گەڕانەوە بۆ وڵات

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

ماوەی شەش مانگی رابوردوو، لە گوندێکی بچکۆلە لەچیاکانی ئەلپ ژیاین. ئەم ناوچەیە بێوێنەیە لەجوانی و ئێجگار دەوڵەمەندە لەڕووی مێژووییەوە. هۆکاری سەرەکی هاتنمان ئەوەبوو کە هاوسەرەکەم خەڵکی ئەوێیە. ئەم ناوچەیە لەزۆر رووەوە لەکوردستان دەچێت. ئێرە کە بەچەند ناوێک ناسراوە، وەک تیڕۆڵی باشور، وەک کوردستانی باشور یان باشوری کوردستان، ئەم جۆرە ناونانە بەگشتی لەلایەن خەڵکە رەسەنە ئەڵمانی زمانەکانەوەیە، بەڵام ئەو ئیتاڵیانەی کە رێژەیان دەگاتە نزیکیە چارەکێک لەدانیشتوانی ناوچەکە، بەئێرە دەڵێن ئەڵتۆ ئادیجۆ. ئێرە بەگشتی ناوچەیەکی شاخاوی داخراوە. چەند شارێکی مامناوەند نەبێت، بەزۆری گوندی بچکۆلەی نیشتەجێن بەقەدپاڵەکانەوە.  لەمێژووی نوێدا ئێرە هەمیشە جێگای سەرنج و دابڕان بووە، لەسەدەی نۆزدە گۆتەی ئەڵمانی بەئێرەدا تێدەپەڕێت و لەکتێبی نامەکانی ئیتاڵیادا باسی دەکات. فرۆید بۆ چاکبوونەوە دێتە ئێرەو دینداری ئەم ناوچەیە وەهای لێدەکات تەوتەم و تابو بنووسێت. ئیزراپاوەند لێرە بووەوە، هەروەها هێنریک ئیپسن.  سەرەتای سروشتی ئێرە لە تەنگەبەری برێنەرەوەیە، کە لەدەقە کۆنەکان دەڕوانیت وەها باسکراوە کە تەنگەبەرێکی ئێجگار سەختە، ئێستا جێگای یەکێک لەجەنجاڵترین رێگا خێراکانی نێوان ئەوروپای باکورو باشوردایە. جگە لەڕێگای خێرا و ڕێگای ئاسایی، شەمەندەفەریشی پیادا تێدەپەڕێت.  من پەیوەندییەکی ئالۆزم لەگەڵ تیرۆڵدا هەیە. لەکاتێکدا بەباشی لەمێژوویان تێدەگەم، بەڵام جگە لەسروشتەکەی لایەنەکانی تری ئەم ناوچەیە بۆ من جێگای هەناسە تەنگییە . تیرۆڵی باشور لەنێوان دوو مۆدێلی توندی فاشیزمی ئەورپیدا ساندویچ بووە. لە باشورەوە فاشیزمی ئیتالی و لەباکورەوە نازیزمی نەمساوی و ئەڵمانی. لەزۆربەی مێژوویدا ئێرە بەشێک بووە لەئیمپراتۆریەتی هاپسپۆرگ. بەڵام بەکۆتایی ئەو ئیمپراتیریەتە ئێرە دەدرێت بە ئیتاڵیا. ئیتاڵییەکان ئێرەیان دەوێت لەبەر دەوڵەمەندی سامان و ئاوو چیاکانی.

 

لەماوەی ژیانم لێرە لە ئەوە تێگەشتم کە فاشیزم فەلسەفە نیە، بریتی نیە لەهەڵە تێگەیشتن، یان هەڵگرتنی جۆرێک لەباوەڕ یان ئایدۆلۆژیا، بەڵکو فاشیزم جۆرێکە لەژیانکردن. مرۆڤی فاشی لەژیانی رۆژانەو وردە رەفتارەکانیدا دەردەکەوێت و پیادە دەبێت. لێرەوە دیدە دۆلۆزییەکە کە لە چەمکی مایکرۆفاشیزمدا دەردەکەوێت زۆر بە سوودە

 

بەهانەی ئیتاڵیەکان بۆ بردنی ئێرە ئەوەیە کە لەتەنگەبەری برێنەرەوە ئاو بەرەو باشور دەڕوات . ئەمە هەوڵدانە بۆ سروشتیکردنی حەکایەتی ناسیونالیزمی ئیتاڵی، کە وەک دەڵێن ئیتاڵیای دروستکرد بەڵام شکستی هێنا لەدروستکردنی ئیتاڵی.  ئیتاڵییەکان بۆ بە ئیتاڵی کردنی ئێرە هەموو ئەو فێڵ و تەڵەکانەیان کردووە کەئەوانیتر، بەتایبەت ئینگلیزیەکان پێشتر کردویانە، وەک هێنانی خەڵکی تر بۆ ئەم ناوچەیە، پێدانی کاری حکومی بە خەڵکی هاوردە، هەوڵی دەرکردنی خەڵک: ئەوەی لەمێژوی ئەم ناوچەیە پێی دەڵێن بژاردە. مۆسۆلینی دوو بژاردەی خستبوە بەردەم خەڵکی ئێرە: یان ببن بەئیتاڵی یان بڕۆن، هەندێک رۆشتن، زۆرێک مانەوە. ئەوانەی رۆشتن خۆیان بەپاک دەزانن، بەڵام زۆر خەڵکی بەترسنۆکیان لەقەڵەم دەدەن.  ئەمڕۆ بەگشتی پۆلیس و دامودەزگاکانی تری حکومەت ئیتاڵیە و زمانی ئیتاڵی تیایدا زاڵە. لەلایەکی ترەوە کەلتوری ئەڵمانی و زمانی ئەڵمانی لەدۆخی بەرگریدایە. وەک زۆر شوێینی تر کە گۆڕانی دیموگرافی بەسەردا هاتووە، گوندەکان، خەڵکی رەسەنن و شارەکان تێکەڵن. زمانی ئەڵمانی ئێرە وەک ئەڵمانی نەمساو ئەڵمانیاو سویسرا نیە، چ لە رووی دایەلێکت و چ لە رووی کەلتورەوە. بۆ نموونە لەبەر زاڵی مەتبەخی ئیتاڵی و هەژاری مەتبەخی ئەڵمانی، زۆربەی ناوی خواردنەکان و مەتبەخ ئیتاڵییە.  خەڵکە ئەڵمانەکانی ئێرە کاتێک روبەڕووی ئیتاڵییەک دەبنەوە رەنگە هەستی تیرۆڵی تیایاندا چرۆکە بکات، بەڵام کاتێک لەگەڵ نەمساوییەک یان ئەڵمانییەکدان، ئەوا بڕەو بەلایەنە ئیتاڵییەکەیان دەدەن، چونکە ئیتاڵی بوون، سێکسییە.  بۆ منێکی دەرەکی لەم کەلتورە ژیان تامێکی تری هەبوو. لە کاتێکدا لەزۆربەی جێگاکان وەک ئیتاڵی دەیانبینم و دەستوبرد بە ئیتاڵی قسەیان لەگەڵدا دەکردم، هەرکە بۆیان دەردەکەوت من ئیتاڵی نازانم، ئەڵمانییە لادێییەکەم باشترە، جێگای حەپەسان بوو لایان.  بەڵام بۆ من لەڕەهەندێکی ترەوە زۆر شت هاوشێوەی کوردستان بوو. لێرە خزمایەتی و ناسراوی و بنەماڵەیی زۆر بەهێزە. لەماوەی مانەوەمان لێرە تۆڕێکی بەرفراوان لەخزم و کەسوکارمان ناسی. بەڵام سەرباری ئەوە ئێرە جێگایەک نیە بۆ کەسێکی وەک منی هەمیشە بیانی. بیانی بونەوەرێکی شارییە. شار ئەو جێگایەیە کە هەموان تیایدا بیانین. خەڵکی ئێرە بە هۆی ساندویچ بوونیان لە نێوان دوو فاشیزمدا، نەبوونی شاری گەورە، لادێیی مانەوەی جێگاکە، ترسی توانەوە و سڕینەوە، لە زۆر رووەوە پارێزەرن. بەڵام گوندی ئێرە وەک هەر گوندێکی تر لەدونیادا، پڕیەتی لەدوفاقیی و کێشە و ململانێ. کاتێکی زۆرم بەڕێکردن بە شاخەکاندا تێپەڕاندا. چیا تایبەتە لەزۆر رووەوە. هەرچەندە رەنگە رۆڵی بەربەست و دابڕان و گۆشەگیریی ببینێت. بەڵام پڕیەتی لەجوانی و تام و پاکی و زیندەوەری تایبەت. زۆر جێگا لێرە بۆ من ئێجار لاوەلێژەبوو هەتا ببێتە جێگای نیشتەجێبون. خەڵکی لێرە لەجێگای وەهادا نیشتەجێین من ناوێرم سەیری خواری خۆم بکەم. چیا لەوەرزەکاندا جیاوازە. هاوین وەرزی دڵگیری منە لەچیاکان. لە هاویندا چیا پڕ دەبێت لە تام، لە تامی توتڕک و شاتوی کێویی و لەدرەنگی هاویندا قارچکی کێوی خۆراکی زۆر بە تام و تەندروستن. رێوڕێچکەکان، کانیاوەکان، دیمەنەکان، دارستانەکان، ماڵە تەنیاکانی قەدپاڵەکان، کادێنەکان، رێگا تەسکەکان هەموو پێکەوە سیستەمێکی ئاڵۆزی نیشتەجێبون بەرهەم دەهێنن. هەر کەسێک بۆ مەبەستێک دێت بۆ ئێرە، ئەڵمانەکان سەرباری خلیسکانێ، هەروەها لەهاتنیاندا بۆ ئێرە هەست بە ساتەوەختێکی باڵایی دەکەن، چونکە ئێرە بۆ ئەڵمانەکان وەک جێگایەکی دواکەتووو وەهایە. چونکە لەچل ساڵی رابوردودا گەشیاری و وەرزشی زستانە سەرچاوەی سەرەکی داهاتە، تیرۆڵییەکان خۆشیان نمایشی رۆڵی کەسێکی لادێیی دواکەوتوو دەکەن بۆ ئەوەی ئەڵمانەکان هەست بەخۆشی بکەن.  کە دەنووسم لەودیو پەنجەرەکەمەوە هەتا لوتکەی چیاکە بەفرە. ئەم بەفرە هەتا مانگی سێ لەوێدا دەمێنێتەوە. جارجارێک کە تەماشای ئەم بەرەو بەری دۆڵەکان دەکەم، هەست دەکەم لەفریزەرێکی گەورەدام. ئەگەر پلەی گەرما سفر بێت، ئەو رۆژە ڕۆژێکی خۆشە. تیرۆڵییەکان کارکەرن، ژیان لێرە لەکاتژمێر شەشەوە دەستپێدەکات. ئەم نەریتە جیاوازە لە ئیتاڵییەکان. دیارە لەڕاستیدا شتێک نیە ناوی کەلتوری ئیتاڵی بێت.

باشور و سەقەلییە زۆر جیاوازن. ئێرەی باکور تەواو تەواو جیاوازە.  لەماوەی ژیانم لێرە لە ئەوە تێگەشتم کە فاشیزم فەلسەفە نیە، بریتی نیە لەهەڵە تێگەیشتن، یان هەڵگرتنی جۆرێک لەباوەڕ یان ئایدۆلۆژیا، بەڵکو فاشیزم جۆرێکە لەژیانکردن. مرۆڤی فاشی لەژیانی رۆژانەو وردە رەفتارەکانیدا دەردەکەوێت و پیادە دەبێت. لێرەوە دیدە دۆلۆزییەکە کە لەچەمکی مایکرۆفاشیزمدا دەردەکەوێت زۆر بەسودە. فاشیزم بریتیە لەئارەزوکردنی ئەوەی کە ئەوانیتریش دەبێت وەک تۆ بن، ئەگەر وەک تۆ نەبوون ئەوا ببێتە مایەی بێزاریت. فاشیست کەسێکە کە فزوڵیەتی نیە، هەرگیز نابپرسێت لە بارەی کەلتور و زمان و چێژ و زەوقێکی ترەوە. جیاواز خراپەو زۆرجاریش پیسە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم رەفتارانە پاڵنەرەکەیان بیرێک یان دونیابینییەک نیە، بەڵکو تەنها و تەنها رەفتارە.  ئەم فاشیزمە لەگەڵ رووداوی نوێ و ژیانی نوێدا خۆی نوێ دەکاتەوە. بۆ نمونە لێرە کەمترین خەڵک ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن. ئەمڕۆ لەدونیادا بەرەی پرۆ-ڤاکسین و دژە ڤاکسین ئەوەندەی ئایدۆلۆژییە هیچ ئەوەندە زانستی نیە.  ئێمە لە نزیک شارۆچکەیەک دەژیاین بە ئیتاڵی پێی دەڵێن ڤیپیتینۆ، تەنها ٢٠ کیلۆمەتر لەسنوری نەمساوە دوورە. ئەوەی ئەم شارۆچکەیەی پێ ناسراوەتەوە ماستە. بەرهەمهێنانی ماست لەمیانەی تۆڕێکی ئاڵۆزی سەرمایەداریدا بەڕێوەدەچێت. جوتیارە تیڕۆڵییەکان ماڵەکانیان بە قەدپاڵەکانەوەیە. کە مانگاکانیان دەدۆشن، شیرەکەیان دەکەنە بەرمیلی تایبتەوە، لەهەندێک جێگا چونکە تەنکەر ناتوانێت بڕوات بە پەتی تەلین بەردەدەنەوە بۆ سەر رێگاکانی ناو دارستانەکان. هەموو بەیانییەک تەنکەڕێکی گەورە دێت شیرەکە کۆدەکاتەوە و دەیبات بۆ کارگەی ماستەکە. کە دەڵێم سەرمایەداری مەبەستم ئەوەیە کە چۆن تۆڕێکی واڵۆزی چڕ بەرهەم هاتووە لە جوتیارو کۆمپانیاو بەرهەمهێنانی کاڵای زۆر باش بەجۆڕێک لەهەر کوێی ئیتاڵیا ناوی ئەم شارە بەریت خێرا باسی ماستەکەی دەکەن.  لەکۆتایی ساڵ هەموومان دەگەڕێینەوە بۆ ئایرلەندا، وڵاتی هەمومان. ژیانکردن لەهەناو زمانی ئینگلیزیدا ژیانێکی کەلتوری و دەوڵەمەندترە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار