من ترسم هه‌یه
دكتۆر سەباحی غالیب
3 ساڵ لەمەوپێش
دكتۆر سەباحی غالیب
ترسبوون له‌و شته ناشیرین و خراپانه‌ى ده‌وروبه‌رو فه‌رمانڕه‌وایه‌تى، ترسنۆکى نییه، ترسبوون لهچهکدارانى تایبه‌تى ئه‌م و ئه‌و یا له‌هێزى تفه‌نگ به‌ده‌ستانى حزب له‌هه‌ر شوێنێکى دواکه‌وتووى جیهان، دیسان ترسنۆکى نییه، ترسبوون له‌بێ قانوونى و بێ سه‌روبه‌رى، بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌و بۆ بهخۆداهاتنهوهیه، بۆ خۆ‌و خه‌ڵک پاراستنه. ترسبوون ئه‌وپه‌ڕى ئازایه‌تییه، بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و دیارده دزێوانه‌یه که‌خودا بیانبڕێ له‌هه‌رێم و له‌به‌شه داگیرکراوه‌کانى دیکه‌ى کوردستان زۆرن، بۆ به‌ربه‌ست و بنبه‌ستى کایه‌ى نه‌شاره‌زایان و نادڵسۆزانى کارگێڕى یا تێکده‌رانى ئاساییشى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه.
له‌بوارى کۆمه‌ڵایه‌تییدا، من ترسم هه‌یه له‌و خوشک و برایانه‌ى خوشکایهتى و برایه‌تى نافامن، له‌و خزمانهى گاڵته‌یان به‌که‌سایه‌تى و خزمایه‌تى دێ، له‌کاتێکدا که‌سایه‌تى و خزمایه‌تى و دۆستایه‌تى، دوو کۆڵه‌که‌ى سه‌ره‌کى خۆشبوون و ئاسووده‌یى و دڵنه‌وایى کۆمه‌ڵایه‌تى و ژیانن، بوونى ره‌گى قووڵى مرۆڤه‌کانن، مه‌یدانى خۆبهشتزانینى بێ خۆهه‌ڵکێشانن، مایه‌ى به‌ستنه‌وه‌و بنه‌ماڵه‌یى و ئاسووده‌یى و دڵنیایى و شانازین، ده‌مارى سه‌ره‌تایى هاوکێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و بناغه‌ى بوونى نه‌ته‌وه‌و وڵاتن، که‌ست نه‌بێ، خزمت نه‌یێ، دۆستت نه‌بێ، نه میلله‌ت ده‌بێ، نه وڵات ده‌رده‌که‌وێ.
ترسم هه‌یه، له‌و گه‌نجانه‌ى تاقیکردنه‌وه‌و زانیاری‌یان نییه‌و خۆیان بهپسپۆڕ ده‌زانن، له‌و نهزانانهى گه‌مه‌یان به‌زانا دێ، ترسم هه‌یه، له‌و سوپا زه‌به‌لاحه ئهلهکترۆنیى سۆشیال میدیایه که له‌ده‌وڵه‌تان و جوگرافییه جیاوازییه‌کانى جیهاندا، په‌یامێکى پیرۆزیان نییه، ته‌نیاو ته‌نیا مه‌به‌ستییان ئاژاوه‌گێڕى و تێکدانه، له‌ناوبردنى جوانییه‌کان و رشتنى تۆوى رق و کینه‌یه، داهێنانى جنێوى بێ سنوور‌و له‌ناوبردنى زمانى پاک و مێشکى جوانه، مه‌به‌ستیان بڵاوکردنه‌وه‌ى ژه‌هرى دڵ ره‌شى و بێ ئاواتى و له‌ناوبردنى به‌رچاوڕوونییه. ئه‌وانه لافاون، هه‌موو جوانییه‌کان راده‌ماڵن، ته‌ڕو وشک پێکه‌وه ده‌سووتێنن، هه‌موو چراکان ده‌کوژێننه‌وه. هه‌موو ئاوازه ناسکه‌کان و ده‌نگه سازه‌کان، کپ ده‌که‌ن و له‌ناویان ده‌به‌ن، ئه‌وانه هه‌ر رووخانیان له‌ده‌ست دێ، تێکده‌رى گەشهى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاسووده‌یى و ئاساییشن.
ترسم هه‌یه، له‌و نیوه مه‌لایانه‌ى بوونه‌ته به‌ڵا به‌سه‌ر موسڵمانان و شێواندنى تێگه‌یشتنه عه‌قڵانى و زگماکى و رسکاوه سروشتییه‌کانى ئیسلام. ترسم هه‌یه، له‌زۆرى مزگه‌وت و که‌مى ئیماندار. ترسم هه‌یه، له‌بیناى به‌رزى شاره‌کانى وڵاته‌که‌م و لهنزمى مرۆڤى کورد له‌کوردستان و له‌ده‌رەوه. ترسم هه‌یه، له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى که‌شکۆ بۆ مرۆڤـ و بۆ خه‌ڵک ناهێڵێته‌وه، بۆ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى که داگیرکه‌ران نه‌یانتوانى عیززه‌تى مرۆڤى کورد له‌ناوبه‌رن و تێکیبشکێنن، ئه‌مان زات بکه‌ن بیکه‌ن، پێیان وابێ بهسووکایهتى جه‌ماوه‌ر، بهبرسیکردنى خه‌ڵک، به‌بێ ئاوى و بێ کاره‌بایى، یا بێ مووچه‌یى و بهکهڵهگایى له‌هه‌موو بواره‌کانى ژیاندا، خۆیان گه‌وره ده‌بن! ئه‌وانه تا ئه‌وپه‌ڕى خه‌یاڵ، به‌هه‌ڵه‌داچوون.
ترسم له بێ هیوایى جه‌ماوه‌رى نه‌ته‌وه‌که‌م به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتداران هه‌یه که خودانه‌خواسته، رۆژێک وه‌ک داگیرکه‌ر، وه‌ک سته‌مکار رایانماڵێ. ترسم لهبهفیڕۆدانى کات و رۆژ و هه‌فته و مانگ هه‌یه که حکومه‌تى هه‌رێم بێ هیچ بیانوویه‌کى ره‌وا، بێ هیچ هۆکارێکى قانوونیى، کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى، ته‌نیاو ته‌نیا به‌ئاره‌زووى چه‌ند که‌سێک به‌ناوى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، له‌جیاتى هه‌فته‌یه‌ک پشووى ئه‌م سه‌رى ساڵه‌ى ئه‌مساڵ، له‌کۆتایى ساڵى ئایینده‌دا، مانگێک بکاته پشووى کریسمس و سه‌رى ساڵ و لهجانتاکانى سه‌فه‌ریاندا له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن و بیخه‌نه به‌رده‌م پاپاى فاتیکان و ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌وروپاو ئه‌مریکا، تا بزانن ئه‌مان لهمهلیک مه‌لیکی ترن، کوچکى خۆیان له ئاگرى ئه‌وان گه‌رمتره.
ترسم لە له‌ده‌ستدانى کات و ده‌رفه‌ت هه‌یه، چونکه کات له‌هه‌رێم نه ئیش‌کردن و پاره‌یه، نه ره‌نج و نه به‌رهه‌م و مانه‌وه‌یه. کات لاى ئێمه، بێ سه‌رده‌مه، هه‌ر رابردووى بێ له‌سه‌ر راوه‌ستان و بێ به‌هره‌یه، هه‌ر رابووردووى بێ فێربوونه یا هه‌ر ئێستاى کهیلى خۆپه‌رستى و به‌رژه‌وه‌ندییه، هه‌ر بێ خه‌مى بۆ خۆیان و ئازاربهخشینهوهى کۆمه‌ڵایه‌تییه.
ترسم هه‌یه له‌وه‌ى حزب لاى حزبییه‌کان، نه کوردییه، نه کوردستانییه، هه‌ر بۆ رێکخستنى حزبى عێراقى، ئێرانى، سوریایى و تورکى، به‌رده‌بازو پردهبازى یه‌کڕیزییه. ترسم هه‌یه که (کورد!) بۆ بێگانه پاشادروستکهره، بۆ خۆشمان خۆڵ به‌سه‌رداکردن و چاوکوێرییه.
ترسم لهجیهانگیرى «عه‌وله‌مه«یه، که بۆ نه‌ته‌وه‌ى دواکه‌وتووى کورد که هه‌موو شتێکى لهگرێژهنهچووه، بێ ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوپێ سپى له‌به‌رامبه‌ر هێرشى بێ به‌زه‌یى ته‌کنۆلۆژیاى بێ سنوورى عه‌وله‌مه‌دا دۆشداماوه، یا له‌گه‌ڵ لافاوه‌که‌یدا ده‌ڕوا، یا وه‌ک کوردستان سنوورى نییه، واى لێهاتووه کوردیش بێ سنوورى گیانى کوردبوون بێ، بێ چراى ئیسلامه‌تى و بێ پیرۆزى کو‌لتوور، بێ زمان و بێ مێژوو، بێ هه‌ستى پێبه‌ندبوون، بێ جوگرافیا بمێنێته‌وه. ترسم هه‌یه، له سهقهتکردنى زمانى ئاخاوتن و نووسین، له نه‌هێشتنى گیانى برایه‌تى، له لێنه‌بوردن، له‌توندو تیژى، له قه‌رزدارى گێچهڵکهرى خۆپه‌رست و قه‌رزکوێر، له‌نه‌مانى راستگۆیى و لهبارکردنى ئازایه‌تیى مرۆڤدۆستى، له بهسهرنهکردنهوهى پیاوى جوامێر‌و پیرو دارا و گه‌وره‌ى دوێنێ، له به‌خشینه‌وه‌ى منه‌تى نوێژکردنى فاسق و له عاشقى درۆزن، له خۆههڵکێشانى ناکه‌س به‌چه‌و بێ ره‌گى کۆمه‌ڵایه‌تى دوێنێ. ترسم هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکى نوێى په‌رله‌مانى عێراق و له‌دواى هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکى تازه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان، حزبه‌کان له‌کوردستان، بێ ره‌چاوکردنى دۆزى کورد‌و بێ چوارچێوه گرتنى به‌رژه‌وه‌ندى کوردستان، له‌سه‌ر پله‌و پایه درزیان تێکه‌وێ و نه‌زانن و نه‌توانن که‌سێکى شیاو بۆ قهرمانگاکان بدۆزنه‌وه، نه‌توانن کێچه‌ڵ به یه‌ک نه‌که‌ن.
خۆزیا، کاربه‌ده‌ستانى هه‌رێم و کاربه‌ده‌ستانى حزبه‌کان نیو هێنده‌ى من ترسیان لێبنیشێ، به‌ڵکو بیرێک بکه‌نه‌وه، هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ن، چاوچنۆکى خۆیان نه‌هێڵن، رقبوونهوهیان له یه‌کدى کۆتایى بێنن، وه‌ک کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تان و سیاسه‌تمه‌دارانى ده‌وڵه‌تدار و حکومه‌تدار، دوور له تاپۆکردنى ده‌سه‌ڵاتى که‌سێتى، بنه‌ماڵه‌یى و ناوچه‌یى، تۆزێک بۆ چاره‌نووسى نه‌ته‌وه و خاکێکى دابهشکراومان راچڵهکێن و بهخۆدابێنهوه، تێبگه‌ن نه ده‌سه‌ڵات، نه سامان و نه هێزى چه‌کدار، نه ساڵانى زۆرى ده‌سه‌ڵاتدارى، نایانکا به دڵسۆز‌و به شاره‌زا، یا به‌سیاسه‌تمه‌دار و به‌ناودار، حه‌قه له‌تاقیکردنه‌وه‌ى خۆیان فێرى ئه‌وه بن که‌هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێکى کورد، دواى نه‌مانى پله‌و کاره‌کانیان وه‌ک بڵقى سه‌ر ئاو بێ ناونیشان و بێ سه‌نگ و ده‌نگ، له هه‌موو شتێک ده‌که‌ون.
ترسم هه‌یه له‌زۆر شت و گه‌لێک دیمه‌ن و له بڵاوبوونه‌وه‌ى فره دیارده‌ى دزێو. ترسم هه‌یه، له‌و ترسانه‌ى ناتوانم بیانبژێرم، له‌و ترسانه‌ى ناتوانم ناویانبێنم، له‌و دهستدرێژانهى ناتوانم کورتیان که‌مه‌وه، له‌و تاڵانچییانهى هیچیان نه‌هێشت، له‌و سیاسیانه‌ى له سیاسه‌ت نازانن، له‌و حزبیانه‌ى بۆ خۆیان حزبایه‌تى ده‌که‌ن و بارێک منه‌ت و شانازییش ده‌به‌خشنه‌وه، ده‌ترسم له‌و بێ ریش و کۆسانهى بهڕیشى باو‌و باپیریانه‌وه خۆههڵدهکێشن، ترسم هه‌یه و ناتوانم گشت ترسه‌کانم بژمێرم و دهریانبڕم یا بیاننووسم.