دەربارەی کۆچڕەویی، چەند سەرنجێک
جەواد خەلیل
3 ساڵ لەمەوپێش
جەواد خەلیل
1
سی ساڵ لەمەوپێش خەڵکی ئێمە ئاوارە بوون و کوردستانیان بە جێهێشت، ئەم هەڵهاتنە پێش هەموو شتێک هەڵهاتن بوو لەستەمی بەعس و هەڕەشەی قڕکردن، نەک کۆچێکی ئاسایی و هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی شێوازێکی نوێی ژیان. کۆڕەو هەنگاونان نەبوو بۆ چوونە نێو جیهانێکی نوێ، بەڵکو هەوڵ بوو بۆ مانەوە و دەستگرتن بەخراپترین دۆخەکانی ژیانەوە. کۆڕەو جێهێشتن نەبوو لەپێناوی گەیشتن بە بەهەشتی ئەوی دی و رزگاربوون لە دۆزەخی نیشتمان، بەڵکو تەقەلایەکی ئینسانیانەی ئێمە بوو بۆ دەربازبوون لەستەم. ئاخر ئەو دەمە هێشتا نیشتمان پیرۆزترین جێ بوو کە بەناچاری لێی دەرکرابووین و هەر دەبوو بگەڕاباینەوە بۆی، ئەو کاتانە نیشتمان هێشتا مۆنۆپۆڵنەکرابوو بۆ چەند بنەماڵەیەک و هەمووان بەهی خۆیانیان دەزانی!
2
ئێستا دوای سی ساڵ و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردییدا، جارێکی دی هەمان ئەو دیمەنانە دووبارە دەبنەوە و خەڵکێکی زۆر خاکی خۆیان جێدەهێڵن و رێی هەندەران دەگرنە بەرو پەراگەندەی وڵاتان دەبن، بەڵام ئاوارەبوونی ئەمجارە جیاوازترە لەئاوارەبوونەکانی پێشتر، ئاخر هەڵهاتنی ئەمجارە بە تەنها ترس نیە لەمەرگ و هەوڵ نیە بۆ مانەوە، بەڵکو دەرئەنجامی هوشیاربوونەوەی تاکی کوردو گەڕانە بە دوای ژیانێکی بەرزترو جوانتردا، ژیانێک کە بەرمەبنای کرانەوەی کۆمەڵگای کوردییە بەڕووی جیهانی دەرەوە و بینینی ئاستی گەشەی ژیارییانەی رۆژئاوا و بەراوردکردنێتی بەدواکەوتوویی ژینگەی ئێرە، ژیانێک بەرمەبنای ئەو روانینە باوەیە کە پێیوایە چیدی نیشتمان ئەو پیرۆزییەی پێشتری نەماوە و ئەو خاکە نیە کە دەبێ بگەڕێینەوە بۆی، بەڵکو بۆتە نیشتمانی دزو پیاوکوژان، بۆتە نیشتمانی سەرانی حزب و منداڵی بەرپرسەکان.
لەڕاستیشدا سەرانی حزبی کوردی هێندە رووقاییمانە نیشتمانیان کردۆتە موڵکی خۆیان، ئەوەندە ناشرین هەموو شتێکیان قۆرخکردووە، کە تەنانەت بەڕەوای نابینن نەک تەنها خەڵکە بێزارو ملنەدەرەکە، بەڵکو لایەنگرەکانیشیان بستێکی ئەم خاکە لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوان بەهی خۆیان بزانن.
3
خراپی دۆخی سیاسیی و نایەکسانیی و ناڕێکیی لە دابەشبوونی داهات و بەرفراوانبوونی پانتایی جیاوازییە چینایەتیەکان، بوونی حزب و سەرکردەی مشەخۆرو ڕێککەوتنی ژێربەژێر بۆ ڕووتاندنەوەی خەڵکی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و قۆرخکردنی جومگە سەرەکیەکانی ژیان لە لایەن هەردوو ماڵباتی تاڵەبانیی و بارزانییەوە، لەگرنگترین هۆکارەکانی کۆچڕەویی ئەم نەوە تازەیەی کوردن.
4
بێئومێد بوون لەهەبوونی رێگاچارە، لەهەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا، لەهەبوونی هێزێکی وا کە توانای تێکشکاندنی ستەمی یەکێتی و پارتی هەبێت و بتوانێت ببێت بەجێگرەوەیەکی باشی ئەم دوو هێزە دڕندەیە، کە لەیەککاتدا هەم شکۆ بۆ تاکی کورد بگەڕێنێتەوە و هەمیش ژیانێکی شایستە و ئازادانە و پڕ بەهای بۆ دابین بکات و دەرفەتی کارکردنی یەکسان و وەک یەک بۆ هەمووان بڕەخسێنێ. بێگومان کە هیچ هیوایەک نەما بۆ چاکبوونەوەی ئەم دۆخە، کۆچکردن و گۆڕینی شوێن دەبێتە خولیای زۆرینەو خەونی گەیشتن بەودیوی سنورەکان لەخەونێکی تاکەکەسییەوە دەبێتە خەونێکی دەستەجەمعی.
5
خاک و نیشتمان تا ئەو جێیە پیرۆزن، کە کەرامەتی مرۆییانەی تاکەکانی تیا پارێزراو بێت و زۆرینە تێیدا نەبنە قوربانی کەمینەیەکی خۆسەپێن و نەخوێندەوار، نیشتمان تا ئەو حەدە گرنگە کە لەبەرامبەر هەر ئەرکێکدا کە بەهاووڵاتی دەسپێرێت، مافێکیشی بۆ دانابێت! وەگەرنا جێهێشتنی نیشتمان دەبێتە ئەرک و خۆشویستنی دەبێتە خەیاڵپڵاویی. وەک چۆن «شێرکۆ بێکەس» لە شیعرێکیدا دەڵێت:
ئەی نیشتیمانی بێ گوێچکەم
تۆ ئەتەوێ هەر چیەک بی و
هەر چۆنێک بی، خۆشمبوێیت ؟!
بەفر بیت یان قوڕ و لیتەو
هەتاو بیت یان تەمومژو
تەپوتۆز بیت یاخود فەزایەکی بێ گەرد
هەر وەکو یەک تەماشاتکەم ؟!