچ ناگۆڕێت، مەگەر لەناوخۆیاندا ئیرادەی گۆڕانکاری بنەڕەتی هەبێت. گەر دەتانەوێت گۆڕانکاری جیدی و بنەڕەتی دروست بێت، هەموو توێژەکان ناڕازین، داواکانتان یەکبخەن و سوربن لە سەری . خۆ راگرن و رانەکێشرێن بۆ توندوتیژی . بە شێوازی شارستانی، خۆپیشاندانی سەرانسەری، مانگرتن و بایکۆتکردنی گشتی و بەردەوامبوون تا بەدیهاتنی داواکان.
بۆ دەسەڵاتیش، خۆتان دەزانن ناڕەزایەتی خەڵک گەیشتوەتە لوتکە لەهەموو بوارەکان، بیر لەچارەسەرێکی بنەڕەتی بکەنەوە تا هەموو نەدڕاوەو هەموو شت لەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە. خۆپیشاندانی مامۆستا. خۆێندکار چین و توێژەکانی تر، بایکۆتی هەڵبژاردن، کۆچی بەکۆمەل، تەقینەوەی ناکۆکی ناو حزبەکان و توندوتیژی و دروستبونی برینی قوڵ. تەنها یەک مەرحەلە ماوە، بەسە با نەگاتە ئەوە. رەنگە هێندێک ئەم قسانە بە دوژمنکاری بزانن، بەڵام راستترین و دۆستانەترین قسەیە . بەپێچەوانەی درۆزنەکانی لەدەورتانن و هەمووی دەشارنەوە. بارەکە مەترسیدارە... با ناڕەزاییەکان لەوە زیاتر کەڵەکە نەکات...بە خوێندنەوەی میژوو، لەیەکدانەوە و تەجوربەی خۆم ئەوەتان پێدەڵێم. خەڵک گەیشتە بیناقاقەی دەستبەرداری هەموو شت دەبێت.