شکاندنی سەروەری یاسا و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە شەری ناو مەکتەبەکەی سلێمانی ....
بهختیار شێخ عوسمان
3 ساڵ لەمەوپێش
بهختیار شێخ عوسمان
ئازار گەیشت بە هەستی هەموومان ، کاتێک جل سەربازیەکانمان بینی لە ناو مەکتەبێکی سلێمانی دا هەڵیانکوتایە سەر باوک و خوێندکارێک . دەستگیرکردنی تاوانباران ئاماژەیەکی باش بوو ، بەڵام کورت خایەن بوو ، تا ئەو کاتەی لە میدیاکانەوە بە سوڵحی عەشایەری کۆتاییان بە لێپرسینەوە لە تاوانباران هێنا .
دەسەڵاتی کوردی دیوەخان و عەشرەتگەریان زیندوو کردەوە ، بۆیە سوڵحی عەشایەری بۆڕی دادگا و یاسا و کۆی مەدەنیەتی دایەوە .
سزای دادگا بۆ سەروەری یاسا و سزای تاوانبارانە بۆ مەبەستی ڕێگە گرتن لە تاوان و لە دووبارەبوونەوەی تاوان ، بە پێچەوانەی سوڵحی عەشایری کە ڕێخۆشکەرە بۆ سوککردنی باری تاوانبار و ئاسایکردنی هەموو جۆرە تاوانێک . لە سایەی سوڵحی عەشایەریدا تاوانبار نە زیندان دەکرێت ، نە لێپرسینەوە دەبینێت ، بۆیە لە سایەی دەسەڵاتی پاشاگەردانی کوردیدا ، دەیان قوربانی دەستی یەک تاوانبار بوونی هەیە ، مەگەر پێشتر پۆلیسێکی هاتوچۆ قوربانی دەستی هەمان تاوانبار نەبوو .!؟
بێدەنگی لە پەردەپۆش کردنی تاوانی لەم جۆرە وقوتاربوونی تاوانباران ، لەلایەک مەترسی دارە و لەلایەک پوچەڵکردنەوەی گفتەکانی پاڤڵ تاڵەبانیە ، کە بۆ هەموو ڕوداوکان هەڕشەی سزادانی پەخش دەکرد .
بۆیە پێویستە :
۱/ داواکاری گشتی بە جدی کاری خۆی بکات و سەروەری بۆ یاسا و دادوەری بگەڕێنێتەوە .
۲/ دەستەی مافی مرۆڤ ڕۆڵی خۆی ببینێت و سەروەری بۆ
بنەماکانی مافی مرۆڤ بگەڕێنێتەوە .
۳/ ڕایکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فشار خۆیان بکەن بۆ ئەوەی دادگا و داواکاری گشتی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن .
٤/ وەزارەتی پەروەردە سکاڵای خۆی هەبێت ، لە بەرامبەر پێشێلکاری ، کە بەرامبەر حەرەمی پەروەردە کراوە .
٥/ وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتی سەنتەری ڕۆشنبیری عەشرەتەکان پوچەڵ بکاتەوە ، کە بوونەتە جۆرێکی تر لە دیوەخان لە ناو شارەکاندا .
بۆیە ئەگەر بەرامبەر ئەم تاوانە هەمەلایەنەیە ، ئیجرائاتی پێویست نەکرێت لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ، ئەوا کەمتەرخەمیان دەبێتە هۆکاری دووبارە و دەبارە بوونەوی هەمان جۆری تاوان .