هاوکێشەکە گۆڕاوە
سامان وەستا بەكر
3 ساڵ لەمەوپێش
سامان وەستا بەكر
«پێش- مەرگ»ە:
لەمێژەوە وا ڕاهێنراوین کە پێشمەرگە قارەمانترین خەڵکێن، گیانفیداو ڕۆح لەسەر دەست، چاونەترس و بەجەرگ، هەڵمەتبەرو پارێزەری خاکی کوردستان و خۆبەخش و خۆنەویست.
کاتێک داعش دزەئەکا و ئەگاتە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگەو چەندین کوڕی گەنج و نەدارو گیرفان بەتاڵی کورد شەهید ئەکەن لەبەرامبەرا بەپرسان وەک پیشەی هەمیشەییان بۆ خۆدزینەوە و سودوەرگرتن لەو ڕەوشە نەخوازراوەی کە هەیە هۆکاری شەهیدبوونی پێشەمەرگە ئەبەستنەوە بە نەبوونی دووربینی شەوان و چەکی پێشکەوتوو…. هتد کە لە ڕاستییدا ئەمانە لایەنی کەمی ڕاستییەکانن.
هۆکاری ڕاستەقینەی شەهید بوونی پێشمەرگە بەدەستی داعش بەپلەی یەک باوەڕنەبوون و ڕژد بوونە بەکارەکەیان، بەواتای ئەوەی پێشمەرگایەتی لە گینافیداییەوە گۆڕاوە بۆ هەلی کار واتە هەلی کار بەرامبەر ژیان.
ئەوەی ئێستا پێی دەوترێ پێشمەرگە لە ڕاستیدا کۆمەڵێ گەنج و پیاوی گەلەکەمانن کە وەک فەرمانبەرێکی حکومەت لەبەر نەبوونی هەلی کارو گیرفان بەتاڵی لەپێناو بەدەستهێنانی مووچەیەکی مانگانەیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و بژێوی ژیان بەناچاری ئەبن بەچەکدار، بەڵام چەکداری دوو حزب نەک دەوڵەت.
ئاخر پێشمەرگەی ساڵانی پێش ڕاپەڕین نە دووربینی شەوانی هەبوو، نە درع و گولەنەبڕ، نە هەمەر، نە درۆن، کەچی بە سێ پێشمەرگە لیوایەکی ڕژێمیان شپرزە ئەکرد، تەنها هۆکاریش باوەڕ بوون و ڕژد بوون بوو بەوەی کە دەیکەن و لەپێناو یا تێئەکۆشن.
بەڵام پێشمەرگەی ئێستا تەنها بیری لای ئەوەیە بیگەیەنێتە سەری مانگ تا مووچەکەی وەرگرێ و لە بۆڵەی کرێی خاوەن ماڵ ڕزگاری بێت و بتوانی لایەنی کەمی پێداویستی بۆ خێزانەکەی دابین بکات.
ئەمە کەمکردنەوە نیە لەو ڕۆڵە گرنگ و یەکلاکەرەوەیەی پێشمەرگە دەیگێڕێ، بەڵکو ڕاستییەکە ئەگەر تاڵیشبێ هەر ئەبێ بە شیرینی قووتبدرێ تا بگاتە چارەسەر.
هیچ جیاوازییەک لە ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگەی کۆن و نوێدا نیە، بەڵکو ئەوەی هەیە جیاوازییە لەو بیروباوەڕەی پێشمەرگەی کۆن و نوێدا.
لەکۆندا پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنی خاک تێدەکۆشا تا بتوانێ پشووی تیاوەرگرێ، خاک ڕزگاربوو، بەڵام ژیانی پێشمەرگە نەک هەر وەک خۆی مایەوە بەڵکو بەشێکیان ناچاربوون خاک جێبهێڵن.
لە کۆندا پێشمەرگە بۆ ئازادی ڕادەربڕین دەجەنگا، کوردستان ئازادکرا کەچی زمانی هەر کەسێک بڕا کە دژی دەسەڵاتدار و دزە سیاسیەکان شتێکی وت، بەتۆپزی پێشمەرگەش بێدەنگکرا.
لە کۆندا پێشمەرگە بۆ سەربەستی و خۆسەری بەڕێوەبردن گیانی خۆی فیدادەکرد، خۆسەری بەڕێوەبردن بەدەستهێنرا، کەچی سەربەستی زەوترکرا، پێشمەرگە بەکۆیلەی حزب کرا.
کەواتە ئەوە پارتی و یەکێتین ئەیکەن تەنها بەکوشتدانی گەنج و جوانی وڵاتە، چونکە ئەگەر لە سی ساڵی حکومەتداریاندا بیانتوانیایە هەلی کار دروست بکەن، ئەوان گەنجەکان ناچار نەدەبوون ببن بەچەکداری جووت یزب لەژێر ناوی پێشمەرگەیا، بەڵکو ئەگەر خەڵکی گیرفانی پڕبووایە ئەوا فەرمانبەر، دەستگێڕ ، کرێکار، جوتیار....هتد هەر کەسەو کاری خۆی لەبواری پسپۆڕی خۆیدا دەکرد، گەلی کوردیش گەلێکی قارەمانە ئەوکات خەڵکی لە هەموو تەمەنێکا گیانیفیدای خاک دەبوون و وەک پێشمەرگەی سەردەمی پێش ڕاپەڕین بەژمارەیەکی کەم سنورەکانیان دەپاراست.
پێشمەرگە لەبەرچی خۆی بەکوشت بدات و چۆن گیانفیدابێ کاتێک دەبینێ دەسەڵاتداران بوون بە فیرعەون و مناڵەکانیشیان بوون بەسەرۆکی پێشوەخت و شاهانە ژیان بەڕێدەکەن، پێشمەرگە لەباشترین کاتەکانیا تەنها مووچەکەی وەرەگرێ بەرامبەر ژیان بەخشین بەڵام بەپرسەکان لەژێر سایەی گیانفیدای ئەوانا بوون بەملیاردێرو بازرگانی چەک، دەرمان، نەوت، هێلکە، دووگ، جگەرە…..هتد
خەڵکێکی زۆر بەناچاری بوون بە پێشمەرگە کە ڕقیان لەشەڕو تفەنگ و گولە دەبێتەوە، ئەگەر حکومەتێکی کارزان هەبێ و هەلی کار بڕەخسێنێ، ئەوکاتە هەر کەسەو ئەوە دەکا کە دڵخوازی خۆیەتی و چەندین گەنج و بەتەمەنیش وەکو جاران دەبنەوە پێشمەرگەی وڵاتپارێز نەک بەکرێگیراوو کۆیلەی حزب.
حوکمداری:
بەرپرسەکان دەڵێن دیموکراسی دیسپلینی خۆی هەیە بەرەڵایی نیە، بەڵام ڕستەکە تەواوناکەن و ناڵێم ئاخر حوکمڕانیش دیسلپینی خۆی هەیە لەبەڕێوەبردن و دابینکردنی ئازادی، هەرکاتێ ئەو دیسپلینە لای حکومەت و دەسەڵاتدارەوە جێبەجێ نەکرا ئەوا ڕاستەوخۆ دیسپلینی دیموکراسی تێکدەچێ و خەڵکی بەناچاری و بەشیوازی جۆراوجۆر دەگەڕێن بەدوای ئازادی و مافی دەربڕیندا.
حوکمداری تاوان بەخشینەوە نیەو بەسیخوڕکردنی ڕەخنەگران و چالاکوانان نیە، هەروەکچۆن هەڵبەستن و لەکەدارکردنی ئەخلاقی خەڵکانێک نیە کە تەنها پرسیار بکەن و بڵێن (من این لک هژا)؟
حوکمداری دروستکردنی هێزی چەکداری بێشومارنیە لەژێ ناوی جیاوازدا، دابەشکردنی مووچەش نیە، هەروەکچۆن داگیرکردن و دروستکردنی چەندین باڵەخانەش نیە، پێشوازی کردن و خوانیش نیە.
حوکمدار نابێ ببێ بە موزەخەو پەمپی نەوت، تەنها کاری ڕاکێشانی سامانی ژێرزەوی بێت، دزی کردنیش نیە لە نەوەکانی داهاتوو بۆ پڕکردنی گیرفانی خێڵ و بنەماڵە و خێزان و تاکە کەس و مناڵی مناڵەکانیان.
حوکمداری دابینکردنی خزمەتگوازی، هەلی کار، خوێندن و بیمەی کۆمەڵایەتیە. دروستکردنی موئەسەسات و ژێرخانی ئابوری و پرۆژەی ستراتیژی و پاراستنی ژینگە و سامانی ژێر زەوی وڵاتە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
کاتێک حکومەتێک تەنها کارەکەی ئەوەبێ کە وەک قاسەیەک پارەی تێبچێ و دابەشی بکاتەوە، دروستکردنی ژێرخان و پرۆژەی هەر شارێک لەسەر بودجەی ناوخۆی خۆی بێت، ئەوا ئەو حکومەتە خودی خۆی بێکارەو دەبێ بەدوای هەلی کاردا بگەڕێت بۆ خودی خۆی یان خۆی ناونووس بکات لە فەرمانگەی دەستبەتاڵ و بێکاران