ئایا پەلاماردانی خەڵك و پێشمەرگە بەتەنیا داعشە ؟
هاوڕێ سورە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڕێ سورە
ئەگەر بە كورتی شرۆڤە بۆ ڕەوشەكە و ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بكەین ئایا ئەو هێرش و پەلامارانەی سەر گوند نشین و پێشمەرگە مەبەستەكە هەمان سیاسەتی بەعەرەب كردنی سەردەمی بەعس نیە ؟ ئایا خەڵكی كوردستان هەقیان نیە گومانەكانیان ببنە یەقین كە لە ئەنجامدانی ئەم كردەوانەدا داعش بەتەنیا نیە ؟ زۆر نالۆژیكانەیە ئەگەر پێمان وابێت داعش لە ئێستادا توانای بەدەستخستنی چەكی پێشكەوتووی هەیە ئەگەر لایەنی سیاسی یان حكومەتێك بۆیان دابین نەكات , ڕاستە داعش شانەی نوستوو یان ڕێكخستنی نهێنی هەیە بەڵام ئەو هەموو جم و جۆڵە و پەلاماردانانە پێویستی بە چاوساغی , هاوكاری , زانیاری ورد , شوێنی خۆشاردنەوە , بەدەستخستنی پێداویستیەكانی شەڕی پارتیزانی هەیە .
بێگومان ئەمانەش كارگەلێكی سانا نین بۆیە ناهەق نیە كە دڵنیا بین گوند نشینانی عەرەب بەتایبەتی عارەبی هاوردەی كۆنە بەعسی و هەندێك لەو بڕیار بەدەستە شۆڤیەنیانەی ناو حەشدی پاسدار و سوپا و پۆلیسی عیراق هاوكاری داعش دەكەن . لەوە دەچێت بەشەو بچنە ناو گەلە گورگە داعشەكان و بە ڕۆژیش جلی مەدەنی یان حەشد و سوپا لەبەر بكەنەوە , ئافەرین و دەست خۆشیش وەرگرن لەبەرامبەر ئەوەی ئەنجامیان داوە , بێگومان عەرەبی سونە و شیعە داعشبن یان هەر شتێكی دی هەموویان دەخوازن كوردستان داگیر بكەن و تەعریب بەردەوام بێت و حكومەتی هەرێمیش كێشەی زۆر بێت , شەهید بوونی هاوڵاتیانی كورد یان پێشمەرگە بۆ ئەوان جیاوازی نیە و پێی دڵخۆشن , پێویستە هەموو كوردێكی هوشیار و دڵسۆز دڵنیا بێت زۆربەی شیعە و سونە ڕاست ناكەن كە بەردەوام دەڵێن دژی خوێنرَێژین لەبەر ئەوەی گوایە خاوەنی ئاینێ ئیسلامن , كەوایە ئەدی بۆچی ئەو هەموو گروپە خوێنڕێژ و توندڕەوە لە هەناوی ئەواندا لە دایك دەبن بە فەرمان و هاوكاری ئەوان دۆزەخ بۆ مرۆڤایەتی ساز دەكەن ؟ هەمیشە خەڵك ناچار دەكەن وەك دیڤاكتۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە تاڵەدا بكات واتا مل نەوی بكەن بۆ شمشیرەوانە خۆسەپێنەر و دڕندەكان ؟!!
ئەوەی جێگەی داخە لە كوردستانیش هەندێك كەس و لایەن لە ژێر پەردەی ئاییندا خۆیان مەڵاسداوە بەردەوام كار لەسەر ناشیرین و دزێوكردنی دەسەڵاتی كوردستان دەكەن جاری واهەیە خۆیان بەنوێنەری خودا دەزانن دەڵێن حكومەتی هەرێم لە ئێمە و ئایینی خودا دوورە بۆیە ناتوانێت خزمەت بكات ,مخابن خەڵكانی سادەش پێیان وایە ئەگەر لەو هێزە بە ناو ئیسلامیانە دووربن ڕەنگە لە دین دەرچووبن ! ئاشكرایە لەناو وڵاتانی ئیسلامیدا زۆر گروپ و ڕێكخراوی توندڕەو هەن لە شێوەی داعش و القاعیدە كەسێك مەرجەعە و ئاڕاستەیان دەكات هەر خۆشی بەتەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە فتوا بدات یان بڕیاری جیهاد دەربكات ! لێرەدا دەخوازم ئەوە بیر خوێنەرە ڕێزدارەكان بخەمەوە ناكرێت ئەوە لەبیر بكەین زۆربەی ئەو كارەساتە نەخوازراوانە هۆكاری سەرەكی ڕووداوی (16) ی ئۆكتۆبەری (2017) یە كە بووە هۆی لە دەستدانی نیوەی خاكی كوردستان و لە خۆبایی بوونی حكومەتی عیراق و بەردەوام بووونی تەعریب و بەهێز بوونەوەی داعش و زۆر شتی دیكە , ئەوەش ئاشكرایە حكومەتی عیراق ڕێگە نادات هێزەكانی پێشمەرگە بچنە پێشەوە , لەلایەكی دی نەخۆی چەكی پێشكەوتوو ئەدا بەپێشمەرگە نە ڕێگەش ئەدا هاوپەیمانان ئەو چەكانە بداتە وەزارەتی پێشمەرگە كەپێویستن بەتایبەتی درۆن .. دیارە ئۆپراسیۆن بەتەنیا بەس نیە بۆ كەم كردنەوە یان دوورخستنەوەی داعش بەڵكو پێویستە بۆشایی ئەمنی بە سەنگەر و ڕەبایە و هیزی پێشمەرگە پڕبكرێتەوە واتا هێزی پێشمەرگە لەم ناوچانە جێگیر بكرێت ,.
جێگەی خۆیەتی ئەم پرسیارە بكەم , ئایا هۆكاری ئەو هەموو شەهیدە كەمتەرخەمی و بێ پلانی پێشمەرگە نیە ؟ یان بۆ لەو هەموو شەر ِو ڕووبەڕووبوونەوانەدا لاشەی داعشێك یا بریندارێكیان بەجێ نەما ؟ . لە كۆتایدا ئەگەر لایەنێكی سیاسی تەنانەت دەزگایەكی ڕاگەیاندن لەیەكڕیزی ناوخۆ لایدا و هاوكار نەبوو بەرامبەر پرسە نیشتیمانیەكان ناكرێت لێی قبوڵبكرێت دەبێت ڕیسواو شەرمەزار بكرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك بزانن ئەوانە چۆن ئاو دەكەنە ئاشی نەیارانی حكومەتی هەرێم , هەروەها بۆ لە گۆڕنانی هەموو پیلانێكی داعش و هاوسۆزەكانیان پێویستە كورد یەكهەڵوێست و یەكگرتوو بن كە ئەمەیان خواستی زۆربەی دڵسۆزانی گەلەكەمانە..
12-7- 2021 سلیمانی