لەبارەی شوناسەوە
عومەر ئەحمەد عەزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
عومەر ئەحمەد عەزیز مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان
یەکێک لەو کێشە بنەڕەتییانەی، کە کۆمەڵگای کوردی پێوەی ئەناڵێت، بریتییە لە نەبونی شوناسێکی ڕەهای دیار و فۆرمەڵەبوو، شوناسێک دەرهاویشتەی نەریتێکی کەڵەکەبو و کلتورێکی هاوبەش و بیرکردنەوە و مێژوییەکی هاوبەش بێت، شوناسێک بوبێتە پێناس و بەهایەکی تاڕادەیەکی زۆر گشتیگیر لە نێو کۆمەڵگاکە، کە سەرجەمی تاکەکانی نێو کۆمەڵگا وەکو بەشێک لە پێناس و شوناس و تایبەتێتی خۆی بیبینێت. وەکو چۆن مارتن هایدگەر ئەڵێت:((شوناس گرنترین پێکهێنەری ئەو کیانەیە کە هەیە)).
کەواتە ئێمە تاڕادەیەکی زۆر لە قەیرانی بێ شوناسیدا ئەژین، لەنێویشیاندا قەیرانی نەبونی شوناسی بیرکردنەوە لەدەسەڵات و حوکومڕانیی. لێرە زیاتر جەخت لەسەر ئەو ڕەگەزەی شوناس ئەکەینەوە، کە پێوەندی بە بیرکردنەوەوە هەیە، ئەو لایەنەی شوناس دەرخەری کلتوری بیرکردنەوەی کۆمەڵگای ئێمەی تێدا چەسپیوە، شوناسی بیرکردنەوە بریتییە لە کلتوریی کەڵەکەبوی بیرکردنەوە و تێڕوانینی میللەتێک بەرانبەر بە بوون و سروشت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و زمان و ، ئافرەت و ئازادیی و لە کۆتایشدا بەرانبەر بە دەسەڵات و حوکومڕانی. هەر ئەمەشە وای کردووە، کاتێک دەمانەوێت قسە لەسەر پرسێک بکەین هیچ پێشینەیەکی فیکریی قوڵمان لەبەردەست نییە کە ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیە بێت.
لێرەدا لەنێو شوناسی بیرکردنەوەش ئێمە زیاتر مەبەستمان ئەو جۆرەیە لە شوناس، کە دەرخەریی بیرکردنەوەی ئێمەیە لە بەرانبەر دەسەڵات، ئەو کلتوری بیرکردنەوەیەی، کە تێڕوانینی کۆمەڵگای کوردی بەرانبەر دەسەڵات و حوکمڕانیی دەردەخات. لێرەوە بە سەیرکردنێکی سەرپێیی بە شوناسی بیرکردنەوەی ئێمە بەرانبەر بە حوکمڕانی و دەوڵەتداریی و دەسەڵات بۆمان دەردەکەوێت ئێمە نەک کلتورێکی خراپ لە بیرکردنەوە لە بەرانبەر بە دەسەڵات بوتە شوناسمان، بەڵکو ئەگەر زۆر بە وردیی سەیربکەین، ئەکەوینە، نێو بۆشاییەکی گەورە لە شوناس، قەیرانی شوناسی بیرکردنەوە و نەبونی کلتورێک، کە پێمان بڵێت : ئەم کۆمەڵگایە چۆن لە دەسەڵاتی ڕوانیووە؟ بۆچونی چی بوە لە بەرانبەر حوکومڕانی؟ چی جۆرێک لە دەسەڵاتی ویستووە؟ بە ئاڕاستەی کام جۆر لە بیرکردنەوە بیریان کردووەتەوە: ئایا ئەم کۆمەڵگایە ویستویەتی دەستبگرن بە بەها ڕۆژئاواییەکانی وەکو دیموکراسیی و یەکسانیی و ئازدیی و مافی مرۆڤ و فرەیی ...تاد؟ یان زیاتر کلتوری بیرکردنەوەی ئێمە مەیلی لە مێنتەڵێتی خێڵگەرایی و ئیدامەدان و بەڕێوەبردن بووە لەسەر بنەمای ئەو بەهایانەی لە نێو ترادیسیۆنی خێڵدا ئیشیان کردوە، وەکو ملکەچی بۆ سەرۆک خێڵ و پاراستنی سنوری خێڵ و نەریتی باوی نێو خێڵ و دەستگرتن بە نەریتی باوباپیران و مانەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ نەوەکەی ...تاد؟ کەواتە نەبونی شوناسێکی دیاریکراو و نەریتێکی دیاریکراو لە بیرکردنەوە بۆ چەمکی دەسەڵات و حوکومڕانی لانی کەم لەم 30 ساڵەی کۆتاییدا واتە
ـ1991 ەوە، وای کردوە ئێمە لە بۆشاییەکی گەورە بین لە شوناس. واتە کلتورێکی دیاریکراومان نەبووە لەوەی پێمان بڵێت ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە ویستویەتی چۆن خۆی بەڕێوە ببات، فەلسەفەی بیرکردنەوەی حوکمڕانیی چۆن بێت، میتۆدی ئیدارەدانی کۆمەڵگای چی جۆرێکە...تاد. هەر ئەمەشە وای کردووە، حزبمان وەکو دەزگایەکی مۆدێرن هەیە، لەلایەکیشەوە خێڵ و بنەماڵە و هۆز، ڕۆڵیان لە ئاڕاستەکردنی حزب هەیە، پەرلەمان و وەزارەت و حوکومەت و دادگامان هەیە و کەچی کەسایەتی و سەرۆکهۆز و گروپی نێو حزب و کەسایەتی سەربازیی ...تاد لەدرەوەی ئەم دەزگایانە دەسەڵاتیان هەیە.
دەزگای چەکداریی ڕێکخراوی حوکومیمان هەیە و لەبەرانبەردا ئەگەری زۆر هەیە بۆ کۆبونەوەی هێزی چەکدار لەدەرەوەی هەمو پرەنسیپێکی حوکومەتداریی و دەوڵەتداریی، بونی ئەم دژیەکیینە وا دەکات مرۆڤ دەستەوەسان بێت لەبەردەم قسەکردن و خوێندنەوەی دۆخی کورد و هەرێمی کوردستان، مرۆڤ نازانێ چۆن بڕوانێتە کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیە، کە شوناسێکی دیاریکراوی نییە لە بیرکردنەوە بۆ دەسەڵات و حوکومەت و دەوڵەتداریی، هەر بۆیە لە ناڕازیی و خۆپیشاندانەکانیشدا زۆر جار پرسی ئەوە دێتە پێشەوە کە ئایا داواکاریی چییە؟ ناڕەزاییەکی گەورە هەیە بەبێ ئەوەی بزانین جەوهەری ناڕازێتییەکە چییە، هەر ئەمەشە دەرخەریی ئەو ڕاستییەیە ئەم نەبونی شوناسە لەبیرکردنەوەی سیاسییانە قەیرانی گەورەی دروستکردووە، لەوەی نەزانین چیمان دەوێت لەچی نیگەرانین .