رژێمی ئێران لەدووڕێیانی چارەنووسیدا!

چاوێک بەحەوتەمین خولی دانوستانە ناوکەییەکانی نێوان دەوڵەتانی رۆژئاواو رژێمی ئێراندا!

عبدولرەحمان گەوركی

3 ساڵ لەمەوپێش



عبدولرەحمان گەوركی

رژێمی ئێران تایبەت بەقەیرانی ناوکی پێی ناوەتە خاڵێکی بێ گەڕانەوە. رۆژی 22ی نۆڤەمبەر رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چوو بۆ تاران. پاش هەفتەیەک، حەوتەمین خولی گفتوگۆکانی ڤییەنا، دوای چوار مانگ لەداخستنی دەستیپێکرد. رژێمی ئێران لەماوەی ساڵی رابردوودا بەپاساوی جۆراوجۆر هەروەک رابردوو، بەدوای «کاتکوژی»یەوە بووە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم سیاسەتە لەڕژێمی ئێران قبوڵ دەکات و ئایا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت؟

لەمدواییانەدا، بەرپرسانی ئەمەریکا هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کەدەستپێکردنەوەی رێکەوتننامەی پێشووی ئەتۆم (بەرجام) بەرەو لێکترازان چووە، ئەویش بەهۆی هەنگاوەکانی رژێمی ئێرانەوە. نوێنەری ئەمەریکا تایبەت بەکاروباری ئێران، رۆبێرت مالی، دەڵێت ئەگەر رژێمی ئێران بەردەوام بێت لەدروستکردنی ئەم تەنگژەیە، دۆخەکە بەرەو (لێدانی چەخماخەی شەڕ) دەچێت. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ یەکەم جار گوتی ئەگەر گفتوگۆکانی ڤیەننا شکست بێنن، «هەموو بژاردەکان تایبەت بەڕژێمی ئێران لەسەر مێز دەبن». ئێستا گەڕی حەوتەمی دانوستانەکان ئاماژە بەخاڵی کۆتایی دانوستانەکان دەکات. بژاردەکانی دواتر کامانەن؟!

عەلی خامنەیی کە شەخسی خۆی سەرە دەزووی کاروباری ڕژێمەکەی بەدەستەوەیە، نایەوێت باوەڕ بکات کە دۆخەکە زۆر جیاوازە لەچاو ساڵی 2015 و سەردەمی رێکەوتننامەی ئەتۆم و هەروەک بەرزترین بەرپرسانی ئەمەریکاو تەنانەت کەسانی وەک (وێندی شێرمان) وتوویانە کەگەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەکەی پێشوو، «بابەتێکی خەیاڵی»یەو رژێمی ئێران دەبێ رێککەوتننامەی 2021 قبوڵ بکات. جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی: «بایدن پشتگیری بژاردەکانی تر دەکات، ئەگەر بێتو دانوستانەکان لەگەڵ ڕژێمی ئێران شکست بهێنن». لودریان، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسایش وتویەتی کەدەبێ رێککەوتننامەکەی پێشوو بە «بەتاڵ» هەژمار بکرێت.

رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە 6ی دیسەمبەر نووسیویەتی: «دانوستانە ناوکییەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ رژێمی ئێران تووشی لێکترازان بووەتەوە». بەرپرسانی ئەمەریکاو ئەوروپا دەڵێن چین و روسیایش «کراوە»ن بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ڕژێمی ئێران.

بەڵام لەهەلومەرجێکی وەهادا، ژێمی ئێران بەردەوامە لە سووربوون لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی، کە لەسەرووی هەموواندا، هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و گەرەنتی دانی ئەمریکایە بۆ نەکشانەوەی دووبارەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆم. پرسیارێک گرنگ لێرەا هۆی ئەم هەڵوێستەیەی وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێرانە. ئایا ئەم هەڵوێستەیە لە رووی بەهێزبوونیەوەیەتی یان خود لاوازبوونی؟

ئێستا، لەلوتکەی دەسەڵاتی ئێراندا شەڕ لەسەر دوو «بژاردە»یە:

وازهێنان لەچەکی ئەتۆمی و قبووڵکردنی داواکارییەکانی وڵاتانی 4+1 یان رووبەڕووبونەوە بەرانبەر بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رادەستکردنی دۆسێیەی ناوکی رژێمی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەم شەڕە لەوە زیاتر «کات» هەڵناگرێت. چونکە رژێمی ئێران ئەوەندەی لەتوانایدا بووە کاتکوژی کرد بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی. بەڵام ئێستا گەیشتووەتە کۆتایی شکستهێنانی، کە یەکەم ئاڵاهەڵگر و ئاشکراکەری پرۆژە ناوکەییەکەشی، موقاوەمەتی ئێران بوو. ئەو راستییەیش، سەرانی رژێمی ئێران بەبەردەوامی دانیان پێدا ناوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شایەتی لەسەر داوە.

یەکێک لەکێشە بنەڕەتییەکانی دوایین خولی دانوستانەکان، چارەنووسی شەش خولی پێشووی دانوستانەکان بوو. ئەمریکا و 4+1 وتیان دەبێت دەستپێکردنی خولی حەوتەم لەخاڵی کۆتایی خولی شەشەمەوە بێت، بەڵام حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی وتی دەبێت دانوستانەکانی خولی حەوتەم لە خاڵی سفرەوە دەستپێبکات.

هەڵوێستی ئێستای وڵاتان، تەنانەت ئەو لایەنانەی کە چالاکانە هەوڵی دانوستان و دانی باج بە رژێمی ئێرانیان داوە. دەریخستووە کە تەمەنی دانوستانەکان لەگەڵ ڕژێمی ئێران کۆتایی هاتووە و سیاسەتی عەلی خامنەیی بۆ کڕینی «کات» سوتاوە و مەترسی نزیکبوونەوەی بانکەوانی تیرۆر لەجیهان، واتا رژێمی ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، چیتر کات و باج هەڵناگرێت و بە لایانەوە قبووڵنەکراوە. ئەوە ئەو راستییەیە کە لەهەڵوێستەکانی ئەمدواییانەی لایەنانی ئەوروپی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا بەرچاو دەکەوێت. ئەوان ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە ئەمریکا رێگە نادات تژێمی ئێران لە پەڕاوێزی دانوستانەکان دا، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکەیی بێت.

ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی: پێدەچێت رژێمی ئێران جددی نەبێت لەزیندووکردنەوەی رێککەوتننامەکەی پێشوو. ناوبراو باسی لەئامادەبوونی بژاردەکانی تری واشنتۆن کرد ئەگەر دانوستانەکان سەرنەکەوتوو بن. لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بلینکن، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: پێویستە ئەمریکا کۆتایی بە دانوستانە ناوکییەکان بهێنێت لەگەڵ ژێمی ئێران.

بەمجۆرە، وا دیارە کاتی یەکلاییکردنەوەیە. عەلی خامنەیی لەدووڕێیانی «مەرگ» یان «خۆکوشتن»دایە و دەبێت یەکێک لەو دوو رێگایە هەڵبژێرێت. هەڵبژاردنێکی زۆر سەخت و بە ئازار لەنێوان «خراپ» و «خراپتر»دا کە لەئێستاوە، هەست بەکۆتایی ئەم ڕژێمە دەکرێت.

ڕەنگە ئەم پێشنیارەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ عەلی خامنەیی راچڵەکێنەر بێت کە لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە جەختی لەوە کردەوە کە ناکرێت باس لە دۆسیەی ناوکی رژێمی ئێران بکرێت بەبێ ئەوەی باسی دۆسێیەی سەقامگیری ناوچەکە بکرێت. ماکرۆن وتی پێشنیازمان کردووە هاوپەیمانانی ئێمەو لەوانە سعودیە لە گفتوگۆکردنەکاندا بەشدار بن.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە رایگەیاند کەهەڵوێستی رژێمی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە «قبووڵنەکراوە». ئەو وتی حکومەتی ئەمەریکا لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا «لەسەرەخۆیی» رەچاو کردووە بۆ ئەوەی رژێمی ئێران خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان ئامادەبکات. ئەو گەورە بەرپرسەی ئەمەریکا، تارانی بە «خێراکردنی» بەرنامە ناوەکییەکەی تۆمەتبار کرد کەهاندەرەو مەترسیدارە.

جێگای ئاماژەیه که واشنتۆن بەم دواییانە وتوویەتی ئامادەکاری دەکات بۆ «ئەو بارودۆخانەی کە چیتر رێککەوتننامەکەی پێشوو ناتوانرێت زیندوو بکرێتەوە». بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە نەشناڵی ئیماراتی وتووە کەڕژێمی ئێران بەرپرسە لەشکستپێهێنانی گفتوگۆکانی ڤییەنا.

لێرەدایە کە رژێمی ئێران کەوتووەتە نێوان «چەکوش»ی فشارە جیهانییەکان و «سندان»ی قەیرانی کۆمەڵایەتی و هەڕەشەی راپەڕینی جەماوەریشی لەژێر پێدایە. لەگەڵ ئەوانەیشدا، داڕمانی باری ئابووری وڵات و قەیرانی بژێوی خەڵک و بێئاوی و قەیرانی کارەباو ژینگە و ..هتد تەنگی بەکۆمەڵگەی ئێرانی هەڵچنیوەو راپەڕینەکانی ئیسفەهان و شەهریکورد، سەرەتای زنجیرەیەک راپەڕینن کە لەڕووی (کات)ەوە مەودایان لێک نزیکترە لەچاو رابردوو و لەدەرفەتێکدا راپەڕینێکی سەرتاسەری پێدەگات و شۆڕشی دووەم لەئێران دروست دەبیت!

(10) مانگ بەر لەئێستاو لە رۆژی 7ی فێبرایری 2021، مەسعود رەجەوی، رێبەری موقاوەمەتی ئێران بە پێناسەکردنێکی راست و دروستی رژێمی ئیران رایگەیاند کە «ئەم رژێمە تایبەت بەگفتوگۆکان دوو بژاردەی لەبەرە. یان ژەهری دانوستان بخواتەوە، یانیش پاشەکشە بکات. لەو حاڵەتەدا، دەرەنجام ئەو شتە دەبێت کە عەلی خامنەیی خۆی لەمانگی جۆزەردانی 2016 ناوی نابوو (پاشەکشەی بێ بڕانەوە) و وتبووی رژێمەکەی لێک دەترازێت. یانیش بەردەوام بێت لەدژایەتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لەئەنجامدا، دۆسێیەکە رادەستی ئەنجومەنی ئاسایش دەکرێت و سزاو گوشارەکان بۆ سەر رژێم زیادبکرێت».

دوا وشە،

رژێمی ئێران هەرکام لەو دوو بژاردەیەی سەرەوە بداتە بەر خۆی، دۆخەکەی ناسکتر دەبێت و رووخاندنیشی نزیکتر دەبێتەوە. بەتایبەتی کە موقاوەمەتی ئێران ئێستا زیاتر لەهەموو کاتێکی تر، لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا، لەئامادەباشیدایە، بارودۆخێک کە لەهەموو روویەکەوە کاربەدەستانی ڕژێمی ئێرانی نیگەران کردووە.

کۆتایی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار